نێودەوڵەتی

ڕووسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرێت

شکۆی کوردستان-

ڕووسیا کە بەهۆی لەشکرکێشی و داگیرکردنی بەشێک لە ئۆکرانیا لەلایەن ڕۆژئاواوە ڕووبەڕووی سزای بەرفراوان بووەتەوە، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ مانگی چوار گرتە ئەستۆ.

هەریەک لە 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش بە خول و بۆ ماوەی یەک مانگ سەرۆکایەتی ئەو دەزگایە دەکات. ئەمەریکا، ڕووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشن.

دیمیترۆ کولبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا سەبارەت بەم هەواڵە گوتی “ئەمە خراپترین گاڵتەپێکردنی ساڵە لە جیهاندا.”

بە گوتەی ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی ئۆکرانیا “وڵاتێک کە بە شێوەیەکی سیستماتیک هەموو یاسا سەرەتاییەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشێل دەکات، سەرۆکایەتی دامەزراوەیەک دەکات کە تاکە ئەرکی دەستەبەرکردن و پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە”.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئۆکرانیا بە ئاماژەدان بەوەی کە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، ڕووسیا بەبێ هیچ دەنگدانێک کورسییەکی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش بەدەستهێناوە، ڕایگەیاند کە ڕووسیا مافی ئەوەی نییە کورسییەکی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا هەبێت.

بەڵام میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکردنی هەر یەک لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش زۆر قورس کردووە، چونکە ئەم پێنج ئەندامە مافی ڤیتۆیان هەیە و دەتوانن هەموو ڕێگا یاساییەکان لە دژی کارێکی لەو شێوەیە بگرنەبەر.

دوایین جار کە ڕووسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستەوە بوو لە مانگی دووی ساڵی 2022 بوو کە لەشکرکێشی تەواوەتی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close