نێودەوڵەتی

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعودییه‌ به‌گه‌شبینییه‌وه‌ باسی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات

شكۆی كوردستان-

وەزیری دەرەوەی سعودیە رەخنە لە ئێران دەگرێت لە بەرامبەر پەرەدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی و دەڵێت، ئەو کارەی تاران جیهانی خستووەتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە.

فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن دی سی، داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد تەواوی ئەو چالاکییە ئەتۆمییانەی وڵاتەکەیان رابگرن کە بە گوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 رێگەپێنەدراون.

وەزیری دەرەوەی سعودیە ئاماژەی بەوەشکرد کە گرنگە دانوستاندنەکانی تایبەت بە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە.

فەیسەڵ فەرحان گوتی: “پێموایە ئێمە لە شوێنێکی پڕ مەترسیداین. ئەو راستیەی کە ئێمە بەردەوام زیادبوونی ئەو چالاکیانە دەبینین دەبێتەهۆی ئەوەی بایەخی رێککەوتنی ئەتۆمی کەمبێتەوە”.

ئیبراهیم رەئیسی لە مانگی حوزەیراندا وەک سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا و لە مانگی ئابیشدا سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکاربوو. رەئیسی تاوەکو ئێستا ئامادە نییە حکومەتەکەی لەگەڵ وڵاتانی بەشداربووی رێککەوتنی ئەتۆمی دەست بە دانوستاندن بکاتەوە بە مەبەستی زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە.

وەزیری دەرەوەی سعودیە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و تارانیش قسەی کرد و رایگەیاند، لەگەڵ ئێران دەستیان بە دیالۆگ کردووە، بەڵام ئەو دیالۆگە نەگەیشتووەتە ئاستێک کە “بتوانین بڵێین پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە”.

هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئەو پرسیارە لە وەزیری دەرەوەی سعودیە کرا کە ئایا ریاز ئامادەیە رێگە بە تاران بدات کۆنسوڵگەری لە شاری جیدە بکاتەوە؟ فەیسەڵ فەرحان ئامادەنەبوو لەو بارەوە هیچ قسەیەک بکات.

لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران باش نەبوون، بەڵام لە ساڵی 2016دا ریاز پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاند، ئەوەش دوای کاردانەوەکانی تایبەت بە لەسێدارەدانی کەسایەتییەکی دیاری شیعە لە سعودیە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close