Uncategorized

هێزی پێشمەرگە بەرەو پەلکانە جوڵەی پێکرا

شکۆی کوردستان-

دوای ئاڵۆزییەکانی دوێنێی گوندی پەلکانە، ئەمڕۆ هێزێکی پێشمەرگە بەرەو گوندەکە جووڵەی پێکرا، فەرماندەی هێزەکە دەڵێت، بۆ پاراستنی هاونیشتمانییان دەچنە ئەوێ.

رۆژی شەممە 22ی نیسانی 2023، نووری حەمەعەلی، فەرماندەی میحوەری 5ی رۆژئاوای کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هێزێکی پێشمەرگەیان بەرەو گوندی پەلکانە جووڵە پێکردووە.

فەرماندەی میحوەری 5ی رۆژئاوای کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە وتیشی، هێزەکە بۆ پاراستنی هاونیشتمانییان جووڵەی پێکراوە کە لەوێ رووبەڕووی “ستەم” دەبنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێزی پێشمەرگە نەچووەتە گوندەکەوە و رەنگە لە نزیکی گوندەکە جێگیر بکرێن. نووری حەمە عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، “لەگەڵ هێزە عێراقییەکان لەسەر هێڵین بۆئەوەی هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک روونەدات.”

جووڵاندنی پێشمەرگە بۆ پەلکانە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان عەرەبی هاوردە و هاونیشتمانییانی ئەو گوندە دروستبوو.

لەبارەی ئاڵۆزی و شەڕەکەوە، دوێنێ عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شەڕەکەدا سێ کەس بریندار بوون و لە نەخۆشخانە دەستبەسەرن.

عەبدولموتەلیب نەجمەدین گوتیشی، کاژێر 06:00ی ئێوارە شەڕەکە دروستبووە، کاتێک چەند گەنجێکی کورد لەنێو بازاڕدا وەستاون و لەگەڵ ئەو عەرەبانەی لەوێ نیشتەجێن دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوانیاندا دروستبووە. گوتیشی، “عەرەبەکان رۆیشتوون و دواتر بە خەڵکی زیاترەوە گەڕاونەتەوە؛ خەریک بوو شەڕەکە تەشەنە بسێنێت، بەڵام سوپای عێراق لە دۆخەکە ئاگادار کرانەوە و لەگەڵ پۆلیسدا دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد، ئێستا دۆخەکە بە تەواوی ئارام بووەتەوە.”

گوندی پەلکانە دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکووک و سەر بە شارۆچکەی سەرگەڕانە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close