نێودەوڵەتی

ئه‌مریكاش هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر راگه‌یاند

شكۆی كوردستان-

کۆنسوڵخانەی ئەمریکا، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر دەکات و رایدەگەیێنێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە پابەندبوون بە پشتیوانیکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی یەکشەممە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاندووە: “بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا”.

کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دەڵێت “ئەم هێرشە بەردەوامانە هەڕەشەن بۆ سەروەری و سەقامگیریی عێراق. پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە لێکۆڵینەوەکانی بۆ دەستنیشانکردنی بەرپرسیارانی هێرشەکە”.

لە راگەیێندراوەکەدا کۆنسوڵخانەی ئەمریکا هەروەها رایدەگەیێنێت: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە پابەندبوونی بە پشتیوانیکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستن و گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری”.

ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، شەوی رابردوو بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرایە ئامانج و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتوونەتەوە.

وەین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە تویتەر نووسیویەتی، نزیکەی کاژێر 11:43 خولەکی شەوی 11ی ئەیلوول، هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج و هێزی هاوپەیمان هەردوو فڕۆکەکانی خستنەخوارەوە.

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەش، “یەکێک لە فڕۆکە تێکشکێندراوەکان کەوتە نێو سنووری بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فڕۆکەکەی دیکەش کەوتە دەرەوەی سنووری بنکەکەوە و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتووەتەوە”.

واین مارۆتۆ راشیگەیاند، هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەر حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان، دەسەڵاتی دامەزراوە عێراقییەکان، “سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانیی عێراق لەناودەبات”. هەروەها دەشڵێت، ئەو هێرشانە ژیانی خەڵکی سیڤیل، هێزە هاوبەشەکانمان لە سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەخەنە مەترسییەوە.

هەروەها لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، “هێرشەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجام دراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close