نێودەوڵەتیکوردستانی

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی بۆمبارانه‌كه‌ی توركیا له‌زاخۆ كۆده‌بێته‌وه‌

شكۆی كوردستان-

ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی تۆپبارانەکەی توركیا له‌ زاخۆ ئەنجامدەدات.

دیپلۆماتێک کە نەیوەستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە میدیای فەرمی عێراقی وتووە، “لەسەر داواکاریی عێراق، ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممەی داهاتووی بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر دوژمنکاریی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق دیاریکرد.”

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تۆمەتی تۆپبارانکردنی گوندی پەرەخ کە بووە هۆی کوژرانی 9 کەس و برینداربوونی 26ـی دیکە، سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکردووە.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی داوای کرد لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ لە تۆپبارانەکە بکرێت.

تۆپبارانە کارەساتبارەکەی رۆژی چوارشەممە، ناڕەزایی توندی نێوخۆی، هەرێمی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە، لە نێویشیاندا وێڕای سەرکۆنەکردن، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و بەریتانیا داوای لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە کرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەمان رۆژی تۆپبارانەکە لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە ئەو هێرشەی ئەنجامدابێت و داوای لە عێراق کرد “هاوئاهەنگیی” لەگەڵدا بکات بۆ ئەوەی لە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە رووداوەکە بکەن.

بەڵام ئەمڕۆ، شەممە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق به‌میدیاكانی نزیك له‌پارتی راگه‌یاند کە شارەزایانی سەربازیی عێراقی کە لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە هێرشەکە لە رێگەی تۆپی 155 ملیمییەوە کراوە کە لە لایەن سوپای تورکیاوە بەکاردەهێنرێت، گوتیشی “بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەست من گەیشتووە ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج پەکەکەی لێ نەبووە.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close