نێودەوڵەتیکوردستانی

بریتانیا پێنج هه‌زار پارچه‌ى شوێنه‌وارى مێژوویى بۆ عێراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆى كوردستان-

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: حکومەتی بریتانیا پێنج هه‌زار پارچەی مێژوویی دزراوی عێراقیان بۆ دەگەڕێنێتەوە.

ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه‌، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق له‌ لەندەنی پایتەختی بریتانیایه‌، دواتریش لە سەردانێکیدا بۆ مۆزەخانەی بریتان، ڕایگه‌یاند: بریتانیا بڕیاری داوە پارچە مێژووییەکان بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە،ـ به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌واریانه‌ بۆ عێراق ده‌كه‌وێته‌ ساڵى داهاتوو.

یەکێک لە پارچە گەڕێنراوەکان پارچەیەکی سەردەمی سۆمەرییەکانە کە مێژووەکەی بۆ چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە کە شارەزایانی مۆزەخانەکە مانگی ئایاری 2019 لە دەڵاڵێکی ئۆنلاینیان کڕیووە. ئەوەش بەردە قسڵێکە کە لەسەری هەڵکۆڵراوە و باوەڕ وایە لە پەرستگەیەکی عێراق برابێت کە ئەو وڵاتە لە جەنگەکانی کەنداو و ساڵی 2003ـدا تاڵانیی زۆری تێدا کرا.

لە سەردەمی هێرشی ئەمریکادا بۆ سەر عێراق هەزاران کەلوپەلی ئەنتیکەی مۆزەخانەکانی عێراق بە تاڵان بران. هەروەها کە ساڵی 2003 مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا تاڵان کرا، زیاتر لە 15 هەزار کەلوپەلی دیکەی دێرین و مێژوویی دیار نەمان.

عێراق دەستی کردووە بە گەڕاندنەوەی هەندێک لە گەنجینە ونبووەکەی. مانگی حوزەیرانی 2019 مۆزەخانەی بەریتانیا یارمەتیدەر بوو لە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 150 پارچەی مێژوویی دزراو بۆ عێراق و ئەفغانستان کە یەکێکیان نووسراوێکی بزماریی دێرینی دووئاوانی (مێزۆپۆتامیایی) بوو.

هەروەها پارچە مێژووییە دزراوەکانی عێراق گەیشتوونەتە ئەمریکایش. ساڵی 2018 دامەزراوەی هونەر و ئەنتیکەی هۆبی لۆبیی ئەمریکی سێ ملیۆن دۆلار غەرامەی دا و قایل بوو کە سێ هەزار و 800 پارچەی مێژوویی دزراو بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close