نێودەوڵەتی

دوای هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان، لیرەی تورکی هاڕەی کردووە

شکۆی کوردستان-

نرخی لیرەی تورکی ڕۆژی پێنجشەممە 1ی مانگی شەش، نزمترین ئاستی خۆی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکا تۆمار دەکات و هەر دۆلارێک بە 22.95 لیرە مامەڵەی پێدەکرێت.

دابەزینی بەرچاوی دراوی نیشتمانی تورکیا لە کاتێکدایە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، خەریکی ئامادەکارییە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و ئاراستەی سیاسەتی ئابووری وڵاتەکە.

چوار بەرپرسی باڵای تورکیا ڕایانگەیاندووە کە مەحمەد شیمشێک، بەرپرسی پێشووی کاروباری ئابووری کە لە نێو بازاڕە داراییەکانی تورکیا ناسراوە، بە دڵنیاییەوە لە کابینەی نوێی حکومەتی ئەردۆغاندا، یان وەک وەزیری دارایی دەستنیشان دەکرێت یان وەک جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا.

بەشێک لە بەرپرسانی دارایی لە تورکیا پێشبینی ئەوە دەکەن ئەردۆغان بە تێگەیشتن لە ئەنجامە خراپەکانی بڕیارە داراییەکانی پێشووی، سیاسەتێکی جیاوازتر لە بواری دارایی و بانکی لە قۆناغی نوێی سەرکردایەتییەکەیدا بگرێتە بەر.

بە گوتەی شارەزایان، پێدەچێت پێدانی پێگەیەکی گرنگ بە مەحمەد شیمشێک ئاماژە بێت بۆ لادان و دەستبەرداربوونی ئەردۆغان لە سیاسەتی پێشووی لە بواری ئابووریدا.

بناغەی سیاسەتی ئابووری ئەردۆغان، کەمکردنەوەی ڕێژەی قازانجی بانکی بوو، ئەمەش لە کاتێکدا کە ڕێژەی هەڵاوسان لە تورکیا لە ئاستێکی بەرزدا بووە و هەیە.

لە لایەکی دیکەوە هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژرادنەکاندا هاندەرە بۆ ئەوەی سەرۆکی تورکیا زیاتر درێژە بە سیاسەتە سیاسی و ئابوورییەکانی پێشووی بدات، چونکە سەرەڕای دەرئەنجامە خراپەکانی بڕیارە داراییەکانی لەسەر ژیانی خەڵکەکەی، بەڵام هێشتا زیاتر 52٪ دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەهای لیرەی تورکی لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە بەرەو دابەزین دەڕوات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەردۆغان بەهۆکاری ئایینی، ڕێگری لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانجی بانکی کرد.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close