شکۆی کوردستان-
بریكاری وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ توركیا بۆ تاوتوێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كۆدەبنەوە، توركیاش دەیەوێت ڕێككەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.
لە ٢٥ی مانگی ئاداری ڕابردووەوە و دوای بڕیارەكەی دادگای نێوبژیوانی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە، هەرچەندە چەندینجار وادی هەناردەکردنەوەی ڕاگەیەندراوە، بەڵام تائێستا تورکیا ڕێگرە لە هەناردەکردنەوەی.
باسم محەمەد عەبادی، بریكاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ كاروباری دەرهێنان بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، ڕێككەوتن لەگەڵ توركیا كراوە ڕۆژی ١٩ـی ئەم مانگە لە بەغدا كۆببنەوە بۆ تاوتوێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركی.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە ماوەكانی ڕابردوودا هەردوولا گفتوگۆیان كردووە، بۆ ئەوەی پابەندی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بن لە زووترین كاتدا و وتی: دواكەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆری گواستنەوەی نەوت كاری چاككردنەوە و پشكنینی تیادا دەكرێت.
ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی، لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە ڕۆژانە دەست بە هەناردەكردنەوەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بكات.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، كە سەرەتای ئەم هەفتەیە پەسەندكرا، پێویستە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عێراق بكات تا لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە بكرێت، ئەگەر نەتوانرا هەناردەی دەرەوە بكرێت بۆ پێداویستیی ناوخۆیی بەكاردەهێنرێت.
ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ لەسەر سكاڵای عێراق لە دژی توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك ڕاگیرا، توركیاش ڕایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت، بۆیە تائێستاش هەناردەكردن دەستی پێنەكردووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی عێراق هەوڵەكانی خستووەتە گڕ بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام تائێستا توركیا نەچووتە ژێر داوای عێراق بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و مەرجی هەیە.
بەپێی زانیارییەكان، توركیا دەیەوێت، ڕێككەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان توركیا و هەرێم بەسەر عێراقدا بسەپێنێت و ئەو قازانجە گەورەیەی لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمدا دەستی دەكەوت بەردەوام بێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، عێراق ئەو مەرجەی توركیای ڕەتكردووەتەوە و ئامادەیە تەنها كرێی گواستنەوە بدات، ئەمەش هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی دواخستووە.