شکۆی کوردستان-
قۆناغێکی گرنگی پڕۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەر تەواو دەکرێت
وەزیری ئاوەدانکردنەوە: لەگەڵ ئامادەکردنی ھەر قۆناغێکی دیزاین جێبەجێکردنیشی دەستپێدەکەین
رۆژی دوشەممە 11/9/2023 ، لە رێورەسمێکدا کە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەچو، بەسەرپەرشتی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەهای ئابوری (feasibility study) بۆ پڕۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان راگەیەنرا.
لە وتارێکیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پڕۆژەکەی بە ستراتیژی و گرنگ بۆ ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە ناوبردو رایگەیاند؛ دوای تەواوبونی ئەم قۆناغە ھیوادارین لەنزیکترین دەرفەتدا دەستبکەین بە قۆناغی دیزاینی پڕۆژەکە، بەپێی ئەو بەرنامەیەش کە دامانناوە لەگەڵ ھەر قۆناغێکی دیزایندا، جێبەجێکردنی ئەو قۆناغەش دەست پێدەکەین و چاوەڕێ ناکەین تاوەکو ھەمو دیزاینەکە تەواو دەبێت.
ھەروەک ئاماژەی بەگرنگی پڕۆژەکەش کرد بۆ تەواوی ناوچەکەو رایگەیاند؛ ئەم پڕۆژەیە کاریگەری بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێش دەبێت و ھەردو خاڵی سنوری ئیبراھیم خەلیل و پەروێزخان پێکەوە دەبەستێتەوە، ھەروەھا لە رێی کەرکوک موسڵیشەوە بە ناوچەکانی تری عێراقەوە دەبەسترێتەوەو ھیوادارین ببێتە رێگایەکی بازرگانی و سود بەھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بگەیەنێت.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەشکرد، وەک حکومەتی ھەرێم و وەزارەتیش ھەر لە سەرەتاوە بە گرنگی و جدیەوە کارمان لەسەر ئەم پڕۆژەیە کردوە، تەواو بونی ئەم قۆناغەی پرۆژەکەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە.
ھەر لە رێورەسمەکەدا کە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و بریکاری وەزارەت بۆ رێگاوبان و بریکاری وەزارەت بۆ نیشتەجێکردن و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و ژمارەیەک لە ئەندازیاران ئامادەبون، باڵیۆزی ئیسپانیا وتارێکی پێشکەشکردو پڕۆژەکەی بە گرنگ و پڕ بایەخ ناوبرد.
لە کۆتاییشدا، کۆمپانیای (کۆنسوڵ ترانس)ی ئیسپانی کە جێبەجێکاری قۆناغی کەڵکی ئابوری (feasibility study) پڕۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەرە لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە کارەکانیان و ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کردو بە پرسیار و گفتوگۆکردنی ئامادەبوان کۆتایی بە رێورەسمەکە ھات.