شکۆی کوردستان-
سبەینێ دوایین وادەیە، ئێران سوورە لەسەر چەكداماڵینی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات، پێشمەرگەكانی كۆمەڵەو دیموكرات لە سنوورەكانی هەڵگوردو سیدەكان پاشەكشەیان پێكراوە، كۆمەڵە لە زڕگوێز و پارتی ئازادی كوردستان لە پردێ چەككراون.
ئەمڕۆ ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەبێت “حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی” ئێران چەك بكرێن، بەشێكی زۆری رێككەوتنەكەمان لەگەڵ عێراق جێبەجێكراوەو دەبێت رێككەوتنەكە وەك خۆی و بەتەواوی جێبەجێبكرێت.
سبەینێ دواوادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان عێراق و ئێرانە، ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەیشتە هەولێر
بۆ بەدواداچوونی رێكارەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان عێراق و ئێران.
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش هەریەك لە یەكێتی و پارتی لە سنوری خۆیان چەند رێوشوێنێكیان گرتووەتەبەر بەرامبەر بە هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات.
لە سنوری یەكێتی، بەبیانووی كێشە ناوخۆییەكانی كۆمەڵەوە لە زڕگوێز پێشتر پێشمەرگەكانی كۆمەڵە لە زڕگوێز چەككران و ئێستا بێچەكن و هێزی ئەمنی لە ناوچەكە جێگیركراوە، لە كۆیەش بەشێك لە قەڵاو كەمپەكانی دیموكرات چۆڵكراون.
لە سنوری پارتیش، پێشمەرگەكانی پارتی ئازادی كوردستان بەسەرۆكایەتی حسێن یەزدان پەنا، لە ناوچەی پردێ بەشێكیان چەككران و هێزە ئەمنییەكان چوونەتە شوێنەكانیان.
لە سنوری هەڵگورد و سیدەكانیش كە پێشمەرگەكانی كۆمەڵەو دیموكرات لەو ناوچەیەن، چەند رۆژێكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سنورەكە (پارتی)یەوە ئاگاداركراونەتەوە كە دەبێت ناوچەكە چۆڵبكەن، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پێشمەرگەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە سنوری چیای هەڵگورد و پێشمەرگەكانی دیموكرات لە سنوری سیدەكان، ناوچەكەیان چۆڵكردووەو پاشەكشەیان كردووە، تەنیانەت كۆچەرییەكانی ئەو ناوچەیەش ئاگاداركراونەتەوە كە دەبێـت ئەو ناوچەیە چۆڵبكەن، بۆیە لە دوێنێوە كۆچەرییەكان ئەو ناوچەیەیان چۆڵكردووەو پاشەكشەیان كردووە، لەبەرئەوەی لە سنوری ئێران (پیران شارو شنۆ) سوپای پاسداران هێزێكی زۆری كۆكردووەتەوە.
ئێران سوورە لەسەر چەككردن یان خستنە كەمپی هێزەكانی رۆژهەڵات، یاخود دەركردنیان لە عێراق، بەڵام حكومەتی عێراق و هەرێمیش دەیانەوێت بە گرتنە بەری چەند رێوشوێنێك قەناعەت بە ئێران بهێنن و كۆتایی بە هەڕەشەو جوڵەی هێز بهێنێت كە چەند جارێك بەرپرسانی ئەو وڵاتە جەختیان لەسەر كردووەتەوە كە ئەوانیش هاوشێوەی توركیا هێز بۆناوخاكی هەرێم لە دژی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەجوڵێنن.