کوردستانی

ئەگەر هەرێم پەیوەست بێت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە دوو پارێزگار لەپۆستەکانیان لادەبرێن

شکۆی کوردستان-

ئەگەر هەرێمی كوردستان پەیوەست بێت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوەو جێبەجێی بكات، ئەوا دەبێت ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك لە پۆستەكانیان لاببرێن، لەبەر ئەوی پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبوون یان لەكاتی درێژكردنەوەدا كراون بە پارێزگار.
بە پێی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق، یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵدەوەشێتەوە كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە.
بە پێی یاساكەی پەرلەمانی كوردستان كە لەلایەن ڤالا فەرید سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستانەوە واژۆكراوە، لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تا خولی داهاتووی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی پارێزگاریش هەمواركرایەوە.
بڕگەی یەكەم لە مادەی شەشەمی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەمواركراوەتەوەو ئەو بڕگەیەی بۆ زیادكراوە كە دەڵێت ” هەڵبژاردنی پارێزگار لە دەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەن یان لەناو ئەندامانی ئەنجومەنی بە زۆرینەی رەها دەبێت”.
بەپێی یاسای پارێزگاكان پێش هەموارەكە تەنیا ئەو كەسانە مافی ئەوەیان هەبوو ببنە پارێزگار كە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگابوون، بەڵام لە هەموارەكەدا كە دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندووەتەوە، دەتوانرێت لەدەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگاش كەسێك بۆ پارێزگار هەڵبژێردرێت.
خۆ ئەگەر هەموو یاساكەش هەڵنەوەشێنێتەوەو تەنیا بڕگەی درێژكردنەوە (تەمدید) هەڵبوەشێتەوە بە پێی بڕیارەكەی دادگا ئەوا هەر دەبێت پارێزگاری هەولێرو دهۆك لاببرێن، چونكە لە كاتی درێژكردنەوەدا بوونەتە پارێزگار و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبوون.
بۆیە ئەگەر هەرێمی كوردستان پەیوەست بێـت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوە ئەوا دەبێت ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك لە پۆستەكانیان لاببرێن.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close