نێودەوڵەتی

حه‌لبوسی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی كوتله‌كه‌ی سه‌دری په‌سه‌ندكرد

شكۆی كوردستان-

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی کرد دەستلەکارکێشانەوەکەیان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر نوسیبویان، پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن، ئەمشەو محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی سەدری پەسەندکرد.

سەرۆکی پەرلەمان واژۆ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر دەکات

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق بڵاویکردوەتەوە،  حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەردەکەوێت، ڤیدیۆکە ئەمشەو تۆمارکراوە و تیایدا دەردەکەوێت کە سەرۆکی پەرلەمان واژۆ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر دەکات.

داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارەکانمان پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان بکەن

ئەوەش لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ فراکسیۆنی سەدر “وێڕای سوپاسم بۆ ئەو کارانەی لەو ماوە کەمەدا ئەنجامتانداوە، بەڵام داوا لە حەسەن غەزاری سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر دەکەین، داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارەکانمان پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان بکات”.

ئەم هەنگاوە قوربانیدانە لە منەوە لەپێناو گەل و نیشتیمان

ئاماژەی بەوەشکردوە،” ئەم هەنگاوە قوربانیدانە لە منەوە لەپێناو گەل و نیشتیمان و رزگاربونیان لە چارەنوسێکی نادیار کە پێشتر قوربانیمان بۆ دابو لەپێناو ئازادی عێراق و سەروەری و ئاسایش و سەرفرازی و  سەربەخۆییەکەی”.

چەقبەستویی سیاسی بەمەبەست دروستکراوە

ئەم پەیامەی سەدر لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردو لە پەیامێکدا هۆشداری دایە لایەنەکان و وتی، چەقبەستویی سیاسی بەمەبەست دروستکراوە، رەوتەکەشی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان زۆرینەن لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، بۆیە بڕیاریداوە ناچێتەناو حکومەتی سازانەوە کە هەمو لایەنەکان تیایدا بەشداربن و داوای لە هەر 73 پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی سەدر کرد نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان ئامادەبکەن.  

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close