دیمانە و ڕاپۆرتکوردستانی

چالاکوان هیوا رەشید لەدیمانەیەکی تایبەتدا باس لە مەترسیەکانی بەردەم گەنجان و ئایندەی هەرێم دەکات

شکۆی کوردستان-

دیمانە: هاوژین شوکر

چالاکوان هیوا ڕەشید لە دیمانەیەکی تایبەتدا باسی لە مەرسییەکانی بەردەم گەنجان و ئایندەی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند :
دەسەڵات هەمیشە ئامانجی ئەوە بووە گەنجی نەخوێندەوار و ناشارەزا بەرهەم بێنێت
لەدیمانەیەکی تایبەتدا چاڵاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی و وڵاتپارێز ( هیوا ڕەشید) باس لەپرسی گەنج و ژن دەکات و پێیوایە دەسەڵات گەنجی هۆشیارو ڕۆشنبیری ناوێ چونکە دەزانێ ئەمجۆرە توێژە قەبولی ئەو دەسەڵاتە مافیاگەرییە ناکات، هەروەها دەڵێت “ هەندێ لەگەنجانمان لەبەر بێکاری پەنایان بردۆتە بەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کەئەمەش مەترسیەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگاکەمان”.
بارودۆخی گەنج و ژن چۆن دەبینی ؟
هیوا ڕەشید: گەنجان و ژنان دیارترین و سەرەکیترین هێزی کۆمەڵگان،بەڵام بارودۆخی گەنجان و ژنان لە باشوری کوردستان زۆر خراپە،چونکە دەسەڵات لە رێگەی شەری تایبەتەوە گەنجانیان بێ هیواو بێ ئیرادە کردووە ئامانجیان ئەوەیە گەنجێکی بێ ئیرادەو بێ هەڵوێست دروست بێت،گەنج وەک و هەر کەسێکی تر پێویستی بە هەلی کارە تا توانای خۆی بەدەر بخات و دەسکەوتیکی ئابوری دەست بکەویت تا خۆی بونی خۆی بسەلمێنیت بەڵام کاتێک دەبینێت هەلی کار نیە ئەمەش هەستی نائومێدی لا دروست دەبێت ئەمەش وا دەکات بەرەو وڵاتی بێگانە سەر هەڵ بگرێت چونکە دەزانێت لەوێ مافەکانی پارێزراو ترە،بەداخەوە بۆ دەبێت دایکی کورد ۲۰ ساڵ منداڵ پەروەردە بکات کەچی ئەو منداڵە خزمەت بە بێگانە بکات،
دەسەڵات هەمیشە ئامانجیان ئەوە بووە گەنجی نەخوێندەوار و ناشارەزا بەرهەم بێت چونکە باش دەزانن ئەگەر گەنجان هۆشیار بن هەرگیز ئەم دەسەڵاتە مافیا گەریەی ئەوان بەردەوام نابێت، هەمیشە دەسەڵات لە هێزی گەنجان ترساوە چونکە دەزانێت کاریگەری هێزی گەنج چیە بەردەوام ترسی روخانی دەسەڵاتەکەی هەیە لە لایەن گەنجانی هۆشیارەوە،
هەر لەبەر ئەم هۆیەشە چەندین ساڵە سیستەمی خوێندن حەسابکە پەک خراوە بۆ ئەوەی گەنجێکی نا هۆشیار دروست بێت،
گەنج هەمیشە داینەمۆی شۆرش و سەرهەڵدانەکان بووە ئەگەر سەیری شۆرشەکانی پێشوو بکەین نمونە شۆرشی خوێندکارانی فەرەنسا بهێنینەوە ئەوا گەنجان ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لەو شۆرشەدا،
لە هەندێ وڵاتانی جیهاندا کێشەی کەمی گەنجیان هەیە بەڵام دەبینین لە باشوری کوردستان خاوەنی ئەم سامانەین خاوەنی ڕێژەیەکی زۆری گەنجین بەڵام بەداخەوه نەتوانراوە سود لەم توانایەی گەنج وەر بگیرێت،هەر بۆیە بەداخەوە زۆرێک لە گەنجان وڵاتی خۆیان جێ دێڵن یان هەندێ لە گەنجان بەهۆی بێکاریەوە پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر ئەمیش مەترسیەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگاکەمان،
ئەگەر بێت و گرنگی بە رۆڵی گەنج نەدرێت وڵات هەرگیز پێش ناکەوێت چونکە ئەوەی بەردەوام نیشتمان نوێ دەکاتەوە و هەوڵی باشتر کردنی دەدات تواناو وزەی گەنجە
بارودۆخی ژنان لە باشوری کوردستان لە زۆربەی بوارەکاندا خراپە،
لەباشوری کوردستان ژن چەقبەست و بێ رۆڵ و کۆت و بەند کراوە،لە ژێر ناوی شەرەف رۆژانە ژن دەکوژرێت،ژنان رۆژانە لێیان دەدرێت و ئەتک دەکرێن و جەستەیان دەشێوێنرێت،تا ئێستا یاسایەک نیە بە کرداری ڕێگا لەو کارە قێزەونە بگرێت تا ئێستا سزایەکی توندی بکوژان نەدراوە تاک و ببێتە دەرز بۆ تاوانبارانی دی،
ڕاستە لە باشوری کوردستان ژنانیش شان بەشانی پیاوان لە بەرێوبردنی ئیدارە و سیاسەتدا بەژداره ، بەڵام بە بیانووی پاک کردنەوەی شەرەف چی کاتێ بیانەوی دەی کوژن ،
لێرە هەمیشە ژن بە کەم بینراوە بە زەعیفە بینراوە هەرگیز بروا بە توانا شاراوەکانی ژن نەکردووە، هەربۆیە وای کردووە ژنانیش هەندێ جار خۆیان بەکەم بزانن لە باشوری کوردستان،
زۆرجار دەبینین لەباشوری کوردستان ژن وەک ئامێرێک بەکار دەهێنرێت بۆ نمایش کردنی کاڵاو شتومەکەکانیان لە سیستەمی سەرمایەداری،
لە کاتێکدا ژنانی کورد بە درێژای مێژوو شانبەشانی پیاوان جەنگاون خەباتیان کردووە وە لەلایەن ژنانەوە نەوەی داهاتوو پەروەردە دەکرێت دەبنە پارێزەری وڵات ئەو نەوەیە،

چی بکرێ بۆ ئەوەی گەنج و ژنی هەر چوار پارچەی کوردستان وەلائی ئینتیماو نیشتمانی هەبێ بۆ تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا ؟
هیوا ڕەشید : پێویستە گەنجان و ژنان هۆشیار بکرێنەوەو پەروەردە بکرێن،وە تێبگەیەنرێن کە وڵاتەکەیان داگیر کراوە لە لایەن چوار وڵاتی داگیرکەرەوە،
پێوستە هەموو کەس ئەو راستیە بزانێت داگیرکەرانی کوردستان هەوڵی سرینەوەی ئێمە دەدەن،هەوڵی لەناو بردنی گەلی کورد دەدەن، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک نەک تەنها گەنج یان ژن پێویستە هەموان وەلائی نیشتمانیمان هەبێت بۆ نیشتمانەکەمان چونکە ئێمە شەری بوونی خۆمان دەکەین شەری ئەوە دەکەین کە ئێمەش وەک و هەر نەتەوەیەکی تر مافی ژیان و ئازادی و سەربەستیمان هەیە،ناکرێت رۆژانە بە بەرچاومانەوە مناڵی کورد شەهید بکرێت لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە و ئێمەش بێدەنگ بین پێویستە هەموو کەسێک هەڵوێستی هەبێت چونکە ئەو شەرەی ئێستا هەیە بەتایبەت لە چیاکانی کوردستان شەری ئازادیە شەری هەبوونی کوردە، بۆیە پێویستە لەسەر هەر تاکێکی کورد تێ بکۆشێت هەر وەک و بەرێز عبداللە ئۆجەلان دەڵێت هەرکەس بۆ خاک و نیشتمان تێ بکۆشێت ئەو کەسە ئازاد دەبێت وە هەر کەسێکیش ئازاد بوو جوان دەبێت وە لەناو کۆمەڵگاش هەرکەسێ جوان بێت خۆشەویست دەبێت،
بۆیە پێویستە لەسەر هەموو تاکێکی کور تێبکۆشیت لەبەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان،چونکە داگیرکەران هەمیشە هەوڵی سرینەوەی زمان و کلتور و مێژووی کوردیان داوە،ئەگەر ئێمە خۆمان پارێزگاری لە خۆمان نەکەین کەس پارێزگاری لە ئێمە ناکات،
بە درێژای هەزاران ساڵە باو باپیرانمان پارێزگاریان لەم خاکە کردووە بە درێژای مێژوو چیاکانی کوردستان داگیر نەکراوە ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەیەوی داگیری بکات پێویستە ئێمە پشتیوانی پارێزەرانی وڵات بین کە بەرخودانیکی بێوێنە دەکەن لە چیاکانی کوردستان ئەگەر بێت و چیاکان داگیر بکرێت دوای ئەوە نۆرەی شارەکان دێت بۆ ئەوەی داگیری بکەن.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تاچەند توانیویانە ڕۆڵیان هەبێ و کار
لەسەر بواری ڕۆشنبیری بکەن ؟
هیوا ڕەشید : ڕێکخراوەکانی کە کار لەسەر کۆمەڵگە و ڕۆشنبیری دەکەن تا ڕادەیەک توانیویانە کار لەسەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگە بکەن، بەڵام ناتوانین بڵێین لە ئاستی پێویستیدا بووە، یاخود ئامانجی خۆی پێکاوە، چونکە بەشێک لە ڕێکخراوەکان تەنها کار توانیانە دەستەبژێرێکی کۆمەڵ بهێننە ناو کارەکانیان و ئاشنیان بکەن بە کار وچالاکیەکانیان، بۆ نموونە ئەو دەزگایانەی کە کاریان ڕێکخستنی کۆڕ و سیمینار و چالاکی ڕۆشنبیریە لە کۆڕەکانیاندا زیاتر ئەو چینەی کۆمەڵگا دەبینیت کە تاڕادەیەک خۆیان چاویان بەدنیایەکی کراوە ئاشنایە، بەمەش گروپێکی قەتیسکراو دەردەکەوێت زیاتر لەوەی کە ئەم چالاکی و جوڵانەوانە بەرفراونتر ببن و رۆچوبنە ناو شادەماری کۆمەڵگە. کێشەیەکی دیکە کە بە زەقی دەردەکەوێت لەناو چینی ڕۆشنبیران ئەوەیە بە زمانێکی دور و نامۆتر لە زمانی خەڵک دەدوێن، ئەمەش وا دەکات کەمتر سەرنجی ئەو چینە پەراوێزرخاوەی کۆمەڵگە بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و بیانخەنە ژێر کاریگەری فکر و ئایدیاکانیان.

چی بکرێ بۆ ئەوەی گەنج و ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەژێر یەک چەتر کۆبکرێنەوە ؟
هیوا ڕەشید : ئەگەر باس لە پەرتبوونی هەر چوارپارچەی کورد بکەین دەبینین تەنها پەرتەوازەبوونی خاک و نەتەوە نیە، بەڵکو زمان، مێژوو، تەنانەت کێشەکانیشمان و بەرەوپێشچوونەکانیشمان بەیەکتر نامۆن و هەر پارچەیەک ئاگاداری ئەو گۆڕانکاریانە نیە کە لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان دەگوزەرێت، بەتایبەتیش دۆخی ژنان ” هەم بە کێشەکانیان و هەمیش بەرەوپێشچونەکانیشیان”، بۆ نموونە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرخودانێکی زۆری ژنان هەیە، ژنان تا رادەیەکی زۆر توانیانە بەشداری لە جومگە و کایە گرنگەکانی بەڕێوەبەری وڵات و کۆمەڵگە بکەن، بەڵام لە پارچەکەی دیکەی کوردستان ژنانێکی زۆر لەژێر دەسەڵاتێکی بەم جۆرەی ئێستادا بەجۆرێکی تر و بە ئاقارێکی دیکە مومارەسەی مافەکانیان دەکەن وەک ژنێک، دەبینیت کۆمەڵێک ناسنامەی نوێ کە بە کورد و کولتورەکەی نامۆیە بووەتە باوترین دیاردە لەناو ژنانی باشور، بەجۆرێک ئەگەر باسی یەک لەوانە بکەین ناتوانین خۆمان لە باسکردنی ئەمە ببوێرین ئەویش گەرمبوونی سەنتەرەکانی جوانکاریە کە کۆمەڵگەی باشوری بەخۆیەوە سەرقالکردووە و ژنانی باشوریش بەتایبەتی. وەک دەبینین لە هەر پارچەیەکی کوردستان دابڕانێکی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی ژنانی کورد بتوانن پەیوەندیەکی بەهێز دروستبکەن لەنێوان خۆیاندا گرنگە کە بەوردی بکۆڵنەوە لە بەرەوپێشچونەکانیان، لە مێژوو، لە گۆڕانکاری و تەنانەت ناسنامەشیان وکە ژنێک، لە کولتور و پێناسی خۆیان وڵاتەکەشیان، ئەمەش دەکرێت بەچەندەها شێوە ئامانجی خۆی بپێکێت لەوانەش دروستکردنی کورتە فیلم، کۆبوونەوە لەرێگەی خوێندنەوە و سیمینار و چالاکی جۆراوجۆر.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close