دیمانە و ڕاپۆرتکوردستانی

شەیما عەدنان : ڕێبەری گەلان دەڵێت شۆڕشی باشور شۆڕشی ژنە

شکۆی کوردستان-

لەدیمانەیەکی تایبەتدا بۆ سایتەکەمان ( شەیما عەدنان ) هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی هەرێمی گەرمیان ، تیشکی خستۆتە سەر چەندین پێشهات وپرسی گەنج و ژن بۆیە دەڵێت “ گەنج و ژن لەباشوری کوردستان بەهۆی دەسەڵاتی کوردییەوە لەخەراپترین دۆخدایە و بەشێکی زۆری ڕێکخراوەکانی ئەم تويژە مۆرکی حزبیان پێوەیە”.

دیمانە : هاوژین شکور

دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی ؟
شەیما عەدنان : لەڕاستیدا دەکرێ بڵێین دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لە خراپترین قۆناغدایە لەپاش زیاتر لە ٣٠ساڵی حوکمڕانی کوردی سەرجەم سێکتەرەکانی وەکو ئابوری -پەروەردە-تەندروستی-کشتوکاڵ-کلتوری…هتد لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتانی داگیرکەردان بەهەردوو دەسەڵاتی کوردی باشوری کوردستان لەئەنجامی ئەوەشدا دەبینین کە ئيستا بنەڕەت ترین سێکتەر کە پەروەردەیە لەخراپترین دۆخدایە لەڕێگای کاڵای تورکی و بەرهەمی بیانی و فلیم و دراما تورکیەکان هەوڵی ئاسمیلەکردنی بازاڕ و کلتور و تاکی کوردییان کردوە، بۆیە دەکرێ بڵێین هەرێمی کوردستان لەهەرە قۆناغی خراپی ژیان و گوزەراندایە .
ئایا جولانەوەو بزوتنەوەی ژنان لە چ ئاستێک ئەبینی و چی بکرێت بۆ کۆکردنەوەی لەژێر یەک چەترو هوشیاری زیاتری ئەم توێژە ؟
شەیما عەدنان : ڕێکخراو و بزوتنەوەکانی ژنان تا ئاستێک کاری باشیان کردوە بەڵام لە باشوری کوردستان بەداخەوە بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوەکان مۆرکی حیزبیان پێوە دیارە ئەمەش جاريکی تر دەگەڕێتەوە بۆ خزمەت بە دەسەڵات بۆیە دەبینین لە پرسە چارەنووس سازەکاندا بڕیار و کاری جدی ناکرێت بۆیە پێویستە ژنان هەوڵی قوڵبونەوەی فکری بدەن لەسەر جەوهەری ژن و مێژوی ژن چونکە لەکۆمەڵگای سروشتیدا ژن کۆمەڵگای بەڕێوەبردوە بۆیە زهنیەتی پیاوسالاری و توندڕەوی بونی نەبووە هەر بۆیە لەم قۆناغەدا یەکگرتنی ژنان و هاتنە لای یەکی ژنان گرنگە لە پێناو بەرژەوەندیەکانی ژن و بەتایبەتیش کۆمەڵگەو تاک چونکە ژن هەم دایکە هەم هاوژینە هەم خوشکە بۆیە دەکرێ ڕۆڵی سەرەکی بگێرێ لە بونیاد نانەوەی تاکی ئازاد و بەمۆڕاڵ، وەکو ڕێبەری گەلان دەڵێت شۆڕشی باشور شۆڕشی ژنە کەواتە هیوایەکی زیاتر و ئەرکێکی قورستر دەکەوێتە سەرشانی ژنانی ئازادیخوازی باشوری کوردستان بۆ پێشەنگایەتی کردنی شۆڕشێکی زهنی کۆمەڵایەتی کلتوری سیاسی.
هەمدیسان تورکیای داگیرکەر هێرشی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردەوە، ئێوە چی دەڵێن لەمبارەیەوە؟
شەیما عەدنان:
بێگومان دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئامانجی داگیرکردنی کوردستان و لەناویدا ڕۆژئاوای کوردستان یەکێکە لەئامانجەکانی بۆیە دەبینین کە لەسایەی فکرو فەلسەفەی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان ەوە گەلی ڕۆژئاوای کورستان خۆیان بەڕێکخستن کردوو شۆڕشێکیان بەرپاکرد ئەمە گەورەترین شکست بوو بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەروەها لەچیاکانی کوردستان سەڕەڕای سەختی کەش و هەوا و بارینی بەفرێکی زۆر گەریلای ئازادی سەرکەوتێکی کەم وێنەی تۆمار کردوە بۆیە تورکیای داگیرکەر هەرکاتێک لە چیا تێک دەشکێت پەلاماری شار و گوندەکانی باشور و
ڕۆژئاوای کوردستان دەکات
ڕۆڵی گەنج چۆن دەبینی لەهەرێمی کوردستان، ئایا پێتوایە گرنگی بەم توێژە دراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە؟
شەیما عەدنان: وەکو ڕێبەری گەلان عبدوڵا ئۆجالان دەڵێت بەگەنجی دەستمان پێکرد بەگەنجیش سەردەکەوین کەواتە گەنج بناغەی کۆمەڵگایە بەڵام بەداخەوە لە باشوری کوردستان گەنج لەنێو کایەی دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداری نقوم بووە دەبینین بە هەزاران گەنج ڕویان لەئەوروپا کردوە و کوردستانیان جێهێشتوەو تەسلیمی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بوون ئەوانەشی کە لە هەرێمدا ماونەتەوە کەوتونەتە نێو پیلانی دەسەڵات لەڕێگەی بەرنامەو پیلانی دوژمنانەوە بەڕێگای جیا جیا بۆیە دەتوانین بڵێین دەسەڵات نەک گرنگی بە گەنج نەداوە بەڵکو هەوڵی سڕکردنی بیر و هۆشی گەنجان دەدات ،ئینتیما نیشتیمانی و هەڵوێستە مرۆڤایەتیەکانی لەبیربردۆتەوە هەوڵی پێشخستنی تاک گەرایی داوە گەنجی لە خێزان و لە کۆمەڵگا دورخستۆتەوە
هەر بۆیە تەڤگەری ئازادی هۆشیارکردنەوەی گەنجان بە ئەرکی خۆی دەزانێت ،پەروەردەکردنی تاک و گەنج بە یەکێک لە ئامانجەکانی دەزانێت و یەکێکە لە بنەماکانی کارکردنی لەناو کۆمەڵگاداچونکە هەموو کۆمەڵگایەک بە فکر و داهێنان و شۆڕشی گەنجان سەردەکەوێت
دوایین پڕۆژەو چاڵاکیتان چیە ؟
شەیما عەدنان : بێگومان یەکێک لە پڕۆژەکانمان پەروەردەکردنی ژنان و گەنجانە لەسەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلان هەروەها دەستپێشخەری بۆ هاتنە لای یەکی ژنان لە پارت و لایەنە سیاسیەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی ژن لە باشوری کوردستان.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close