ڕۆژنامەکوردستانی

کۆمپانیای DNOی نەرویجی رێژەی قەرز و ئاستی بەرهەمی لە هەرێم ڕادەگەیەنێت

ئا: یادگار سدیق گەڵاڵی- تایبەت بەشكۆی كوردستان

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی DNO لە راگەیاندنێکدا سەبارەت بە تازەترین زانیاری لەسەر چالاکیەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی تاوکی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٠ دا تێکڕای بەرهەمی بلۆکی تاوگی بریتی بووە لە ١٠٢ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بڕی ٥٨ هەزار و ١٠٠ بەرمیل لە تاوکی وە ٤٣ هەزار و ٩٠٠ بەرمیل لە پیشخاپور بەرهەمهاتووە.

 ئەم ڕێژەیە ١١٪ کەمترە بەراورد بە چارەکی یەکەمی هەمان ساڵ، هەروەها بە ڕێژەی ١٧٪ بەراورد بە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ کەمیکردووە کە ئەوکات تێکڕای بەرهەمی ئەو بلۆکە نەوتییە بریتی بووە لە ١٢٢ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل نەوت. کەمکردنی بەرهەم لەو ماوەیەدا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و ناسەقامگیری بازاڕی نەوت و کەمکردنەوەی خەرجییەوە بووە لە کێڵگەکەدا.

دی ئێن ئۆ ڕایگەیاند: لەمانگی تەمموزدا بەرهەمی بلۆکە نەوتییەکە بەرز بۆتەوە بۆ ١١٥ هەزار بەرمیلى ڕۆژانە، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا باری بیرەکان چاککرا هەروەها گەڕانەوەی سەقامگیری نرخی نەوت و باشبونی مەرجەکانی پێدانی پارەی هەناردەی نەوت.

بێژەن ڕەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێت: ناڕەحەتترین کاتەکانی کۆڤید ١٩مان بەڕێکرد و ئێستا هەڵەکان دیاریدەکەین و دەیقۆزینەوە”. هەروەها وتی: خۆمان ئامادە کردووە بۆ کاردانەوەی خێرا لەکاتی گەڕانەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکە هەروەک چۆن لە ئازاردا کردمان.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٠ دا لە کوردستان بڕی ٢٢٤ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. هەروەها بری ٢٣ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە بۆ مانگی حوزەیران دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکە پێشکەشکراوە واتە کۆی شایستەی دارایی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بریتی بووە لە ٢٤٧ ملیۆن دۆلار. هەروەها کۆمپانیاکە دەڵێت: وتووێژەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەردەوامە بۆ ئەوەی بگەین بە ڕێکەوتنێکی پەسەندکراو سەبارەت بە شێوازی دانەوەی ٢٤٠ ملیۆن دۆلاری شایستەی مانگەکانی تشرینی یەکەم ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ (چوار مانگ).

لەمانگی ئازاردا حکومەتی هەرێم بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بڕیاری دا شایستەی ئەو چوار مانگە  نەدات بە کۆمپانیاکان، لانی کەم تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠   و تا نرخی نەوت دەگاتە ٥٠ دۆلار. تەنها شایستەی دی ئێن ئۆ وەکو قەرز لای حکومەت ٢٤٠ ملیۆن دۆلارە . پێشتریش کۆمپانیای ORYX لە کێڵگەی هەولێر کە کێڵگەیەکی بچوکە و لەو کاتەدا بەرهەمی بە تێکڕا ١١ هەزار و ١٠٠ بەرمیل بووە و ئێستا بەرهەمی دابەزیوە بۆ ٣ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل،  دەڵێت: قەرزی شایستە داراییەکانمان لای حکومەتی هەرێم بریتی یە لە ٣٩ ملیۆن دۆلار.  دەبێت کۆمپانیاکانی تر چەند ملیۆنیان بۆ ئەو ماوەیە لای حکومەت بێت؟.

لەمانگی ڕابوردووەوە دی ئێن ئۆ دەستیکردووە بە پرۆژەی داخڵکردنی reinjectی گاز لە پیشخاپورەوە بۆ تاوکی. ئەمە یەکەمین پڕۆژەی باشترکردنی دەرهێنانی نەوتە enhanced oil recovery لە کوردستان ئەنجامبدرێت، تاوەکو بەرهەمی نەوتی تاوکی زیادبکرێت وە لەهەمان کاتدا بەڕێژەیەکی زۆر سوتانی گاز لە پیشخاپور کەمبکرێتەوە.

هەروەها کۆمپانیاکە لە ناوچەی گرێبەستی بەعشیقە خەریکی لێدانی بیری سێهەمی لێکۆڵینەوەیە (ئیستکشافی) یە لەناوچەی زەرتک کە دەکەوێتە ١٥ کم باشوری ڕۆژهەڵاتی بیری لێکۆڵینەوەی (ئیستکشافی) دووهەم، سەکۆی بیرهەڵکەندن دانراوە و تێست لە مانگی ئابدا دەستپێدەکات لە زۆنی Lower Jurassic and Upper Triassic zones چاوەڕێ دەکرێت سێ مانگ بخایەنێت. هەڵسەنگاندنی بیری بەعشیقە ٢ بەردەوام دەبێت تا بەرهەمی بازرگانی دیاریدەکرێت.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ کۆمپانیایەکی نەرویجی یە لە ساڵی ٢٠٠٤ وە لە بلۆکی تاوگی گرێبەستی وەبەرهێنانی هاوبەشی هەیە ئەم کێڵگەیە لەگەڵ کێڵگەی پیشخاپوردا یەک ناوچەی گرێبەستن و بە دووەم گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێن دادەنرێت لە دوای کێڵگەی خورمەڵەوە، لەم کێڵگەیە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ٧٥٪ی پشکەکانی هەیە و کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی ٢٥٪ی پشکەکان، هەروەها کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە کێڵگەی بەعشیقە کە هێشتا لە قۆناغی گەڕان و پشکنین دایە پشکی ٣٢٪ی هەیە و کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی پشکەکانی تری کێڵگەکەی هەیە. هەروەها لە کێڵگەی ئەربیل کە لە قۆناغی پەرەپێدان و بەرهەمهێناندایە پشکی ٤٠٪ی هەیەو پشکەکانی تر بۆ کۆمپانیای گاز پلەس ئەربیل دەمێنێتەوە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close