نێودەوڵەتیکوردستانی

ڕاپۆرتێکی ئیکۆنۆمیست ڕای وڵاتانی ڕۆژئاوا لەبارەی هەرێم ئاشکرادەکات…”هەرێم بەرەو شکست دەڕوات”

شکۆی کوردستان-

ماڵپەڕی ئیکۆنۆمست کە دەنگ و سەدای ڕاستەقینەی وڵاتانی ڕۆژئاوایە ڕاپۆرتێکی لەبارەی پاشەکشەی سیاسی و ئابوری هەرێم لەبەردەم بەغدا ڕووندەکاتەوە و بڕوونی دەڵێت بایەخدانی ڕۆژئاوا بە هەرێمی کوردستان کەمبوەتەوە و هەنگاوەکانی پارتی و یەکێتیهەرێمەکە بەرەو شکست دەبەن.

دەقی ڕاپۆرتەکەی ئیکۆنۆمست:

بۆماوەی سێ دەیە کوردستان لەگەشەکردندا بوو لەکاتێکدا بەشەکانی دیکەی عێراق لاواز بوون و بەردەوام کێشەیان هەبوو. هەرێمی کوردستان خێراترین گەشەی ئابووری لە وڵاتەکەدا هەبوو. بینای گەورە و مۆدێرنی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و هۆتێل و ڕێگاوبانی باشی دروستکرد. هەبوونی دەنگی سەربەخۆییش لە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ داهاتوی هەرێمەکەی گەشتر نیشاندەدا. شەش ساڵی دوای ئەو خەونە ئاڕاستەکەی گۆڕاوە و دراوشاندنەوە و گەشبینی تێدانەماوە. ئەو کرەین و ئۆتۆمبێلانەی کە شارەکانی پێشدەخست و بیناو باڵەخانەیان پێدروست دەکرا لەسەر پرۆژە نیوە تەواوبووەکان وەستێنراون.
ئەمە لەکاتێکدا بەغداد لەهەستانەوە و گەشەکردندایە بەهۆی باشبوونی دۆخی ئاسایشی و زیادبوونی داهاتی نەوت. دەسەلاتدارانی بەغدا بەهێمنی و بەردەوامی لەپشتیوانیکردنی ئۆتۆنۆمی هەرێم دووردەکەونەوە و پشتیوانییەکانیان بۆ ئەم هەرێمە کەمدەکەنەوە.
دوای ٣٠ ساڵ لە بوونی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری، سیاسەتی ئابوری هەرێم و پاراستنی سنورەکان و ناوچەکێشەلەسەرەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان کەوتۆتە دەستی حکومەتی ناوەندی بەغدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە لەدەستدانی توانا و دەسەڵاتی خۆی و دەڵێت، ” دپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا لە بەغدادەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکەن.” خۆشیان دانی پێدادەنێن کە پرۆژەی هەرێمی کوردستان لەمەترسی ڕوخان و شکستهێناندایە.
کوردەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان دەبێت لۆمەی خۆیان بکەن بۆ ئەو پاشەکشەیە و خۆیان بەرپرسی یەکەمن، کێشە و ململانەی نێوان دوو بنەماڵەکە (بارزانی و تاڵەبانی) لەهەردوو حزبی دەسەڵاتدار تۆختر و قوڵتر بووەتەوە، بنەماڵەی بارزانی بەشی رۆژئاوای هەرێمەکە بەڕێوەدەبەن و ماڵباتی تالەبانی بەشی رۆژهەڵاتی هەرێمەکە بەڕێوەدەبەن.
گەورە و سەرکردەکانی ئەو دوو بنەماڵەیە دەسەڵاتیان ڕادەستی کوڕەکانیان کردووە کە کەمتر ڕێز لەیەکتری دەگرن و خاوەن کەسایەتییەکن بەردەوام لەشەڕ و بەریەککەوتنی یەکتریدان. حزبەکانیشیان، پارتی دیموکراتی کوردستانی بارزانییەکان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی تاڵەبانییەکان لەسەر سەرچاوە داراییە بێبەهابووەکانیان شەڕیانە. وەزیرەکانیان لەحکومەتی عێراق بەردەوام لەدژی یەکتری دەنگدەدەن و دژایەتی یەکتری دەکەن.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لاوازترە لە پارتی بەردەوام ڕووی لە بەغدایە بۆ پشتیوانیکردن و بافڵ تاڵەبانی کە سەرکردەی یەکەمی ئەو حزبەیە بەردەوام دەڵێت، ” بەغدا باشترە لەهەرێمی کوردستان.”
سەرەڕای هاندانی بەردەوامی رۆژئاوا، ئەو دوو حزبە بەردەوام رەتیدەکەنەوە هێزی پێشمەرگەیان بکەن بەیەک و رەتیدەکەنەوە پێشمەرگە یەکبگرێتەوە. لەوەش خراپتر، کردەی کوشتنی کادیرانی یەکتریان دەستپێکردۆتەوە.
دواین دانیشتنی پەرلەمان بە دەنگەدەنگ و ئاژاوە کۆتایهات کە راستەوخۆ لە تیڤییەکانیشەوە دەگوازرایەوە. لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کوردستان دژی ئەو شەڕ و ناکۆکییە بەردەوامە نێوانیانە، بەڵام سەرکردەکانی ئەو دوو حزبە بەردەوام توند دەبنەوە لەدژی یەکتری.
وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان دواخست بۆ ٢٠٢٤ وەک زوترین کات بۆ ئەنجامدانی. ئازادی میدیایی کە یەکێک لە جیاکەرەوە و تایبەتمەندییەکانی ئەو هەرێمە بوو دیسانەوە سنوردار دەکرێت.
حکومەتی عێراقیش دەیەوێت سود لەم دۆخەی هەرێم وەربگرێت بۆ بەدەستخستنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی کە بەهۆی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ڕوخانی ڕژێمی کۆنە دیکتاتۆری سەددام لەساڵی ١٩٩١ لەو ناوچانە لەدەستیدابوون. ئەوەشی بە وەرگرتنەوەی پارەکە لێیان دەستپێکردووە.
سەرەتای ئەمساڵ، دادگای دەستوری عێراق لە مەحکەمەیەکی نێودەوڵەتییەوە لە پاریس هەنگاوەکانی بۆ بە نایاسایی ناساندنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەستپێکرد و بەوەش کوردەکانی لە داهاتی فرشتنی ٤٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کرد. ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پشت بەو خەرجی مانگانەیە دەبەستێت کە بەغدا پێیاندەدات. سەرکردەکانی کورد پێشتر بەغدایان پشتگوێخستبوو قسەیان لەگەڵ نەدەکردن ئێستا روو لە بەغدادەکەن و دەپاڕێنەوە بۆ خەرجییەکەیان.
لەماوەی چوار ساڵی وەرگرتنی پۆستەکەی وەک سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی (١٠) سەردانی فەرمی بۆ بەغدا ئەنجامداوە. سەرۆکی پێشووی هەرێم کە مەسعود بارزانی مامی بوو لەماوەی ١٥ ساڵدا تەنها یەک سەردانی بەغدای کرد. بەپێی یاسای نوێی بودجە کە مانگی شەشی ئەمساڵ حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەریان کردووە، هەر پارێزگایەکی هەرێم دەتوانێ سەربەخۆیانە داوای شایستەی دارایی خۆی لە بەغدا بکات، ئەوەش هاندەربوو بۆ ئەوەی ماڵباتی تاڵەبانی زیاتر ڕوویان لە بەغدا بێت و لە بارزانی و حکومەتەکی دووربکەونەوە و یەکگرتوویی حکومەتی هەرێم زیاتر بکەوێتە ژێر پرسیارەوە و حکومەتەکەی بارزانی دەسەڵاتەکانی لاوازتر ببێت.
بەهەمان شێوە، حکومەتی عیراق ئێستا سەرقاڵی کۆنترؤڵکردنی سنورەکانی هەرێمی کوردستانە، پێشتر هیزی ڕەوانەی دەروازەکان و فڕۆکەخانەکان کردووە بۆ پاراستنیان. دەسەڵاتی ڤیتۆکردن و چاودێریکردنی ئەو کەسانەی هەیە دێن و دەڕؤن. بنەماڵەی تاڵەبانی تا ئێستا پارەی هێنانی زۆری ئۆتۆمبێل و بەقاچاخبردنی جگەرە دەخەنە گیرفانیان، بەڵام بەرپرسێکی عێراقی دەڵێت، ” ئەوە زۆر ناخایەنێت.”
تورکیا ئێستا کڕینی نەوتی لە عێراق هەڵپەساردووە، بەوەش کورد کرێی گواستنەوەی نەوتەکە و هەموو ئەو جۆرە ڕێککەوتنانەی لە کیس چووە کە لەنێوان ئەو دوو ولاتەدا کراوە ( دادگایەکی نێودەولەتی فەرمانی دەرکرد بەهۆی ئەوەی تورکیا بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی عێراق نەوتی هەرێمی هاوردەکردووە دەبێت قەرەبووی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بداد بە عێراق).
لەبەشی باشوریش، هێزە کانی عێراق بەهاوکاری هێزە میلیشیا شیعەکان پێگەی خۆی لەو ناوچە جێناکۆکانە قایمکردووە کە دوای ریفراندۆمی ٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستانی وەرگرتەوە.
دوای ئەوەش حکومەتی عێراق دەستیکردەوە بە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بە هێنانی عەرەب بۆسەر ئەو زەوییانەی کە لە دەستی کورددا بون و ریفراندۆمی تێداکرا، ئیستا کورد لەشوێنی ریفراندۆمەکە پێناچێت جارێکی دیکە ببێتەوە زۆرینە.
زۆرترین زیان کە بە کورد گەیشتووە یەوەیە کە دەسەڵاتی دادگای باڵا فراوانتر بووە و بەسەریدا جێبەجێدەکرێت، مانگی پێنجی ئەمساڵ دادگای دەستوری عێراق بڕیاریدا دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەستوریی نین و لەبری کۆمسیۆنەکەی هەرێم کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو هەڵبژاردنە یەنجامبدات کە بڕیارە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت.
جگەلەوە، ئێستا هەرێمی کوردستان چیتر ئەو بەهەشتە نیە بۆ چالاکوانانی عێراقی، ساڵی ڕابردوو هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لێکۆڵەرێکیان دەستگیرکرد کە کاری بۆ تیک تانکەکانی ئەمریکا دەکرد و ڕادەستی حکومەتی عێراقیان کردەوە، جگەلەوە ئیستا تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەی کە بەفەرمی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کاردەکەن پێویستە ئەستۆپاکی ئاسایش لەپایتەختەوە بهێنن.
لەڕووی کولتورییەوە ئاشکرایە کە پێشکەوتنەکانی عێراق قوربانیشی دەوێت. ماوەی سێ دەیەیە کوردەکان لەزمان و کولتوری خۆیان بەهێزکردووە و هەوڵی سڕینەوەی ئاسەوارەکانی بەعەرەبکردنیان داوە، ئێستا نەوەیەک هەیە کە نازانێت بەعەرەبی قسەبکات. بەڵام هەوڵی گەڕانەوەی هەژمونی عەرەبی دەدرێت ئێستا. کوڕی سەرکردەیەکی باڵای کورد لەئاهەنگێکی دەرچوانی یەکێک لەزانکۆکاندا بەزمانی عەرەبی وتاری بۆ ئامادەبوان دا.
ئیستا کەرتی تایبەت لەهەرێمی کوردستان پێویستی بە دامەزراندنی نوێ هەیە، ئەوەش بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی نوێی عەرەب لەناوچەکانی باشور و پڕکردنەوەی ئەو شوێنە نیشتەجێبونانەی کە لوردەکان نەیانتوانیبوو پڕیبکەنەوە. ڕاوێژکارێکی ئاسایشی کورد لەوبارەیەوە دەڵێت،” هاتنی عەرەب دەرفەتی کار زیاددەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسی ئاسایشی هەیە. “
شتەکان کاریگەرییان نامێنێ
لەکاتێکدا کاریگەری حکومەتی عێراق لەسەر دۆخی کوردستان لەزیادبووندایە، بەپێچەوانەوە پێگەو کاریگەری کورد لەعێراق لەلاوازبووندایە. لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئیران رۆڵی سەرکردەکانی کوردیان وەلاناوە و پشتیوانییان لێناکەن، بەهەمان شیوە کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکەی وەک سوننەکان و کرستیانەکانیش. لەبارەی ڕۆڵی سەرۆکی عێراقیش کە کوردە، بەرپرسانی بەغدا دەڵێن کە زیاتر رؤڵێکی کارتۆنی هەیە.
هەڵوێستی ڕۆژئاوا
لەڕابردوودا کاتێک کورد پەنای بۆ ڕۆژئاوا برد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، رؤژئاوا کوردستانیان کردە شوێنێکی ئارام و پاریزراو، دوای جەنگی کەنداویش لەساڵی ١٩٩١ کردیانە ناوچەیەکی دژەفڕین، بەڵام ئێستا گرنگی و بایەخی ڕۆژئاواش بۆ هەرێمی کوردستان لەلاوازبووندایە.
کاتێک ئەمریکا لەساڵی ٢٠٠٣ عیراقی داگیرکرد، چیتر کوردستان وەک ناوچەی دژەفڕین نەمایەوە. هەرچەندە هێشتا ئەمریکا بنکەیەکی فڕینی سەربازی لەهەریر هەیە کە ٦٥ کیلۆمەتر لە باکورە هەولێرەوە دوورە، بەڵام کوردەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە لەکاتی هێرشی درۆنی میلیشیا شیعەکان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە. بڕیاربوو کونسوڵخانەیەکی فراوان لە هەولێر دروستبکرێت ئەویش دواخراوە و لەوادەی خۆیدا تەواو نەکراوە. بەرپرسێکی کوردیش دەڵێت کاڵبوونەوەی بایەخی رۆژئاوا گومان دەخاتە سەر هێزی هاوپەیمانێتییەکەیان.
کوردەکان هێشتا هەندێک کارتیان بەدەستەوە ماوە یاری پێبکەن. قسەیان لەگەڵ چینییەکان کردووە سەد و هەندێک کاری گيشەپێدانی زەوی و نیشتەجێبونیان بەبەهای ٥ ملیار دۆلار بۆ بکەن لەدەرەوەی هەولێر. هەروەها کوردەکان دەتوانن پرسی شەپۆلی پەنابەران بکەنە هەڕيشە بۆسەر رۆژئاوا کە داگیرکردنی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراق دەبێتە هۆی هەڵهاتنی بەشێکی زۆر لە کورد و رۆشتنیان بەرەو تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا.
زۆربەی کوردەکان نائومێدن، شیکەرەوەیەکی سیاسی لەهەولێر دەڵێت،” دەبینە پارێزگایەکی دیکەی عێراق. ” ئەو ئاماژانەی کە بۆ سەربەخۆیی هەبوون و هیوایەک بوون بۆ کوردانی سوریا، تورکیا و ئیران بەرەو کاڵبوونەوە و نەمان دەچن.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close