هێدى شێرزاد- ههولێر
دواى بەستنى كۆنگرهى سێیەمى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان كه لە مانگى 7ى 2011 بهستراوه، هیچ کۆنگرەیەکى دیکەى ئەنجامنەداوە، بههۆى نهبوونى بودجهى پێویستیش کۆنگرەى چوارەمى سەندیکاى رۆژنامەنووسان لە وادەى دیاریکراوى خۆى دوابکەوێت.
لهبارهى دواكهوتنى كۆنگرهى سهندیكاى رۆژنامهنووسانى كوردستان، حاکم ئازاد سەرۆکى سەندیکاى رۆژنامەنووسان به (شكۆى كوردستان)ى راگهیاند: لە ساڵى پارەوە بڕیاریانداوە کۆنگرەى سەندیكا ئەنجامبدەن و دەیانەوێت لەم کۆنگرەییەدا جیاواز لە کۆنگرەکانى رابردووە، هەموو ئەو ئاڵنگاریی و گرفتانەى پەیوەندییان بە پیشەى رۆژنامەنووسییەوە رێکبخەن.
گوتیشى: “شەڕى داعش و هەندێ گرفتى دیکەى پەیوەست بە ئالیەتى بەستنى کۆنگرەى چوارە و نهبوونى بودجهى پێویست، بە هۆکارى دواکەوتنى ئەم کۆنگرەییە بوونه”.
لە مانگى 11ی ٢٠١٩ لە ھەولێر، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کۆنفرانسێکدا ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی چوارەمی سەندیکاکە ئەنجامدا، میکانزمى کۆنگرەى ئەمجارە جیاواز دەبێت، ئەگەرچى لەو کۆنفرانسەدا بڕیارى لەوەدا سەرەتا چوارەم سەرەتا لە لێژنە و لقەکان ھەڵبژێردرێت، دواتر ئەندامانی کۆنگرە و پاشان ئەنجومەن و سکرتێر ھەڵبژێردرێ، بەڵام حاکم ئازاد قسەیەکى دیکەى هەیە و دەڵێت: “لە ئێستادا نازانین سەرەتا کۆنگرە بکەین، ئینجا کۆنفرانسى لق و نووسینگەکان بکەین، یاخود کۆنفرانسى لق و نووسینگەکان بخەینە پێش ئەنجامدانى کۆنگرە”.
لەبەرامبەردا رۆژنامەنووسێک، پێیوایە دەبێ ئەم کۆنگرەییە ببێتە کاربوونى سەندیکاى رۆژنامەنووسان و جێەجێکردنى یاساى رۆژنامەگەرى ژمارە (35)ى ساڵى (2007).
ئاڤان جاف رۆژنامەنووس و ئەندامى سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافى رۆژنامەنووسان، دەڵێت: ” پێویستە هەڵبژێردرا فشار بخاتەسەر دەسەڵاتى جێبەجێکردن بۆ جێبەجێکردنى ئەم یاسایە، کە ماددە و بڕگەى زۆر باشى تێدایە لە بەرژەوەندى رۆژنامەنووسان”.
ئەو پێیوایە تائێستا ئەم ئەنجومەنى سهندیكا نەیتوانیووە وەک پێویست فشار دروست بکات لەسەر لایەنە پەیوەندارەکان، هەروەک بە (شکۆى کوردستان)ى راگەیاند: “زۆربەى ئەندامانى سەندیکاى رۆژنامەنووسان لایەنگر و ئەندامى حزبەکان و بە تەوافقى سیاسى هەڵبژێردرانە، ئەمە واىکردووە سەندیکا تەنها پێشلكارییەکان لە راپۆرتى ساڵانەى خۆى تۆمار بکات و نەیتوانیووه وەک پێویست فشار دروست بکات لەسەر دەسەڵاتى جێبەجێکردن”.
مستهفا قادر، رۆژنامهنووس پێوایه كه رێككنهكهوتنى حزبهكان وایكردووه كه كۆنگرهى سهندیكاى رۆژنامهنووسان نهبهسترێت، ئهمهش “بۆته هۆى ئهوه كه سهندیكا لاوازبێت و نهتوانێت ببێته مینبهرێك بۆ سهرجهم رۆژنامهنووسانى كوردستان”.
ئهو رۆژنامهنووسه، دهشڵێت: “چۆن دهبێت لهسهر تهرخاننهكردنى پارهى پێویست، كۆنگرهى توێژێكى گرنگ دوابخرێت؟ دواتر بۆچى سهندیكا چاوهڕێى حكومهت دهكات بۆئهوهى بودجهى بۆ دابینبكات، بۆچى لهسهر بودجهى خۆى كۆنگرهكه بهڕێوهنابات؟”.
هەندێ لە رۆژنامەنووسان پێیانوایە سەندیکاى رۆژنامەنووسان لاوازە بەرامبەر ئەو پێشلکارییانهى، کە دژ بە رۆژنامەنووسان دەکرێت بەهۆى کاریگەرى حزبەکان لەسەریان، بەڵام نەقیبى سەندیکا ئەوە رەتدەکاتەوە، کە ئەوان ژێر فشارى هیچ لایەنێک نین و کارى خۆمان دەکەین، وهكو دهڵێت: “سەندیکا دامەزراوییەکە بەپێى یاساى سەندیکاى رۆژنامەنووسان کاردەکات، سەندیکا پۆلیس نییە بچێ شەڕ بۆ رۆژنامەنووس بکات، ئەم قسانە موزادەییەى سیاسییە و هیچ پەیوەندییەکى بە کارى رۆژنامەنووسییەوە نییە”.
دەربارەى کاریگەرى هەردوو حزبە گەورەکەى هەرێمى کوردستان، پارتى و یەکێتى، لەسەر بەستنى کۆنگرەى چوارەم و یەکلایى کردنەوەى پۆستەکاى سەندیکا، ئایا بە هەڵبژاردنێکى ئازادانە دەبێت یاخود بە تەوافقى سیاسى، حاکم گوتى:” جارێ نازانم چۆن دەبێ، مهبدهئهكه گرنگە، بەڵام پێموانییە حزبەکان ببنە لەمپەر لە پێش ئەم کۆنگرەیە”. ئەگەرچى سەرۆکى سەندیکا ئەوە نەشاردەوە، کە ناتوانێ بە تەواوى وادهى ئەنجامدانى کۆنگرەى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کورستان دیاری بکات، بەڵام وەک خۆى باسیکرد، بڕیاریانداوە ئەم ساڵ کۆنگرە ببەستن و کۆنگرەیەکى جیددى و جیاواز دەبێت.
حاكم ئازاد، ئاماژهى بهوهشكرد: ئامانجى سهرهكیان جیاکردنەوەى رۆژنامەنووس و نا رۆژنامەنووسە، دەمانەوێت تەنها ئەوانە بێنە ناو کۆنگرە، کە بژێوى لەسەر پیشەى رۆژنامەنووسییە، چونکە کێشەى ئەوەمان هەیە، خەڵکێکى زۆر ئەندامى سەندیکایە و فەرمانبەرى حکومەتە و رۆژنامەنووسێکى فعلى نییە”.
هەروەها بەشداری پێکردنى سەرجەم پێکهاتە نەتەوەییەکان، وەک تورکمان و کلدان و سریانى، تەنانەتە عەرەبییش بە مەرجى سەرکەوتنى کۆنگرەى دانا.