نێودەوڵەتی

نه‌ریته‌ جیاوازه‌كان بۆ پێشوازیكردن له‌ساڵی نوێ

شكۆی كوردستان-

لە وڵاتانی جیهان، بە چەندین نەریتی جیاواز پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکرێت، هەندێک لەو نەریتانە سەیروسەمەرە و سەرنجڕاکێشن.

لە ئیتاڵیا و مەکسیک لە شەوی سەری ساڵ، بەشێک لە خەڵکی جلی ژێرەوەی سوور لەبەردەکەن بۆ ئەوەی بە بڕوای خۆیان، ساڵی نوێ پڕ بێت لە خۆشەویستی و منداڵی زیاتریان ببێت، هەروەها بەشێکیان بەهیوای دەوڵەمەندبوون، جلی ژێرەوەی رەنگ زەرد لەبەردەکەن.

سۆکۆرۆ بەرلین، دانیشتووی مەکسیکۆ دەڵێت “ئێمە هەموومان دەمانەوێت ئەمساڵ کۆتایی بێت و ساڵی نوێ باشتر بێت.”

لە بەڕازیلیش، بڕوادارانی ئایینی “ئومباندا” دەچنە کەناراوەکان و گوڵی سپی و دیاری فڕێدەدەنە نێو دەریا و مۆم دادەگیرسێنن، بۆ ئەوەی بە بڕوای خۆیان، “یامانیا، خواوەندنی دەریا” لە ساڵی نوێدا بەختیان سپی بکات.

ڤانێسا لۆپێز، مامۆستا لە بەرازیل “ئەمە رۆژێکە بۆ رووناکی، خۆشەویست و ئاشتی بۆ هەموو ئایینەکان. هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی تەماشا بکەم و بەرەکەت وەربگرم.”

ئیسپانیەکانیش لەگەڵ لێدانی زەنگی کاژێر 12ی نیوەشەو، 12 دەنکە ترێ دەخۆن بەو هیوایەی کە ساڵی نوێیان خۆشتر و پڕ داهاتتر بێت.

لە سکۆتلەنداش، بەشێک لە خەڵکی بڕوایان وایە، ئەگەر یەکەم کەس لەدوای کاژێر 12ی نیوەشەو لە دەرگای ماڵەوەتان بێتە ژوورەوە، پیاوێکی قژ رەش بێت، ئەوا بەختت لە ساڵی نوێدا دەکرێتەوە. بۆیە لە شەوی سەری ساڵ، پیاوە قژ رەشەکان بە دیارییەوە سەردانی هاوڕێ و کەسوکاریان دەکەن.

لە چیلیش رۆژێک پێش ساڵی نوێ خەڵک سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن.

لە دانیمارک، نەریت وایە قاپی وردوخاشبوو لە بەردەرگا دابنرێت بەو واتایەی کە نیازە خراپەکان بەجێدەهێڵدرێن و نابرێنە نێو ساڵی نوێوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close