ڕۆژنامەکوردستانی

عەبدولستار مەجید: گرێی خۆبەكەمزانین و بێگانەپەرستی لای دەسەڵات گەیشتوەتە ئاستێكی خەتەرناك

شكۆی كوردستان-

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هێرش و کاردانەوەکانی چەند رۆژی رابردوی وڵاتانی دراوسێ لەبەرامبەر نەخشەی کوردستان کە لەسەر (پولێک) دروستکرابو، ئاماژەی ئەوەیە ئەوان دەزانن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وابەستەی بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆیانە، بۆیە چاوەڕێیان لێ ناکەن کارێکی لەو جۆرە بکەن یان بیر لە شتێکی وا بکەنەوە، دەشڵێت، “گرێی خۆبەكەمزانین و بێگانەپەرستی لای دەسەڵاتی سیاسیی گەیشتوەتە ئاستێكی خەتەرناك”.

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لەبارەی لێدوانی رۆژنامەوانی بەرپرسانی تورکیا و ئێران پەیەست بە نەخشەی کوردستانی گەورە لەسەر ئەو پولەی لەکاتی هاتنی پاپا نمایشکرا رایگەیاند، “هێرش و کاردانەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی وڵاتانی دراوسێ لەبەرامبەر نەخشەی کوردستان کە لەسەر (پولێک) دروستکرابو، ئاماژەی چەند ڕاستییەکە، ئەوان دەزانن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان (لە هەردو زۆنەکە) وابەستەی بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆیانە، بۆیە چاوەڕێیان لێ ناکەن کارێکی لەو جۆرە بکەن یان بیر لە شتێکی وا بکەنەوە”.

حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ مانەوەی خۆیان و سڕینەوە یان لاوازکردنی ئەوی دیکە، پەنایان بردوەتە بەر وڵاتێکی دراوسێ 

ئاماژەی بەوەشکردوە، 30 (سی) ساڵە حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ مانەوەی خۆیان و سڕینەوە یان لاوازکردنی ئەوی دیکە، پەنایان بردوەتە بەر وڵاتێکی دراوسێ و لەو پێناوەشدا سڵیان لە هێنانی لەشکر و سوپای بێگانە بۆسەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان و لێدان لەیەکتری، نەکردوەتەوە، بونی بارەگای سەربازی و هەواڵگریی دراوسێکانیش (بە ئاشکرا) لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بەڵگەی ئەو ڕاستیە تاڵەیە.

تاکی کورد بێ ئیرادە و بێ ئینتیما کراوە، لە ڕوداوێکی لەم جۆرەدا لەبری پشتیوانیکردنی میللی لە حکومەت و سیستمی سیاسیی، زۆرێک لە خەڵک و کۆمەڵگە یان گرنگیی پێنادەن 

عەبدولستار مەجید باسی لەوەشکردوە، “لە ئاستی ناوخۆدا ئەوەندە تاکی کورد بێ ئیرادە و بێ ئینتیما کراوە، لە ڕوداوێکی لەم جۆرەدا لەبری پشتیوانیکردنی میللی لە حکومەت و سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە خەڵک و کۆمەڵگە یان گرنگیی پێنادەن یان ڕەخنە لە حکومەت دەگرن”.

لەبری پاپا، بۆچی وێنەی یەکێک لەو سەرکردە مێژوکردانە ناخەیتە سەر پول و بە نوێنەری وڵاتان و شاندە بیانییەکان کە دێنە هەرێم

ئەوەشی خستەڕو، “گرێی خۆبەکەمزانین و بێگانەپەرستی لای دەسەڵاتی سیاسیی گەیشتوەتە ئاستێکی خەتەرناکی وا کە پێی شەرمە گرنگی بە ڕەمزەکانی خۆی بدات لە نمونەی (قازی محەمەد و سەڵاحەدینی ئەیوبی … هتد) ئەگەرنا تۆ لەبری پاپا، بۆچی وێنەی یەکێک لەو سەرکردە مێژوکردانە ناخەیتە سەر پول و بە نوێنەری وڵاتان و شاندە بیانییەکان کە دێنە هەرێم ناڵێی، کورد خاوەنی خاک و مێژو و زمان و نەتەوەی خۆیەتی و دەبێت وەک خۆمان بمان ناسن و ڕێزمان بگرن”.

عەبدولستار مەجید رونیکردوەتەوە، نەخشەی جیۆسیاسیی و ئاڵا و مێژو و نەتەوە، موڵکی حزبەکان نیە، بەڵکو ناسنامەی میللەتێکی بێ سیادەیە کە لەسایەی بێویژدانی و بەرژەوەندخوازیی زلهێزانەوە، بە زیاتر لە چل ملیۆن ئینسانەوە، قەوارەیەکی سەربەخۆی پێ ڕەوا نابینن.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close