شکۆی کوردستان-
ئێوارەی دوێنێ هەینی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان سەرکردە سەربازییەکانی ڕووسیادا ڕوویدا و سەرۆکی گروپی واگنەر کە هێزێکی سەربازیی تایبەتە و سەرپەرشتی کۆنتڕۆڵکردنی باخموتی کرد هەڕەشە دەکات و ناو شەقامەکانی مۆسکۆش بەهێزی تایبەتی دژە تیرۆر تەوقدراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، یاڤیگنی پریکۆژین سەرۆکی گروپی واگنەر ڕایگەیاندووە سوپای حکومەتی ڕووسیا هێرشێکی کوشندەی کردۆتەسەر سەربازەکانیان لەکاتێکدا ئەوان شەڕیئۆکرانیا دەکەن، حکومەتی ڕووسیاش ڕەتیدەکاتەوە و سەرۆکی گروپی واگنەر بەهەوڵی کودەتا تۆمەتبار دەکات.
گروپی واگنەر ڕایگەیاندووە ناوچە ستراتیژییەکانی شاری ڕاستۆڤیان لەباشوری ڕووسیا کۆنترۆڵکردووە و وێنە ڤیدیۆییەکانی نیشانیدەدەن چواردەوری بارەگایەکی حکومییان گرتووە بە هێزی سەربازیی و تانک.
لەئێستادا، پریکۆژین سەرۆکی گروپی واگنەر هەڕەشەی گرتنی شوێنە سەرەکییەکانی دیکەی راستۆڤ و جوڵان بەرەو مۆسکۆ دەکات ئەگەر بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی سێرگی شۆیگۆ و ڤالری گێراسیمۆڤ بەپەلە سەردانی نەکەن.
لەئێستادا ڕێگای سەرەکی مۆسکۆ – راستۆڤ بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییانەوە گیراوە و دۆخەکە لەتەقینەوەدایە.