ڕۆژنامەکوردستانی

قوباد تاڵەبانی: داواكاری بەغدا لەبارەی نەوت و بودجە نادەستورییە

شكۆی كوردستان-

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا رایدەگەیێنێت، “لە ساڵی 2020 رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا ئەنجامدرا و حکومەتی فیدراڵی بڕیاریدا 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام رێککەوتنەکە درێژەی نەکێشا و تەنیا دوو مانگ ئەو بڕە پارەیە بۆ هەولێر نێردراوە”.

 جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ناوەندی هەواڵی نیشتمانی عێراقی جەختدەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ بکات، وەک ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تەنانەت داهاتی نانەوتی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە، “بەڵام بەپێی یاسا و لە چوارچێوەی دەستووردا”.

لە بەرامبەریشدا، “پێویستە هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی خۆی بەدەستبهێنێت”. سەبارەت بە کێشەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتی دارایی عێراق تۆماری 683 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستانی لایە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 751 هەزار  فەرمانبەری هەیە، “هەرێمی کوردستانیش بەبێ بوونی داهاتێکی تایبەت بە خۆی ناتوانێت مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بدات کە جیاوازییەکەی لەگەڵ تۆماری وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 70 هەزار فەرمانبەرە”.

 سەبارەت بە پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای سۆمۆوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، هیوادارن هەنگاو بە هەنگاو بگەنە ئەوەی بتوانن کۆمپانیایەکی نوێی سۆمۆ دابمەزرێنن کە ئەندامانی کوردیش لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنەکەیدا هەبن، “بەڵام هێشتا سەبارەت بەو پرسە لەسەرەتاداین و پێویستی بە کاری زیاتر و دروستبوونی متمانەی نێوان هەردوولایە”. 

 سەبارەت بە داواکارییەکانی بەغداش بۆ پێکەوەبەستنی نەوتی بەغدا و نەوتی هەرێمی کوردستان پێکەوە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیدا بێت، قوباد تاڵەبانی دەڵێت “ئەو داواکارییە نادەستوورییە”.  قوباد تاڵەبانی لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە سیاسییەکانی عێراقەوە بەردەوام بەوە تۆمەتبار دەکرێت گوایە بەهۆی وەرگرتنی بەشە بودجەوە لە حکومەتی عێراقی، داهاتی نەوتی بەسرەیان بۆ خۆیان بردووە، بەڵام ئەو دەڵێت “ئەمە راست نییە و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 تاوەکو 2018 سەرباری رێککەوتن و پەیمانی سەرکردایەتیی عێراقی، هیچ پشکێكی لە حکومەتی فیدراڵی وەرنەگرتووە”. 

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لەوەشدەکات، “تەنانەت ئێمە پێمان خۆش دەبوو ئەگەر ئەو پارەیەی کە لە هەرێمی کوردستان بڕدراوە بۆ پرۆژەکانی پارێزگاکانی وەک بەسرە و میسان خەرج بکرایە”. تاڵەبانی دەشڵێت، “تاوەکو ئێستاش ئەو پارەیە دیار نەماوە و نازانرێت بۆ کوێ چووە”.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close