نێودەوڵەتیکوردستانی

دەستووری رۆژئاوای کوردستان پەسەندکرا

شکۆی کوردستان- ڕۆژئاڤا
دوای سێ ساڵ لە گفتوگۆو راگۆڕینەوە ئەمڕۆ ئەنجومەنی یاسادانانی رۆژئاوای كوردستان لە شاری رەقە دەستوری پەسەندكرد و بە پێی دەستورەكە هەرێمێك بەناوی (هەرێمی باكور و رۆژهەڵاتی سوريا) پێكدێت.

ئەمڕۆ لە شاری ڕەققە ئەنجوومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆبوونەوە و بەشی یاسادانانی ڕۆژئاوای کوردستان، پرۆژەی دەستووری پەسەند کرد.

ئەنجوومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ژمارە ۹۰ی خۆی ئەنجامدا و ئەو ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتییەی پەسەند کرد، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن لیژنەی بەرفراوان بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەکە پێشکەش کرا.

یاسر سولەیمانی، جێگری هاوسەرۆکی کۆمەڵەی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری لە ڕەققە، ١٣٤ ماددەی لەسەر ڕەشنووسی دەستوور خوێندەوە و لەلایەن بەشداربووانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا و لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی یاسادانان پرۆژەی دەستوور پەسەند کرا.

بەگوێرەی دەستوورەکە هەرێمێک بەناوی “هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا” پێک دەهێنرێت، ئەو هەرێمەش ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری دەبێت.

ڕۆژی هەشتی ئەم مانگەش لیژنەی نووسینەوەی دەستوور کە لە ١٥٨ ئەندام پێک هاتبوو، پێشنیازی چین و توێژەکانی لە چوارچێوەی ڕەشنووسی دەستووردا پەسەند کرد و ڕەوانەی ئەنجوومەنی یاسادانانی کرد بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close