شكۆی كوردستان-
زیاتر لە 60 وڵاتی جیهان راگەیێندراوێکی هاوبەشەیان لەبارەی دۆخی ئەفغانستان بڵاوکردەوە و دەڵێن، ئەوانەی ئێستا لە ئەفغانستان دەسەڵاتدارن، بەرپرسیارێتیی سەلامەتیی ژیان و ماڵ و موڵکی خەڵکیان لەئەستۆدایە.
لە راگەیێندراوەکەدا وڵاتان بەناوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە داوای هێوربوونەوەی دۆخی ئەفغانستان دەکەن و داوا لە هەموو لایەک دەکەن ئاسانکاری بکەن بۆ “دەرچوونێکی سەلامەت و رێکوپێکی” هاووڵاتییە بیانییەکانی نێو ئەو وڵاتە و ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەی کە دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
ئەو وڵاتانە دەڵێن، دەبێت رێگەکان، فڕۆکەخانەکان و سنوورەکان بەکراوەیی بمێننەوە و رەچاوی بارودۆخی ئەمنی بکرێت.
راگەیەندراوەکە دەڵێت خەڵکی ئەفغانستان شیاوی ئەوەن بە شکۆمەندی لە ئەمن و ئاسایشدا بژین و 60 وڵاتەکە ئامادەییان پێشانداوە لەم بارودۆخەدا یارمەتیی ئەفغانستان بدەن.
دەقی راگەیێندراوەکە بەم شێوەیە:
بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەمنیی خراپبوو، ئێمە کاردەکەین بۆ دەرچوونی سەلامەتانەی هاووڵاتییە بیانییەکان و ئەو ئەفغانییانەی کە دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن. ئێمە داوا لە هەموو لایەنەکانیش دەکەین کە کارئاسانی بۆ ئەو کارە بکەن و رێز لە ویستی خەڵکی بگرن. ئەوانەی لە سەرانسەری ئەفغانستان دەسەڵاتیان هەیە، بەرپرسیارێتیی پاراستنی ژیان و ماڵ و موڵکی خەڵكیان لەئەستۆدایە و داوای گێڕانەوەی دەستبەجێی ئاسایش دەکەین و ئەو لایەنەش پێچەوانەکەی مامەڵە بکات، رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەبێتەوە.
هاووڵاتییە بیانییەکان و ئەو ئەفغانستانییانەی کە دەیانەوێت ئەو وڵاتە جێبهێڵن، دەبێت رێگەیان پێبدرێت ئەو کارە بکەن. پێویستە رێگەکان، فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان بە کراوەیی بمێننەوە؛ پێویستە ئارامی و ئاسایش پارێزراو بێت. خەڵکی ئەفغانستان شیاوی ئەوەن لە ئاسایش، سەقامگیرییدا بەشکۆوە بژین. ئێمەش وەک کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی ئامادەین یارمەتییان بدەین.