ڕۆژنامەکوردستانی

داواى كردنه‌وه‌ى مه‌رزى سه‌رته‌ك ده‌كرێت

لە رۆژنامەی شكۆی كوردستانەوە-

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، نووسراوێك بۆ وەزیری دارایی و ئابوورى ده‌نێرێت و داواى كردنه‌وه‌ى مەرزی سەرتەك ده‌كات.

لە ڕاگەیەنراوێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هاتووە، دوای ئەوەی بەشێكی زۆر لە ئەندامانمان كە كاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوردەی كاڵا دەكەن لە ڕێی مەرزی سەرتەكەوە، ئاگاداریان كردینەوەی بەوەی كە ئێستا ئەو دەروازەیە داخراوە، بۆیه‌ بەهۆی ئەو داخستنەوە ئێستا هاوردەكاران بار و كاڵاكانیان گیری خواردووە و زیانی زۆریان پێ گەیشتووە.

روونكراوەتەوە، ئەو دەروازەیە بە فەرمانی وەزیری دارایی داخراوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كاری هاوردەكاران و بارهەڵگران و كاسبكاران ئەو دەروازە سنوورییە بە تەواوی وەستاوە، هەر بەهۆی ئەو داخستنەوە ئێستا هاوردەكاران بار و كاڵاكانیان گیری خواردووە و زیانی زۆریان پێگەیشتووە.

باس لەوەش كراوە، بە یاداشتێك ئاڕاستەی وەزیری دارایی كراوه‌ و داوایان لێكردووە كە فەرمان بە كردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە بدات كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا كاری بازرگانی لێوە ئەنجامدەدرێت و كار و كاسبی زۆر لە خەڵكی ئەو ناوچەیەی لەسەرە، داواشیان كردووە لەكاتی داخستنی دەروازە سنوورییەكاندا بە هەر هۆكارێك بێت، پێویستە كە پێشتر هاوردەكاران و كاسبكارانی ئەو دەروازەیە ئاگادار بكرێنەوە تا بتوانن جێگەرەوەی ئەو دەروازەیە بدۆزنەوە و تووشی زیان نەبن.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close