کوردستانی

تەندروستی هەرێم: ئەگەر هەڵكشانی توشبون بە كۆرۆنا بەوجۆرە بەردەوامبێت دۆخێكی خراپ چاوەڕێماندەكات

شكۆی كوردستان-

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان پەیوەستە بە خۆپارێزیی هاووڵاتیانەوە. “ئەگەر ژمارەکان بەوشێوەیە بێت، لەوانەیە دۆخێمی زۆر خراپ لە داهاتوو چاوەڕوانمان بکات”.

د. محەممەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی روداو، لەبارەی دۆخی تووشبووانی کۆرۆنا، هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون و رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی دوا و رایگەیاند. هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ “تێکەڵی و بەرکەوتنی زۆر”ی خەڵک دەگەڕێتەوە. وتیشی، ئەگەر هاووڵاتیان ئێستا بەریەککەوتن کەمبکەنەوە، “لەوانەیە لە دوو هەفتەی داهاتوو ژمارەکان بێنەوەخوار”.

لەبارەی ئەو رێکارانەی وەزارەتی تەندروستی بۆ رێگریی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە رایگەیاندووە، د. محەممەد قادر دەڵێت، هەموو ئەو رێکارانە هەمان رێکارەکانی جیهانن و لەلایەن تەندروستیی جیهانییەوە پەسندکراون، بەڵام بەبێ پاڵپشتیی هاووڵاتیان ناتوانێت رووبەڕووی کۆرۆنا ببێتەوە، “پابەندبوونی تاک کاریگەرییەکەی چەندین هێندەی قەدەخەی هاتووچۆیە و ئێستا تاکپارێزی و رێکاری خۆپارێزی تاک کلیلی سەرکەوتنن”.

ژمارەی ئەو کەسانەی ڤایرۆسەکە لە لەشیاندا چالاکە لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 138 کەسن، بە گوتەی د. محەممەد قادر “زیاتر لە نیوەیان هیچ نیشانەیەکیان نییە، ئەوانە پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان. 30%ـی تووشبووانی دیکە باری تەندروستییان زۆر باشە”.

بەشێک لە تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دۆخی تەندروستییان باش نییە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، “ئەو کەسانەی دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە ژمارەیان نزیکەی 30 کەسە و هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە بەشێکی زۆریشیان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانین، زیاتر لە 100 کەسی دیکە باری تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستان بە ئۆکسجینە، بەبێ ئۆکسجین ناتوانن هەناسە بدەن، بەڵام دۆخیان لەو 30 کەسە باشترە”.

لەبارەی پێداویستیی پزیشکی و سەرچاوەی مرۆیی لەنێو نەخۆشخانەکان، د. محەممەد قادر ئاماژەی بەوە کرد، لە هەندێک شوێن لە هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەکان رووبەڕووی کەمیی ئۆکسجین دەبنەوە، ئەوەش بە “ئاماژەیەکی مەترسیدار” ناودەبات و دەڵێت “ئەگەر وابڕوات لەوە نزیکدەبینەوە کە بڵێین ئەمە دوایین رادەی توانای تەندروستییە لە دابینکردنی پێداویستییەکان”.

بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی کە لە نەخۆشخانەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، د. محەممەد قادر دەڵێت، نزیکەی 400 کارمەندی تەندروستی تووشبوون و چوار کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە.

سەبارەت بە ژمارەی پشکنینەکان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئێستا بە تێکڕایی هەوڵدەدرێت رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار پشکنین بکرێت، کە ئەوەش “ستانداردێکی بەرزە بەپێی بەراوردکردن بەو توانایەی هەرێمی کوردستان هەمانە”. زیاترکردنی ژمارەی پشکنینەکان یەکێکە لەو رێگایانەی کە خێرا رێگری دەکات لە بڵابوونەوەی ئەو پەتایە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. “ئەوانەی بێ نیشانەن ئەوانە مەترسی گەورەن لەنێو کۆمەڵگەدا، چونکە ئەمانە خۆیان نازانن کە هەڵگری ئەو پەتایەن، ئەگەر بێت و بەو شێوەیە بەردەوامبن لە بڵاوکردنەوەی ئەو پەتایە زۆرترین کەس تووشدەبن”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close