نێودەوڵەتی

جوڵەی نوێی هێزەکانی ئەمریکا و ئەگەری گۆڕانکاریی لەناوچەکە

شکۆی کوردستان-


لەماوی چەند ڕۆژی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر سنورەکانی عێراق-سوریا و چەندین شوێنی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان جوڵەیان پێکرا، ئەوەش کاردنەوەی بەدوادا هات و چەندین لێکدانەوەی جیاوازی بۆکرا.


هەلومەرجی جوڵە سەربازییەکان
جوڵەی نوێی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنورەکان و ناوخۆی عیراق لەدوای سەردانی وەفدێکی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق دێت بۆ واشنتن کە تێیدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیماناد درا و جەختکرایەوە کە هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی راوێژکاریی و ڕاهێنان جێبەجێبکەن، لەوبارەیەوە د. جەبار قادر شارەزا لە کاروباری ئەمریکا رایگەیاند، بانگهێشکردنی فەرماندەکانی سوپای عێراق بۆ واشنتن لەم کاتەدا ئاماژەیە بۆ هەندێک گۆڕانکاریی لەناوچەکە.
هەر لەم سەروبەندەدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، چیتر پێویستیان بە هێزی شەڕکەری وڵاتانی بیانی نیە لەعێراقدا، ئەوەش کاردانەوەی هێزەکانی ئەمریکای بەدوادا هات و ڕایانگەیاند ئەوان لەسەر داوای حکومەتی عیراق هاتون و هێشتا ئەرکیان تەواو نەبووە.

جوڵەی هێزەکانی ئەمریکا
هەرچەندە جەنەڕاڵ رایدەر سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا( پنتاگۆن) رەتیکردەوە هیچ جوڵەیەکی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە روودابێت و چەختیکردەوە ئەمریکا کاری پاراستنی سنورەکان بۆ حکومەتی عێراق جێبەنجێ ناکات، ئەوەی کە هەبووە لەچوارچیوەی شەڕی داعشدابووە، بەڵام میدیا عەرەبییەکان وێنەی ڤیدیۆیی جوڵەی هێزەکانی ئەمریکایان لە سنورەکانی سوریا و جێگیرکردنی هێزی زیاتر لە سەربازگەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئەمریکا ڕێگریکردووە لە کاروانی ئەو کەلوپەل و شتومەکانەی کە لەئێرانەوە بۆ میلیشیاکانی سوریا دەنێردران، هەموو ئەوانەش بە ئەگەری پێشهاتێکی نوێ لەناوچەکە لێکدرایەوە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لەبارەی جوڵەی هێزەکانیان لەناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەو یەکانەی لە ماوەی رابردوودا ناوچەکەیان چۆڵکردبوو دووبارە جێگیرکراونەتەوە و بەو هۆیەشەوە جوڵەیەکی سەربازییان لەنزیک هەولێر هەبووە.
هاوکات، چەند سەرچاوەیەک لەزاری بەرپرسانی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا و دەزگا هەواڵگرییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاواینکردەوە کە ئەمریکا تێکەڵەیەک لەهێزی پیادە و دەریایی و ئاسمانی ڕەوانەی ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست، دەریای سور و تادەگاتە گەروی هورمز و لەوێشەوە بۆ کەنداوی عەرەبی دەکات.

نیازی ئەمریکا و ئەگەری گۆڕانکاری لەناوچەکە
بە بۆچوونی شیکەرەوە سەربازییەکان ئەمریکا هێزەکانی لەعێراق و سنورەکانی لەگەڵ سوریا جێگیردەکاتەوە، لەوبارەیەوە سێ شیکەرەوەی سەربازی عێراقی، کە یەکێکیان سەرکردەیەکی سەربازییە بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتیان راگەیاندوە، “ئەمریکییەکان خۆیان لە ناوچەکەدا جێگیر دەکەنەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە لە ناوخۆی عێراق ئەنجام نادرێت”.
بەگوێرەی ئەو سێ کەسایەتییە، واشنتن بەنیازە “ناوچەی سنوری نێوان عێراق و سوریا لە هێزە میلیشیاکان پاک بکاتەوە، هەروەها هێرش بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی نەتەوە جیاوازەکان ئەنجام بدات.”
هاوکات لەبارەی ناردنی هێز بۆ ناوجەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوترێت کە ئەمریکا سیاسەتی خۆی بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕیوە و دوبارە دەیەوێت لەڕێگای ئامادەگی سەربازییەوە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوریی و سەربازییەکانی خۆی بپارێزێت و پارێزگاریش لەهاوپەیمانەکانی لەناوچەکە بکات.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close