نێودەوڵەتی

رێككەوتنەكەی ئیمارات و ئیسرائیل كاردانەوەی جیهانی لێدەكەوێتەوە

شكۆی كوردستان-

دوای ئەوەی ئیمارات وەك یەكەم وڵاتی كەنداو ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند، رازیبون بە رێككەوتنەكەیان كاردانەوەی زۆری جیهانی بەدواداهات.

ئەمریكییەكان ئەو رێككەوتنە بە رێككەوتنی ئەبراهام یان باوكی سێ ئاینەكە (مەسیحی، مسوڵمان و جولەكە) ناودەبەن و سەرۆكی ئەو وڵاتەش لەتویتێكدا رێككەوتنەكە بە هەنگاوێكی گەورەی دپلۆماسی لەقەڵەمدا.

لای خۆشییەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەرەڕای دەربڕینی خۆشحاڵی، بڕیاریشیدا بەشێوەیەكی كاتی پرۆژەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون لە بانكی رۆژئاوا راگرێت، بەڵام جەختیكردۆتەوە كە هێشتا پلانەكانی وڵاتەكەی لەسەر مێزی گفتوگۆ دەمێنێت.

لای خۆشییەوە وتەبێژەی مەحمود عەباس سەرۆكی فەلەستین رایگەیاند سەرۆك عەباس ئەو رێككەوتنە رەتدەكاتەوە.

لەلایەكی ترەوە، نەبیل ئەبو ردەینیە راوێژكاری باڵای مەحمود عەباس رایگەیاند،” سەركردایەتی فەلەستین رێككەوتنی سێقۆڵی نێوان ئیسرائیل، ئەمریكا و ئیمارات رەتدەكاتەوە و شەرمەزاری دەكات.

بزوتنەوەی حەماسیش بەشێوەیەكی چاوەڕوانكراو رێككەوتنەكەی رەتكردەوە و رایگەیاند، حزمەت بە دۆزی فەلەستینییەكان ناگەیەنێت.

راشیگەیاند، ئەم رێككەوتنە هانی ئیسرائیل دەدات زیاتر خاكی عەرەب داگیركات بەردەوامبێت لەتاوانەكانی بەرامبەر بە خەڵك.

حكومەتی ئوردنیش رای خۆی لەوبارەیەوە ئاشكراكرد و رایگەیاند، ئەم رێككەوتنە گفتوگۆكانی پرۆسەی ئاشتی نوێدەكاتەوە و بەرەو پێشی ئەبات ئەگەر ئیسرائیل دان بەحكومەتی ئەو خاكەدا بنێت كە لە ساڵی 1967-ەوە داگیریكردوە.

لەبەرامبەردا، ئەم رێككەوتنە گروپی نیشتەجێكردنی جولەكەی توڕەكردوە كە دەیانەوێت داگیركارییەكانی ئیسرائیل لە بانكی رۆژئاوا بەردەوامبێت، رایانگەیاند، ناتانیاهۆ فێڵی لە ئێمە كرد، فێڵی لە نیو ملیۆن دانیشتوی ناوچەكە و سەدان هەزار دەنگدەر كرد.

حكومەتی میسریش كە هاوپەیمانێكی نزیكی ئیماراتە پێشوازی لە رێككەوتنەكە كرد بەیاننامە هاوبەشەكەی ئیسرائیل و ئەمریكا و ئیماراتی بەرزنرخاند، پێشیوایە ئەم هەنگاوە ئاشتی و ئارامی زیاتر لەناوچەكە بەرقەراردەكات.

بەهەمان شێوە، هەریەك لە بەحرەین و بریتانیا و فڕەنسا پێشوازییان لە رێككەوتنەكە كرد و بەوەرچەرخانێكی گەورە پێناسەیان كرد، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو رێككەوتنەی شەرمەزار كرد و رایگەیاند ئەو رێككەوتنە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی لەناوچەكە ناكات.

لەسەر ئاستی كەسایەتیش، جۆ بایدنی ركابەری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دانپیانانی ئیمارات بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا هەنگاوێكی گەورەیە و پێشوازی لێدەكەن، لەئایندەش ئەگەر ئەو سەركەوێت تەحەدای هەمو وڵاتانی ناوچەكە دەكەن بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو هەنگاوە گرنگانەی ئاشتی.

ئەنتۆنی گوتێرز سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانیش پێشوازی لە رێككەوتنەكە كرد و رایگەیاند ئەو هەنگاوە ئاسایش و ئارامی ناوچەكە بەهێزدەكات.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close