ڕۆژنامەکوردستانی

پەیەدە: ئەمریكا لەبەر توركیا و بەرژەوەندی خۆی ناتوانێت دان بە رۆژئاوادا بنێت

توركیا فشار له‌ هه‌ولێر ده‌كات تاوه‌كو نوسینگه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك نه‌كه‌ینه‌وه‌

هاوبیر هیوا -تایبەت بەرۆژنامەی شكۆی كوردستان- سلێمانى

ئیبراهیم حەسەن، نوێنەری نوێی پەیەدە لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: ئەمەریكا لەبەر توركیا و بەرژەوەندی خۆی ناتوانێت دانپێدانانی سیاسی بە رۆژئاوادا بنێت. ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ ئەنەكەسە گەیشتنە رێككەوتن لەسەر خاڵێكی سیاسی ئەویش بڕیاری سیاسی لەناوخۆ و دەرەوە وەك یەك بێت ئەمه‌ش لەبەر بەرژەوەندی نەتەوەیی.

ئیبراهیم حەسەن، كە لەشاری سلێمانی نیشتەجێیە لەم چاوپێكەوتنەی (شكۆی كوردستان) باس لە داهاتووی رۆژئاوای كوردستان و ململانێكانی ئەمەریكا و روسیا لە رۆژئاوا دەكات.

شكۆی كوردستان: لە ئێستادا پەیوەندیتان لەگەڵ پارتی و یەكێتی چۆنە؟

ئیبراهیم حەسەن: پارتی و یەكێتی تێكەڵیان لەگەڵ رۆژئاوا هەیە، هەندێك پارتمان نزیكن لە یەكێتی و هەندێكیش لە پارتی، لەبەرئەوە پێش ئەوەی پەكەكە بێت هەندێك لەسەر فیكری یەكێتی و هەندێكیش لەسەر فیكری پارتی بوون، ئەگەر جاران كێشە لەنێوان پارتی و یەكێتی دروست ببووایە، كاریگەری لەسەر ئێمەش دەبوو، بەڵام  فیكرەی پەكەكە بووە هێڵی سێیەم، واتە فیكری پەكەكە خاڵی هاوبەشی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە، واتە هەم نەتەوەیی و هەمیش دیموكراسی.

شكۆی كوردستان: ئێستا نووسینگەتان لەشاری سلێمانی كردۆتەوە، هیچ كێشەیەكتان بۆ دروست نەبووە؟

ئیبراهیم حەسەن: نەخێر كێشەمان بۆ دروست نەبووە و بەهۆی ئەوەی لەگەڵ یەكێتیش نزیكترین لەیەكەوە، زۆر باشن لەگەڵمان.

شكۆی كوردستان: لەشاری سلێمانی چالاكیتان زیاترە، هەست دەكەن لەسلێمانی ئازادیتان زیاترە؟

ئیبراهیم حەسەن: بێگومان ئەوەش بەبەڵگەی هەبوونی نووسینگەمان لە سلێمانی، دەخوازین لەشاری هەولێریش نووسینگە بكەینەوە.

شكۆی كوردستان: باست لەشاری هەولێر كرد، ئەی بۆچی لەشارەكانی هەولێر و دهۆك نووسینگە ناكەنەوە؟

ئیبراهیم حەسەن: لەبەرئەوەی هەندێك فشاری توركیا لەسەر شاری هەولێر هەیە، بۆیە نووسینگەمان نەكردۆتەوە، لەڕاستیدا توركیای دوژمن دەخوازێت فشار لەسەر سلێمانیش دروست بكات، بۆ نموونە لەماوەی رابردوودا بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی سلێمانی بەشێكە لەو فشارە.

شكۆی كوردستان: مەترسیتان نییە لەشاری سلێمانی نووسینگەتان دابخەن؟

ئیبراهیم حەسەن: نەخێر ترسمان نییە، چونكە هەم ئێمە نامانەوێت كاری نایاسایی بكەین، چونكە دەزانین فشار هەیە و مومكینە ئێران و بەغدادیش فشار بكەن، ئێمە دەمانەوێت ئەگەر میوانیش بین میوانێكی پاكژ بین.

شكۆی كوردستان: لەماوە رابردوودا رێككەوتنتان لەگەڵ ئەنەكەسە كرد، دەكرێت بزانین ئەو رێككەوتنە بەكوێ گەیشت؟

ئیبراهیم حەسەن: شەڕی كۆبانێ تا سەرێكانی ئەوەی بەرەڤانێ و شەڕی كردووە (یەپەگە و یەپەژە و قەسەدە) بووە و شەهیدیان داوە، بەڵام ئەنەكەسەی تێدا نەبووە، ئەنەكەسە لەنێو هاوپەیمانێتی (ئیئتیلاف)ێك بوون، ئەوانیش ئۆپۆزسیۆنی سوری بوون، بەڵام لەژێر دەستی توركدا بوون، واتە دەیانویست سیستەم بگۆڕن، بەڵام رێنماییان لە توركیا وەردەگرت، كاتێك شەڕی عەفرین بوو ئەنەكەسە لەناو شەڕدا بوو، بۆیە كاتێك ئیئتیلاف عەفرینی رزگار كرد، دوای رزگاربوونی عەفرین، شوێنی ئەوان توركمان و عەرەب و كەسانی نێو داعش دەهاتنەوە نێو ئیئتیلاف و بەو كەسانە شەڕی عەفرینیان دەكرد.

شكۆی كوردستان: مەبەستمانە بزانین رێككەوتنەكەتان چۆنە؟

ئیبراهیم حەسەن: ئەمەریكا و فەڕەنسا ویستیان ئەو یەكێتییە دروستبكەن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەو هەوڵەی دەستیپێكرد، ئەوانیش كاتێك داوای دروستكردنی ئەو یەكێتییەیان كرد كە زانیان ئێمە جددین، واتە نەك هەر پەیەدە، بەڵكو 25 رێكخستن و پارتی دیكەش كە لەئێمەوە نزیك بوون، نزیكەی 15 پارتی دیكەش لەدەوری ئەنەكەسەن و هەندێكی دیكەش كە لەدەرەوەی هەردوولامان بوون، بۆیە ئێمە و هاوپەیمانەكانمان یەكێتییەكمان بەناوی (پارتییەكانی یەكێتی نیشتمانی) دروستكرد و ویستمان بگەینە بڕیارێكی سیاسی بۆ دۆست و دوژمن، بڕیاریشمان ببێتە یەك كە ئەوەش ببێتە سەركەوتنێك بۆ دۆزی رەوای گەلەكەمان، واتە پارتییەكانی یەكێتی نیشتمانی و ئەنەكەسە گەیشتنە رێككەوتن لەسەر خاڵێكی سیاسی ئەویش بڕیاری سیاسی لەناوخۆ و دەرەوە وەك یەك بێت ئەوەیش لەبەر بەرژەوەندی نەتەوەیی.

شكۆی كوردستان: پێتانوایە ئەو رێككەوتنە نەوتییەی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكە كراوە، بەناڕاستەوخۆ دانپێدانانی ئەمەریكایە بە رۆژئاوای كوردستان؟

ئیبراهیم حەسەن: ئەمەریكا وەك روسیا هێزێكی سەرەكییە لە ناوچەكەدا ئەگەر بیەوێت دەتوانێت شەڕ بوەستێنێت لەنێوان رۆژئاوا و دەوڵەتی تورك، هەمانكات دەتوانێت یەكێتی لەنێوان ئێمە و لایەنە كوردییەكانی رۆژئاواش دروست بكات، بەڵام تا چەند دەبێتە جێگەی باوەڕمان ئەوە شتێكی دیكەیە، چونكە كاتێك لەسەرێكانی كشایەوە ئەوە زیانێكی زۆری لێداین و تەنانەت كۆنگرێسی ئەمەریكی وتی ئەوە خیانەت بوو لەكورد.

شكۆی كوردستان: دەوترێت ئەمەریكا داوای لێكردوون زۆر نەڕۆنە ژێر كاریگەری پەكەكە، ئێوە بەو داوایە رازی دەبن؟

ئیبراهیم حەسەن: ئەمەریكا زانی پەیوەندی ئێمە و ئەمەریكا لەسەر بنەمای شەڕی تیرۆریستی بووە، ئێمە هێزی قەسەدە لەهاوپەیمانیدا بووین بۆ شەڕی داعش، بەڵام لەماوەی ساڵی رابردوو ئەمەریكا زانی كە ئێمە هێزی پاك بووین و هێزێكی سەرەكین لەسەرانسەری سوریا، سنور و نەوت بپارێزین و كاری پێكهاتەی سوریا لەناوچەی رۆژهەڵاتی فورات و باكوری سوری بپارێزین، بۆیە ئەمەریكا گەیشتە ئەو باوەڕەی كە ئێمە نابینە تیرۆریست، بگرە دژی تیرۆریستیشین، پاشان ئەمەریكا زانی هێزێكی دیموكرات هەیە و ئەمەریكاش بانگەشەی دیموكراتی دەكات، بۆیە زانی ئێمە ئەمەریكا قبوڵ دەكەین، بەڵام ئەویش شتی ئێمە قبوڵ بكات.

شكۆی كوردستان: ئەمەریكا هیچ هاوكاری كردوون؟

ئیبراهیم حەسەن: ئەمەریكا پڕۆژەی هەیە، بەڵام لەبەر توركیا و لەبەر بەرژەوەندی خۆی ناتوانێت دانپێدانانی سیاسی بەڕۆژئاوادا بنێت، دەخوازێت ئێمە بكاتە هێزێك كە ناوچەكە قبوڵمان بكات، واتە ئەمەریكا دەیەوێت رژێمی بەشار ئەسەد لاواز بكات و ئێمە بهێڵێتەوە و هەتا كار لەسەر رژێمەكە بكات تا بتوانێت رژێم دان بەئێمەدا بنێت.

شكۆی كوردستان: مامەڵەی حكومەتی ئێستای سوریا لەگەڵ رۆژئاوا چۆنە؟

ئیبراهیم حەسەن: رژێمی سوری وەك فیكر دەخوازێت كورد بچووك بكاتەوە و بێنە ژێر دەستی حكومەت و پاشان چارەسەری كێشەكان بكات، بەڵام ئێمە باوەڕمان بەو فیكرە نییە، بەڵكو دەمانەوێت ئێستا چارەسەری كێشەكان بكەین، نەك دوای تەواوبوونی قەیرانەكان، سوریا دەخوازێت بگەڕێینەوە وەك پێشتر پاشان لەپەرلەمان چارەسەری كێشەكان بكات، بەڵام ئێمە ئەوەمان پێ راست نییە، ئێمە ئیدارەی پێنج ملیۆن مرۆڤ دەكەین 30%ی زەوی لەژێر دەستی ئێمەیە، ماقول نییە ئێمە 12 هەزار شەهید و 24 هەزار بریندارمان هەیە، شەهیدی باشور و باكور و رۆژهەڵاتیشمان هەیە، نەك كورد، بەڵكو ئەوروپیش شەهید بوون، ئەسڵەن میللەت قبوڵ ناكات ئێمە بەو شێوەیە تەسلیمی دەسەڵات بین، بۆیە هەر كاتێك قبوڵی كرد بەچارەسەری دیموكراتی ئێمە ئامادەین بۆ ئەو چارەسەرە.

شكۆی كوردستان: وەك دەزانین روسیاش لەناوچەكەدا بوونی هەیە، روسیا لەڕۆژئاوا چ كاریگەرییەكی هەیە؟

ئیبراهیم حەسەن: روسیا زیاتر لەگەڵ رژێمی بەشار ئەشەد، ئەوان پڕۆژەی دیموكراتی پێنج ملیۆن هاوڵاتی كورد و عەرەبە و سریان قبوڵ ناكەن، گەرەكیانە بەتەنها كورد بانگ بكەن و دەخوازن بچوكمان بكەنەوە، ئەو ئیدارەی ئێمە دروستمان كردووە دیموكراتییە ئەنجومەنی عەرەب و سریانیشی تێدایە، بەڵام ئەوان ئەو پڕۆژەیە قبوڵ ناكەن ئەوەش لەژێر كاریگەری نیزامی سوریا، سوریاش دەخوازێت دۆستایەتی ئێمە عەرەب و سریان نەمێنێت.

شكۆی كوردستان: حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ هاوكاری كردوون؟

ئیبراهیم حەسەن: بەڵێ لەماوەی رابردوودا هاوكاری كردووین، بەڵام دەخوازین باشتر بێت، بۆ نموونە هاریكاری بازرگانی و كردنەوەی سنور و تەندروستی، نەخۆشمان دێنە باشور، هەروەها پەنابەرانمان لەباشور.

شكۆی كوردستان: پێكهاتەكان چۆن بەشدارییان لەئیدارەی رۆژئاوا پێكراوە؟

ئیبراهیم حەسەن: لەسەرەتای شەڕی داعش كورد بەتەنها بوو، پاشان كە ئێمە پێكهاتەی دیكەشمان قبوڵكرد لە سێ ساڵی رابردوودا ژمارەی شەهیدی عەرەب لەئێمە زیاتر بووە، شەهیدی سریانیش هەیە، ئەنجومەنی سریانیش هەیە، لەهەر كانتۆنێك پێكهاتەیەك زیاتر بێت ئەو ئەنجومەنە هی ئەوانە و ئەوانیش گرێدراونەتەوە بەحكومەتی عێن عیسا كە ئێمە دروستمان كردووە، بەڵام زۆر گونجاوین و جیاوازی ناكەین.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close