ڕۆژنامەکوردستانی

هەڵسەنگاندێک بۆ پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیایی ئەلکترۆنی لە هەرێم

رێبوار محمد صالح/ تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان

لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا میدیایی ئەلکترۆنی و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵاتیەکان پانتاییەکی فراوانی لە ژیانی رۆژانەی هەرتاکێکی جیهاندا داگیرکردووە و ئەمەش بەهۆی ئاسانی دەستگەیشتن بەهەواڵی ویستراو  و گەیاندنی راوبۆچوونە کەسییەکان بە ئەوانی تر، لەم گەشەسەندنە ئەلکترۆنیەدا کۆمەڵگای کوردیش پشکی گەورەی بەرکەوتووە و تەنانەت زۆربەی خەڵک بەتایبەت گەنجان زۆرینەی کاتەکانیان بە بەکارهێنانی تۆرەکۆمەڵاتیەکانەوە بەسەردەبەن، ئەمەش هۆکاربووە بۆ گرنگی دانی زیاتری رۆژنامەنوسان و پسپۆران بۆ خستنەرووی دیدی وبۆچوونەکانیان لەرێگەی میدیای ئەلکترۆنی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە.

ئەم پێشنیازە بە فلتەری لیژنەپەیوەندیدارەکان و راوێژکارانی پەرلەمان و دواتر ئەندامانی پەرلەمان دا تێپەرییوە

     یاسادانەری هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی ئەو بوارانەی سەرەوە هەستا بە خستنەرووی پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی و ئەنجام دانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی ناوبراو ، ئەمەش واتە ئەم پێشنیازە بە فلتەری لیژنەپەیوەندیدارەکان و راوێژکارانی پەرلەمان و دواتر ئەندامانی پەرلەمان دا تێپەرییوە ، سەرەڕای ئەوەش ئەم پێشنیازە کۆمەڵێک هەڵەی یاسایی گەورەی تێدایە بەشێوەیەک هەندێکی دەکرێ بە کوفری یاسایی ئەژمار بکرێ ، بۆیەبەباشمان زانی لە روونگەی پسپۆرییمانەوە بەکورتی چەن سەرجێکی یاسایی لەسەرتۆماربکەین :

کارکردن لەسەر ئەم بوارە بابەتی هەنووکەیی دۆخی ئیستای هەرێم نەبوو

یەکەم/ کارکردن لەسەر ئەم بوارە بابەتی هەنووکەیی دۆخی ئیستای هەرێم نەبوو ، لەبەردوو هۆکار یەکەمیان ئەوەیە کە ئەو وبوارانەی لەم پێشنیازەدا باس کراوە لە چەن یاسایەکی جیاوازدا رێکخراوە وەک یاسای رۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن و یاسای ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٦ ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەربۆیە دەتوانرێ بەهەمواری ئەویاسانە و بەتایبەت بەهەمواری یاسای رۆژنامەگەری و جێکرنەوەی میدیای ئەلکترۆنی تیایدا چارەسەر بکرێ چونکە هەر لە خودی ئەم پێشنیازەدا بەشێك لە ئەحکامەکانی گەراندۆتەوە بۆ یاسای رۆژنامەگەری ، هۆکاری دووەم ئەوەیە کە هاوڵاتیانی هەرێم ئەو قەیرانانەی بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتووە رۆژلەدوای رۆژ دۆخیان سەخترو دەکات تەنانەت هەڕەشەیەکی جدییە بۆ هەڵوەشانەوەی خێزانەکان و نەمانی سۆز و ئینتیما بۆ خاك و نەتەوە ،ئەمانە پێویستیەهەنووکەییەکانی کاری پەرلەمانین و  ئەرکی دەسەڵاتی یاسادانانە هۆکارەکانی ئەم دۆخە و رێگاچارەکان بە یاسا رێکبخە .

دووەم/ گریمان رێکخستنی ئەم بابەتە پێویستی بەیاسایەکی نوێ هەیە ، لێرەدا دەبێت ئەندامانی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەکردن و رێکخستنی یاساکەدا کەمێک خۆیان ماندووبکەن وئەرک بکێشن لە دراسەکردنی واقعی کۆمەلگا و رەهەندەجیاوازەکانی یاساکەدا، بەڵام یاسادانەری هەرێم لەم پێشنیازەدا هەستاوە بە وەرگێڕانی بەشێك لەمادەکانی یاسای رێکخستنی میدیایی ئەلکترۆنی کویتی ژمارە ( ٨ )ی ساڵی  ( ٢٠١٦) ، ئەمەش لە پرۆسەی یاسادانان دا هەڵەیە چونکە سیستەمی یاسایی و بنەماگشتیەکانی یاسا لە ووڵاتێك بۆ وولاتێکی تر جیاوازی هەیە ، وئەم راستیەش لە بەراووردکرنی ئەم پێشنیازەدا بە یاسای ناوبراوی کوەیتی بەروونی دەردەکەوێ.

سێیەم/ وەک ووتمان ئەم پێشنیازە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە ، ئەمەش واتە پێویستە دراسە وخوێندنەوەی بۆ کرابێ لەلایەن راوێژکارانی پەرلەمان وپەرلەمان تاران و لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە،  سەرەڕای ئەمەش هەڵەیەکی گەورەی یاسایی بەسەریان دا تێپەڕییوە کە بریتی یە لە دیاریکردنی تەمەنی یاسایی و شیاوێتی یاسایی ( الاهلیه‌ القانونیه‌ ) ، وەک دەزانین بابەتی شیاوێتی یاسایی بە شێوەیەکی گشتی لە یاسایی شارستانی عێراقی ژمارە ٤٠ ی ساڵی ١٩٥١ دا رێكخراوە و تا ئیستاش لە عێراق و هەرێم دا بۆ زۆربەی بوارەکان کارپێکراوە، کە بریتیە لە تەواوکردنی ١٨ ساڵی هەروەک لە مادەی ( ١٠٦ ) دا ئەلێ ( سن الرشد هی پمانی عشره‌ سنه‌ کامله‌) ، یاسادانەری هەرێم لەم پێشنیازەدا بەبێ گەرانەوە بۆ یاسایی شارستانی تەمەنی شیاوێتی یاساییان بەرزکردۆتەوە لە ١٨ ساڵەوە بۆ  ٢١ ساڵ بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسایی شارستانی عێراقی هەروەک لە مادەی ( ٦ و ٧ ) پێشنیازەکەدا هاتووە، ئەمەش یەکێکە لەو هەڵەیاساییەگەورانەی کە نەدەبوو یاسادانەر ئەنجامی بدات ، بەڵام هۆکاری ئەم هەڵەیەش رووونە کە دەگەرێتەوە بۆ هێنان و وەرگێڕانی یاسایی میدیایی کویتی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا ، یاسادانەری کویتی لە مادەی ( ٨ و ٩ ) ی یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی ژمارە ( ٨ ) ساڵی ( ٢٠١٦) دا تەمەنی شیاوێتی یاسایی بە ٢١ ساڵ دیاری کردووە ، ئەم تەمەنەش بۆ ووڵاتی کویت راست و دروستە چونکە پەرلەمانی کویتی لەدیاری کردنی ئەم تەمەنەدا گەڕاوەتەوە بۆ یاسایی شارستانی کویتی وەلەم یاسایەشدا تەمەنی یاسایی لەو وولاتەدا ٢١ ساڵە بەپێێ مادەی( ٩٦ )ی یاسای شارستانی کویتی ،  لەمەوە زیاتر بۆمان دەردەکەوێ کە پەرلەمانتارانی کوردستان و لیژنە پەیوەندیدارەکان لەو پێشنیازەدا حوکمێکی یاسایی ووڵاتێکی تریان  هێناوە بۆ هەرێم بەبێ ئاگاداربوون و گەرانەوە بۆ ئەویاسایانەی لە عێراق و هەرێم دا بەرکارن ، ئەمەش لەیاسادا بەهەڵەیەکی یاسایی گەورە دەناسرێ کە تێپەرییوە بەسەر ئەندامانی پەرلەمان و لیژنەپەیوەندیدارەکان و تیمی راوێژکاری پەرلەمان دا .

چوارەم/ ئەو بابەتەی کە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە لەم پێسنیازەدا بریتییە لە مادەی (١٢) ی ئەم پێشنیازە کە تیایدا یاسادانەر پەیوەندیی دروست کردووە لە نێوان کاری میدیای ئەلکترنی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ، ئێـە پێمان وایە ئەم مادەیە هیچ پێویست نەبوو لێرەدا دابنرێ چونکە ئەم بابەتە لە مادەی (٤) یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٦ ی هەرێم دا رێکخراوە و هیچ بۆشاییەکی یاساییمان نیە و پێویست ناکات کاری رۆژنامەوانی و تیرۆرستی پێکەوە ببەسترێتەوە ،و ئەم هەڵەیەش دیسان دەگەرێتەوە بۆ هەڵەکردنیان لە گواستنەوەی یاسا کویتیەکەدا کە باس کرا .

پێنجەم / یەکیێکی تر لە کەمکوریەکانی ئەم پێشنیازە بریتیە لە تێکەڵکردنی میدیایی ئەلکترۆنی و لاپەرەی ئەلکترۆنی کەسیی کە لەمادەی ٤ دا هاتووە ، واتە یاسادانەر جیاوازی نەکردووە لە نێوان کەسێکی ئاسایی  کە لە فیسبووک یان تویتەر یان هەر تۆرێکی تری تایبەتی و کەسی ووتەیەک یان وێنەیەک بڵاودەکاتەوە  لەگەڵ کەسێک دا کە بەپێی پسپۆڕی یان پیشەی رۆژنامەگەریی لەپاراستنی مافی گشتی دا رٶلی هەیە ، ئەمەش هەڵەیەکی روونە و کۆت و بەندێکی ناپێویستە لەسەر ئازادی کەسییەکان و هەرلێرەوە پێشنیار دەکەین لەحالەتی کاردن بەم پێشنیازە گۆرانکاریبکرێت لەمادەی ٤ دا بە هەڵاوێردنی ( استپنا‌و ) ی لاپەرە کەسیی و تۆرەکۆمەلایەتیە تایبەتیەکان دا ، جێگەی ئاماژەپێدانە لێرەدا کە لەیاسایی میدیایی ئەلکترۆنی کویتی دا لاپەرە ئەلکترۆنیە کەسی و تایبەتیەکان هەڵاوێرد ( استپنا‌و) کراوە لەو یاسایە ، وەک چەندجارێک ووتمان یاسادانەری هەرێـم زۆرینەی ئەم پێشنیازەی لەو یاساوە وەرگێراوە بەڵام لێرەدا ئەو بڕگەیەی لاداوە و کە دەتوانین بڵێین ئەو حوکمە یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی یاسایی میدیایی کویتی .

شەشەم/ لەدوای تێپەرێنی ئەو هەڵەیاسایینەی باسمان کرد و چەندینی تریش ، هەندێک لە پەرلەمانتاران باسیان لە کشانەوەی واژووەکان و پەشیمان بوونەوەیان لە پشتگیری ئەوپێشنیازەدا راگەیاند ، ئەمە هیچ هێزێک و پاڵپشتیەکی یاسایی نیە تەنانەت دەتوانین بە عەیبی کاری پەرلەمانی ناوزەندی بکەین لەبەرچەند هۆکارێک یەکەم چونکە پەرلەمانتار نوێنەری یاسایی خەڵکە ، ئەوان هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی لەبری خەڵک ئەرکی یاسادانان و چاودێری ئەنجام بدەن ، وە ئەم ئەرکەش وادەخوازێ ئەوان کەسانێکی شارەزاو بەدیقەت بن لە پاراستنی مافی گشتی لە پرۆژە یاساکاندا نەک چاوەرێی راو و هەڵوێستی شەقام بکەن بۆ هەڵوێست نواندن ، ئەمە پێـان دەڵێ ئاراستەی شەقام لە ئاراستەی نوێنەرانی هەڵبژێردراو هوشیارترو بە دیقەت ترن کە خۆی دەبوایە پێچەوانەکەی راست بوایە ، هۆکاری دووەم بۆ نەبونی بەهای یاسایی کشانەوەی واژوو ئەوەیە کە ئەم پێشنیازە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە و تەنها خوێندوەی دووەم و چەند رێکارێكی تری ماوە بۆ دەرچواندنی وەک یاسا ، خۆگەر دەنگی دلێرو ئازا و ووشیاری خەڵک نەبایە ئەم بابەتە بەو هەڵە و کەمکورتیانەوە دەردەچوێنرا ، کەوابوو ئەوان لەبری کشانەوەی واژوو دەتوانن لەخوێندەوەی دووەم دا ئەو هەڵانە راست بکەنەوە کە تێی کەوتوون .

لە کۆتایی دا ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە کە پێویستە نوێنەری هەڵبژێردرا بە راستی یاسادانەر بێت و نەک وەرگێری یاسای ووڵێتانی تر و شارەزابێت لەبنەماگشتیەکانی یاسا و ئازادییە گشتیەکان و خوێندنەوەی هەبێ بۆ سەرجەم یاسابەرکارەکانی تر لە عێراق وهەرێم دا بۆ ئەوەی چیدی هەڵەی لەوجۆرەکانی باس کرا بەسەریان دا تێنەپەرێ .

بینینی زیاتر
Back to top button
Close