ڕۆژنامەکوردستانی

3 وڵاتی ئەوروپی سزاكانی سەر ئێران كەمدەكەنەوە

شكۆی كوردستان-

هەریەک لە بریتانیا، فڕەنسا و ئەڵمانیا رایانگەیاند، لە سبەینێوە بەردەوامی دەدەن بە کەمکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ئێران، بە پشت بەستن بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، ئەوەش لەکاتێکدایە واشنتن پەیمانیداوە هەمو رێکارێک بۆ گەڕانەوەی سزاکان بەسەر تاراندا بگرێتە بەر.

هەر رێکارێک بۆ گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سەر ئێران بگیردرێتەبەر، هیچ “کاریگەرییەکی یاسایی” نابێت

هەرسێ لایەنە ئەوروپییەکەی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەنامەیەکی هاوبەشدا کە ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتوەکانیان کردوە رایانگەیاند، هەر رێکارێک بۆ گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سەر ئێران بگیردرێتەبەر، هیچ “کاریگەرییەکی یاسایی” نابێت، چونکە ئەمریکا لەساڵی 2018 لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کشاوەتەوە.

هەرسێ وڵاتە ئەوروپییەکە پابەندن بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران

بریتانیا، فڕەنسا و ئەڵمانیا ئاماژەیان بەوەشکردوە، هەرسێ وڵاتە ئەوروپییەکە هەوڵی زۆریانداوە بۆ پارێزگاریکردن لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە و تا ئێستاش پابەندن پێیەوە، هەروەها پابەندن بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران.

16ی ئەم مانگە، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبو، وڵاتەکەی هەمو کارێکی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا ئەنجامدەدات.

لەم هەفتەیەدا ئەمریکا شکستێکی گەورەی نوێ تۆماردەکات

لەبەرامبەردا حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا ئەمریکا شکستێکی گەورەی نوێ بۆ لە هەوڵەکانی بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سەر ئێران تۆماردەکات، چونکە واشنتن چیتر ئەندامی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە نییە و مافی چالاککردنەوەی ئەو بەندەی رێککەوتننامەکەی نەماوە.

بڕیارە ئەمڕۆ  ئەنجومەنی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بڕیاردان لەبارەی ئەو پڕۆژە بڕیاری ویلایەتە یەکگرتوەکان کە بۆ سەپاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران پێشکەشیکردوە، کە بڕیارە مانگی داهاتو بەپێی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لەسەری لابدرێت.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close