نێودەوڵەتی

ئەمڕۆ ئەمریكا بڕیاردەدات

شكۆی كوردستان-
ئەمڕۆ ملیۆنان هاوڵاتی ئەمریكی بەمەبەستی بڕیاردان لەچارەنوسی كاندیدی دیموكرات و كۆمارییەكان دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ ئەو 99 ملیۆن هاوڵاتییەی دیكە كە لەهەڵبژاردنی پێشوەختدا دەنگیان داوە.


دۆناڵد ترەمپی تەمەن 74 ساڵ كە كاندیدی كۆمارییەكانە، دەبێتە یەكەم سەرۆكی هەڵنەبژێردراوە بۆ خولی دوەم لەدوای جۆرج بۆشی باوك (ساڵی 1992) ئەگەر هەڵبژاردنەكان نەباتەوە.


تائێستا بەپێی ئەنجامی راپرسییە نیشتیمانییەكان، جۆ بایدنی تەمەن 77 ساڵ كە كاندیدی دیموكراتەكانە لەپێشەوەیە، بەڵام ئەنجامەكان لەو ویلایەتانەی كە ململانێیان لەسەرە و هێزی یەكلایكەرەوەن لەیەكەوە نزیكن.


پرسی كۆرۆنا لەهەڵبژاردنی ئەمساڵدا پرسی یەكلایكەرەوەی نێوان ترەمپ و بایدنە، هەر ئەو پەتایەش بوەهۆی ئەوەی دەنگدانی پێشوەخت ئاستێكی بەرز لەمێژوی ئەمریكادا تۆماربكات.


لە بەدبەختی ترەمپ، ئەم هەلبژاردنە كەوتۆتە هەفتەیەكەوە كە زۆرترین ژمارەی توشبون بەكۆرۆنای تێدا تۆماركراوە بۆ ئەمریكا، ئەوەش رەنگە زیان بەدەنگەكانی ترەمپ بگەیەنێت.


یاسای كۆكردنەوەی دەنگدان بەئیمێڵ كە بەشێك بوە لە دەنگدانی پێشوەخت لەویلایەتەكاندا جیاوازە، لەبەرئەوە دەنگی بەشێك لە ویلایەتەكان لە یەكەم شەودا یەكلایی نابێتەوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close