ڕۆژنامەکوردستانی

له‌ هەرێمى كوردستاندا 11 ناوچەی پیشەسازی دروستدەكرێت

“ئاستی ژێرخانی ئابووری دەچێتە قۆناغێكی نوێ و بەرهەمی ناوخۆیی دەگاتە ئاستێكی بەرز”

ئا/ شكۆى كوردستان

دەستی بووژانەوەی كابینەی نۆیەم دەگاتە هەموو كەرت و بوارەكان، وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی داناوە بۆ دروستكردنی 11 ناوچەی پیشەسازی كە بەهۆیانەوە ژێرخانی پیشەسازیی هەرێم دەگاتە قۆناغێكی نوێ و بەهێز و هەزاران هەلی كار فەراهەم دەكەن، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی.

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژە دەكات كە لە پارێزگاكانی هەرێم زەوی بۆ ئەو ناوچە پیشەسازییانە تەرخان كراوە و ئامادەیە و ناوچەكانیش بەسەر تایبەت و گشتی دابەش دەبن و سەدان كارگە لەخۆ دەگرن، كە بۆ ئەو قۆناغەی ئێستەی هەرێم زۆر گرنگە.

فەتحی محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە “شكۆی كوردستان”ی راگەیاند، بەپێی دەرخستە و پلانێكی تایبەتی وەزارەتی بازرگانی، 11 ناوچەی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن و بەسەر پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان دابەش كراون، بۆیە زەوی بۆ هەر 11 ناوچە پیشەسازییەكە تەرخان كراوە.

ئامانجێكی پلانەكە دابینكردنی هەلی كار و راكێشانی زۆرترین كۆمپانیای بیانییە بۆ هەرێم

زیاتر گوتی، ناوچە پیشەسازییەكان دەدرێنە كەرتی تایبەت، واتە لە لایەن كەرتی تایبەتەوە دروست دەكرێن و مەرج نییە تەنیا كۆمپانیا ناوخۆییەكان بتوانن ئەو ناوچانە دروست بكەن، بەڵكو كۆمپانیا گەورە و جیهانییەكانیش دەتوانن بێنە پێشەوە و مۆڵەت وەربگرن و دەست بە دروستكردن بكەن، حكوومەت تەنیا لایەنی چاودێر و سەرپەرشتیار بەسەر كۆمپانیاكاوە دەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی روونی درەوە كردەوە، ئێستە هەندێك لە كۆمپانیا گەورەكان داوای زانیارییان لە وەزارەتی بازرگانی كردووە لەبارەی ئەو ناوچە پیشەسازییانەوە بۆ ئەوەی دەست بە كاركردن بكەن، ئێمەیش چاوەڕێی هاتنی كۆمپانیاكان دەكەین بۆ دەست پێكردنی كار و پڕۆپۆزەڵ پێشكەیش بە وەزارەت بكەن، هەر كۆمپانیایەك داوای مۆڵەتی كرد دەستبەجێ دەتوانێ دەست بە كاركردن بكات و دەخوازین لە ماوەی ئەمساڵدا بەشێكی ئەو ناوچانە بچنە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.

“ئەو ناوچە پیشەسازییانە دوو جۆر دەبن، بەشی تایبەت و گەشتی، گشتییەكان بۆ كارگەكانی بیناسازی و پلاستیك و كارگە پیشەسازییەكانی ترە، لەگەڵ بەشی تایبەت كە بۆ خۆراك و خواردنەوە و خواردەمەنییەكان دەبێت، وەك ئەوەی ئێستە لە دهۆك بەردی بناغەی بۆ دانراوە، ناوچەیەكی پیشەسازیی تایبەتە بە خۆراك و 40 كارگە لەخۆ دەگرێت”، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی وای گوت.

ئەوەیشی خستەڕوو، شەش لە ناوچە پیشەسازییەكان دەكەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، سیانیان بۆ پارێزگای هەولێر و دوو ناوچەیش بۆ پارێزگای دهۆك دەبێت، بە دروستكردنی ئەو ناوچانە، هەرێمی كوردستان ئاستی ژێرخانی ئابووری دەچێتە قۆناغێكی نوێ و بەرهەمی ناوخۆیی دەگاتە ئاستێكی بەرز و هەزاران هەلی كار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنرێت.

فەتحی محەمەد ئاماژەی كرد، ئەمە قۆناغێكی باش و پێشكەوتوو دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان و وا دەكات كۆمپانیا بیانییەكان بۆ هەرێم رابكێشێت و كاریان بێننە ناوچەكە، كاركەیش بە هاوئاهەنگی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ دەبێت، ئامانجمان ئەوەیە بەهۆی ئەو ناوچانەوە زۆرترین كۆمپانیای بیانی بۆ ناوخۆی هەرێم راكێشین.

لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای بواری ئابووری بە “شكۆی كوردستان”ی راگەیاند، هەوڵدان بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە بۆ ئێستەی ناوچەكە، ئەمە وا دەكات هەرێمی كوردستان ببێتە وڵاتێكی بەرهەمهێنەر، كە لەلایەك سوودی بۆ ناوخۆی وڵات دەبێ و لەلایەكی تر بۆ دەرەوە، ئەمە جگە لەوەی دەرفەتی كار بۆ كۆمپانیا و هاووڵاتییان و هەلی كاریش دەڕەخسێنێت.

زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان زۆر پێویستی بە پێشخستنی كەرتی تایبەت دەبێت، ئەو ناوچە پیشەسازییانەی كە وەزارەتی بازرگانی باسیان دەكات، ئەگەر بێ و بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، بە تەواوكردنیان ئاستی ژێرخانی پیشەسازی بە رێژەی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

شایەنی باسە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەی كابینەكەیدا زۆر گرنگی بە پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی داوە و باسی كردووە و كارنامەی كابینەی نۆی حكوومەت كاری بۆ بووژاندنەوە و بەهێزكردنی ئابووری كوردستان كردووە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close