ڕۆژنامەکوردستانی

وەزارەتی کشتوکاڵ: 50% تەماتە لە جوتیاران وەردەگیرێت

شكۆی كوردستان-

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ هەردو کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر و شارەزور واژۆکرد، بەپێی یاداشتەکە ئەو دو کارگەیە 50% بەرهەمی تەماتە لە جوتیاران وەردەگرن.

ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ هەردو کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر و شارەزور واژۆکرد بەمەبەستی وەرگرتنی بەرهەمی تەماته لە جوتیاران و دروستکردنی دۆشاوی تەماتە.
 
ئەحمەد تاهیر، شارەزای کشتوکاڵی لە نوسینگەی وەزیری کشتوکاڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، “ئەو گرێبەستە پاڵپشتیەکی گرنگە لە بایەخدانی بە بەرهەمی ناوخۆ و هاندانی جوتیاران، بەوپێیەی لە ساڵای رابردو کێشەی ساخکردنەوە و بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران روبەڕوی وەزارەتی کشتوکاڵ دەبوەوە”.

ساڵی رابردو جوتیاران بەرهەمی تەماتەیان لەناودەبرد لەبەر ئەوەی بەرهەم زۆر بو خواستیش لە بازاڕ بەو شێوەیە نەبو

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی رابردو جوتیاران بەرهەمی تەماتەیان لەناودەبرد لەبەر ئەوەی بەرهەم زۆر بو خواستیش لە بازاڕ بەو شێوەیە نەبو، بۆیە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەل هەردو کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزور و هەریر واژۆ کرا، کارگەی شارەزور هەرزو بەشێکی بەرهەمی تەماتەی جوتیارانی وەرگرت و دۆشاوی تەماتەی کوالێتی بەرزی لێ دروستکرد، بەڵام بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی کارگەی هەریر ساڵی رابردو نەکەوتە کار لەگتل ئەوەشدا بەشێک لە بەرهەمی جوتیارانیان کڕیەوە.

بەپێی ئەو یاداشتەی واژۆکراوە 50% بەرهەمی جوتیاران وەردەگرن بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست نەکات

ئەحمەد تاهیر باسی لەوەشکردوە، “بەپێی ئەو یاداشتەی واژۆکراوە 50% بەرهەمی جوتیاران وەردەگرن بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست نەکات، وەرگرتنی لەو بڕە زیاتر دەکەوێتە سەر رێکەوتنی جوتیاران و کارگەکان”.

ئەوەشی خستەڕو، ئەو کارگانە دۆشاوی تەماتەی کوالێتی بەرز دروست دەکەن، چونکە ئەو دۆشاوی تەماتەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت بەشێکیان کوالێتیان باش نیە و لە روی تەندروستی شیاو نین.

ئەحمەد تاهیر رونیشیکردەوە، “لیستی 170 تەرزی تەماتە کە لەلایەن هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پەسەندکراون، کە شیاون بۆ دۆشاوی تەماتە دراوەتە هەردو کارگە بۆ ئەوەی لەو جۆرە تەماتەیە لە جوتیاران وەربگرن، هەر تەرزێکی تری تەماتەی گونجاویش بێنن بۆیان تۆمار دەکەین”.

راشیگەیاند، هەردو کارگە سندوقی پلاستیک بۆ جوتیاران دابین دەکەن و لەهەر ناوچەیە شوێنیک دیاری دەکرێت بۆ وەرگرتنی تەماتە لەوێشەوە لەسەر ئەرکی کارگەکان تەماتە دەگوازرێنەوە، لیژنەی تایبەتیش پێکدەهێنرێن بو واژۆکردنی گرێبەست لەنێوان کارگەکان و جوتیاران.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close