ڕۆژنامەکوردستانی

وەزیری بەرگری توركیا گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم كۆدەبێتەوە

شكۆی كوردستان-

ئێوارەی دووشەممە 2020/01/18 خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا. 

بەپێی ئەجێندای سەردانەکە رۆژی سێشەممە وەزیریی بەرگریی تورکیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەدا کۆدەبێتەوە.  بە گشتی دۆخی ئەمنیی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، بە تایبەتی پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تەوەرێکی دیدار و کۆبوونەوەکان دەبێت.  د. شەرەف مەنتەشە، پسپۆری پەیوەندیی نێودەوڵەتی و زانستی سیاسی دەڵێت: “پێویستە ئەمە بزانین، پێکهاتەیەک کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر براکانم لە هەرێمی کوردستان، نابێت لەنێو سنووری کۆماری تورکیادا بژی.

هەروەها پێکهاتەیەک کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر و سامانی هاووڵاتییانی کۆماری تورکیا، بە هیچ شێوەیەک نابێت لە هەرێمی کوردستانی عێراق داڵدە بدرێت. وەزیری بەرگریی تورکیا کە ئەزموونێکی سەربازیی هەیە، کاتێک دەبینین لەگەڵ هاوتاکانی و سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداری دەبێت. ئیدی نابێت ئێمە بە گەڕانەوە بۆ کێشەکانی 30 ساڵ لەمەوبەر، باس لە ئەمڕۆ بکەین.” 

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە وەزیری بەرگریی تورکیا لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیی لێکرد. نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە رێزگرتن لە سەروەریی عێراق، پاراستنی ئاسایشی خاکەکەی و رێگرییکردن لەوەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ھێرشکردنە سەر ھەر لایەنێک کراوەتەوە. هەروەها مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند: “عێراق لە توانایدایە کۆتایی بەو هەڕەشانە بهێنێت کە دەکرێنە سەر تورکیا” و گوتیشی: “رێگە نادەین خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکاربهێنرێت.”  

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، دەتوانن سوپای عێراق لە هەموو ناوچەکان جێگیر بکەن. دوای کۆبوونەوەی وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە کە خوڵوسی ئاکار گوتوویەتی: “رێز لە یەکێتی و سەروەری و ئارامیی عێراق دەگرین.

لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکەدا هاوئاهەنگی و هاوکاری رۆڵی گرنگیان هەیە.” بڕیار بوو خولوسی ئاکار لە 13ی ئابی 2020ـدا سەردانی عێراق بکات، بەڵام بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا و گیانلەدەستدانی دوو ئەفسەری پلە باڵای هێزەکانی پاسەوانی سنووریی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی خولوسی ئاکاری بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە. 

بینینی زیاتر
Back to top button
Close