نێودەوڵەتی

دوای راگرتنی تاقیكردنەوەكانی، زانیاری نوێ لەبارەی ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد بڵاودەبێتەوە

شكۆی كوردستان-
هەر چەندە بەهۆی نەخۆشكەوتنی یەكێك لەژنە خۆبەخشەكان تاقیكردنەوەكانی ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد لەجیهاندا راگیرا، بەڵام بەرپرسانی كۆمپانیای (ئاسترا زێنیكا) كە بەرهەمهێنەری ڤاكسینەكەیە بەئومێدەوە لەئایندەی ڤاكسینەكەیان دەڕوانێت و دەڵێت، “هێشتا پێمانوایە بتوانین تا كۆتایی ئەمساڵ ڤاكسینەكە بەرهەمبهێنین.”

بەگوێرەی هەواڵێكی دەیلی مەیلی بریتانی، پاسكاڵ سۆریۆت بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای (ئاسترا زێنیكا) كە بەرهەمهێنەری ڤاكسینەكەیە رایگەیاند، “هێشتا پێمانوایە دەتوانین تا كۆتایی ئەمساڵ ڤاكسینەكە بەرهەمبهێنین.”

ئەو بەرپرسەی كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ڤاكسینەكە ئاماژەی بەوەشكرد، هێشتا بەردەوامن لەبەرهەمهێنانی ڤاكسینەوە و لەئێستادا چاوەڕێی ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەی گروپێكی سەربەخۆن لەبارەی سەلامەتی ڤاكسینەكەیان و پاش ئەو ئەنجامانە هەوڵدەدەن تا كۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی ئایندە ڤاكسینەكە بەتەواوەتی بەردەستبخەن.

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای (ئاسترا زێنیكا) رەتیشیكردەوە هیچ كەسێك بەهۆی تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكە توشی هەوكردنی دڕكەپەتك بوبێت.

ڤاكسینی ئۆكسفۆرد دژی كۆرۆنا كە لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە بەیەكێك لەسەركەوتوترین ڤاكسینەكانی كۆرۆنا لەقەڵەمدرا، هەفتەی رابردو بەهۆی نەخۆشكەوتنی یەكێك لەخۆبەخشەكان كە ڤاكسینەكەی لەسەر تاقیكرابوەوە تاكردنەوەكانی ئەو ڤاكسینە لەسەرتاسەری جیهان راگیرا.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close