شكۆی كوردستان-
دوای ئەوەی 13ی ئەم مانگە سێ خوێندکاری خوێندنگەیەک لەقەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان توشی کۆرۆنا بون بۆ ئەو مەبەستە پشکنین بۆ زیاتر لە 60 خوێندکار و مامۆستای خوێندنگەکە کرا، ئەمڕۆ دوشەممەش ئەنجامی پشکنینەکان دەرچو کە سەرجەمیان نێگەتیڤ بون و هەڵگری پەتاکە نەبون.
سەرجەمیان نێگەتیڤ بون و هەڵگری پەتاکە نین
عەدنان مەجید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا لەکەلار بە خەندان- راگەیاند، دوێنێ یەکشەممە پشکنین بۆ زیاتر لە 60 خوێندکار و مامۆستای خوێندنگەی شەهید ئارام لەکەلار کرا کە پێشوتر سێ خوێندکاریان توشی کۆرۆنا ببون، ئەمڕۆش ئەنجامی پشکنینەکان دەرچوە کە سەرجەمیان نێگەتیڤ بون و هەڵگری پەتاکە نین.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر مامۆستا و خوێندکارێکی دیکە کە نیشانە سەرەتاییەکانی توشبون بەکۆرۆنای هەبێت و دوای هێنانی پشتگیری خوێندنگەکەی، لە نەخۆشخانەی قەڵا پشکنینی بۆ دەکرێت.
تەندروستی ئەو سێ خوێندکارەی توشی کۆرۆنا بون جێگیرە و لەماڵەوە کەرەنتیکراون
پەیوەست بە تەندروستی ئەو سێ خوێندکارەی توشی پەتاکەش بون بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا وتی، تەندروستی ئەو سێ خوێندکارەی توشی کۆرۆنا بون جێگیرە و لەماڵەوە کەرەنتیکراون.
ئاماژەکان دڵخۆشکەرن و پێویستە خوێندنی ناو کەمپەس بەردەام بێت
دوێنێش لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دوای هەفتەیەک لەدەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، بەگوێرەی ھەمو ئامار و داتاکان کەڕۆژانە لە ڕێگەی پەروەردەی قەزاکانەوە بە دەستیان دەگات، ئاماژەکان “دڵخۆشکەرن و پێویستە خوێندنی ناو کەمپەس بەردەام بێت”.
7ی ئەم مانگە بەبەشداری 1،700،000 (ملیۆنێک و حەوت سەد ھەزار) خوێندکار و 170 هەزار مامۆستا و کارمەند پرۆسەی خوێندن بەگرتنەبەری رێکار و رێنمایی تەندروستی لەهەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە.