كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانى 21 ساڵه‌ى دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌ر نه‌كراون
ئا/ شكۆى كوردستان
كه‌مى ژماره‌ى كارمه‌ندى پسپۆڕ و سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونى دارایى و ڕێگرییه‌كانى هه‌ندێك له وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌ت؛ له گرنگترین كێشه‌كانى چاره‌سه‌ر نه‌كراونى دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێمى كوردستانه.
دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێمى كوردستان له ساڵانى (2000 -2001) دامه‌زرا، به‌ڵام دواتر به‌هۆى شه‌ڕى ناوخۆ و دوو ئیداره‌ییه‌وه، ئه‌و ده‌زگایه‌ش هاوشێوه‌ى وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێم كه‌رت بوو، به‌مه‌ش دیوانى چاودێرى دارایى له هه‌ولێر و سه‌رۆكایه‌تى دیوانى چاودێرى دارایى له سلێمانى دروستكرا.
دواى یه‌كگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو ده‌زگاكه و ده‌ركه‌وتنى كه‌موكوڕیى له یاساى ژماره (14)ى ساڵى 2000، بڕیاردرا به هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه به‌مه‌ش دواى دوو ساڵ تواندرا، یاساى ژماره دووى ساڵى 2008ى دیوانى چاودێرى دارایى په‌سه‌ند بكرێت و له‌وكاته‌وه تائێستا كار به‌و یاسایه ده‌كرێت.
له‌جیاتى په‌رله‌مان؛ ڕه‌شنووسى یاساى دیوانى چاودێرى دارایى بۆ په‌رله‌مان نێردراوه!
دواى نزیكه‌ى 13 ساڵ، دیوانى چاودێرى دارایى ده‌یه‌وێت یاساكه‌یان به ته‌واوی بگۆڕن، بۆ ئه‌مه‌ش به هه‌ماهه‌نگى په‌رله‌مانى كوردستان ره‌شنووشى یاسایه‌كى دیكه‌یان داڕشتووه، به‌ڵام دیوانى چاودێرى دارایى له‌جیاتى ئه‌وه‌ى ڕه‌شنووسه‌كه بۆ په‌رله‌مانى كوردستان بنێرێت؛ بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانى ناردووه.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى بۆچى ڕه‌شنووسى یاساكه‌یان بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ناردووه، موحسین محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاهێنان و په‌ره‌پێدانى پیشه‌یى دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێمى كوردستان به (شكۆى كوردستان)ى ڕاگه‌یاند: بۆ گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى دیوانى چاودێرى دارایى، ئێمه له ساڵى 2019 ڕه‌شنووسى پڕۆژه یاسایه‌كى دیكه‌مان به هه‌ماهه‌نگى په‌رله‌مان ئاماده‌كرد، به‌ڵام بۆ به‌هێزكردنى یاساكه، سه‌رۆكى دیوانى ڕاوێژى به كۆمه‌ڵێك كه‌س كرد، دواتر ڕه‌شنووسه‌كه‌ى بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران نارد بۆ ئه‌وه‌ى تێبینى خۆیان له‌سه‌ر بده‌ن، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌جیاتى ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كه بۆ په‌رله‌مان بنێرێت؛ بۆ ئه‌نجومه‌نى شوراى هه‌رێمى كوردستان ناردووه‌و تائێستا ڕه‌شنووسى یاساكه له‌وێیه”.
له ۆركشپۆشى ڕه‌وشى ده‌سته سه‌ربه‌خۆكانى هه‌رێمى كوردستان، كه هه‌فته‌ى ڕابردوو ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان (PAY) بە هاوكاریی سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئەمەریكی له هه‌ولێر ئه‌نجامیدا؛ تاوتوێى كێشه‌كانى به‌رده‌م دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێم كرا.
به‌راورد به وڵاتانى دیكه، ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێمى كوردستا “زۆر كه‌مه”، چونكه وه‌كو به‌رپرسه‌كه‌ى دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێم باسیكرد: له وڵاتانى سه‌رۆكى دیوانى چاودێرى دارایى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه و به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كانى حكومه‌ت ده‌كات و ده‌سته‌كه‌ش هاوشێوه‌ى وه‌زاره‌ته سیادییه‌كان، هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ڵام له هه‌رێمى كوردستان سه‌رۆكى دیوانى پله‌كه‌ى وه‌زیره و ده‌سته‌كه‌ش وه‌ك وه‌زاره‌تێكى سیادى هه‌ژمار نه‌كراوه.
كه‌مى كارمه‌ند و ڕێگرییه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
له‌و ۆركشۆپه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاهێنانى دیوانى چاودێرى دارایى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه له بوارى (ئۆدینگ و ئه‌كاوتینگ) كێشه‌یان هه‌یه، چونكه ده‌زگاكه پێویستى به كه‌سانى پسپۆڕ و تایبه‌ت له بوارى ئۆدینگ و ئه‌كاوتینگ هه‌یه، هه‌روه‌ها نزیكه‌ى شه‌ش ساڵ ده‌بێت چه‌ند كه‌سێك له بوارى (محساب قانوون)ى گوازتراوه‌ته‌وه بۆ دیوانى چاودێرى دارایى، كه‌چى هێشتا كێشه‌یان له بوارى كارمه‌ندى پسپۆڕ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه.
گوتیشى: “ئۆدیته‌ره‌كانى ئێمه كه نزیكه‌ى 100 كه‌س ده‌بن پێڕاناگه‌ن وردبینى دارایى بۆ كارى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان بكه‌ن، بۆیه ئه‌گه‌ر دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێم به‌راورد بكه‌ین به دیوانى چاودێرى دارایى عێراق و وڵاتانى تر، ئه‌وا له‌ڕووى ژمارى كارمه‌ند و بودجه و ده‌سه‌ڵاتى كاركردنه‌وه جیاوازییه‌كى زۆر به‌دى ده‌كرێت”.
له‌باره‌ى ڕێگرییه‌كانى وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌رپرسه‌كه‌ى دیوانى چاودێرى دارایى، ده‌ڵێت: “له‌ڕووى یاساییه‌وه كێشه‌كیان بۆ دروست ناكرێت، چونكه هه‌ر 25 ده‌سته‌كه‌ى دیوان كه بۆ وردبینى دارایى سه‌ردانى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كه‌ن به نووسراوى ڕه‌سمى كارى خۆیان ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده به ئاشكرا ڕێگرى له كاره‌كانیان ناكرێت، به‌ڵام به‌ڵام كێشه له عه‌قڵیه‌تى هه‌ندێك له به‌رپرسانه‌وه هه‌یه كه نایه‌نه‌وێت له گرنگى كارى دیوانى چاودێرى دارایى بگه‌ن”.
له ئه‌نجامى به‌دواداچوونى ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان (PAY) بە هاوكاریی سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئەمەریكی، دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێمى كوردستان كۆمه‌ڵێك كێشه و گرفتى هه‌یه، كه ئه‌مانه گرنگترنیانن:
– ده‌بوو بودجه‌ى دیوانى دارایى هه‌رێمى كوردستان له‌ڕێگه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه وه‌كو یه‌كه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ دیاری بكرێت، به‌ڵام بودجه‌كه‌ى سه‌ربه‌خۆ نییه و چاوى له ده‌ستى حكومه‌ته بۆ پێدانى بودجه، به‌مه‌ش دیوانى چاودێرى دارایى سه‌ربه‌خۆیى له ده‌ستده‌دات.
– به‌پێى مادده‌ى پێنجه‌مى یاساى دیوانى چاودێرى، سه‌رۆكى دیوانى چاودێرى دارایى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى چوار ساڵه و شایه‌نى دووباره بوونه‌وه‌یه بۆ یه‌ك جار به ڕه‌زامه‌ندى زۆرینه‌ى ده‌نگى په‌رله‌مان، به‌ڵام سه‌رۆكى دیوان دواى سوێند خواردنى له په‌رله‌مانى كوردستان، له 11ى ئایارى 2014 ده‌ستبه‌كاربووه، ده‌بوو له 10ى ئایارى 2018 ماوه‌ى یاسایى به‌سه‌رچووه. په‌رله‌مانى كوردستان له خولى چواره‌م و پێنجه‌میدا نه‌یتوانیوه سه‌رۆكى دیوانى بگۆڕێت ئه‌مه‌ش پێشێلكارى زه‌قى یاسایه.
– دیوانى چاودێرى دارایى نه‌یتوانیوه به ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێنه‌كردووه، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه كه له‌لایه‌ن داموده‌زگاكانى حكومه‌تى هه‌رێم زانیارى پێویستى ناخرێته به‌رده‌ست.
– له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، چه‌ند گرێبه‌ستێكى ڕۆتینى بۆ دیوانى چاودێرى دارایى نێردراوه و وێنه‌ى هیچ گرێبه‌ستێكى گرنگ له كه‌رتى وه‌به‌رهێنان و نه‌وت و گاز و موساتحه‌ى زه‌ویى و پاره گۆڕینه‌وه‌یان پێنه‌دراوه.