نێودەوڵەتیڕۆژنامە

فشارە نێودەوڵەتییەكان سەڕاج ناچار بە دەست لەكاركیشانەوە دەكات

رۆژنامەی شكۆی كوردستان-

هەندێك پێیان وایە سەڕاج لە ژێر فشاری ئەمریكییەكان ئەو بڕیارەی داوە، ئەمەش بۆ ڕازیكردنی چەند  لایەنێكی نێودەوڵەتی كە لە ڕێككەوتننامەكانی نێوان سەڕاج و توركیا نیگەرانن، بە تایبەتیش ڕێككەوتننامەی دیاریكردنی سنوری دەریایی نێوان توركیا و سەڕاج كە ئەوروپییەكان بە گشتی و فەرەنسا و یۆنانی بە تایبەتی نیگەران كردووە.

ئۆلیڤەر ئۆفتشا- ی باڵوێزی ئەڵماینا لە لیبیا لە تویتێكدا پێشوازی لەو هەنگاوەی سەڕاج كردووە و پێی وایە بڕیارەكەی شایستەی ڕێزلێگرتنە، بەو پێیەی دەستاو دەستكردنی دەسەڵات لە هەر وڵاتێك بە ئاڵێنگارییەكی گەورە دادەنرێت.

لەو چەند مانگەی پێشووشدا، دەنگۆی ئەوە هەبوو كە فەڕەنسا پڕۆژە یاسایەك سەبارەت بە لیبیا دەخاتە بەردەست ئەنجومەنی ئاسایش بە مەبەستی لێسەندنەوەی شەرعییەت لە حكومەتە سازانكارییەكەی سەڕاج.

عەمار زایدی ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی كە سەر بە ڕەووتە توندڕەووەكانی لیبیایە  و لاگیرییەكی كوێرانەی بۆ توركیا هەیە، ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە توركیا زۆر نیگەرانە لە دەست لەكاركێشانەوەی سەڕاج.

زاید لەو بارەوە وتی كە شەرعییەتی هەر دەسەڵاتدارێكی لێبیا پەیوەست نییە بە پۆستەكەیەوە، بەڵكو پەیوەستە بە ڕێككەوتنی سیاسییەوە، دەبێت ئەو شەرعییەتەش لە لایەن شۆڕشگێرانەوە (مەبەستی میلیشیاكانە) پشتیوانی لێ بكرێت، بۆیە بە هیچ شێوەیەك نابێت شۆڕشگێران پەراوێز بخرێن.

چوار شەممەی ڕابردوو سەڕاج لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا دەست لەكاركیشانەوەی خۆی ڕایگەیاند، وتیشی گەرەكیەتی لە كۆتایی ئۆكتۆبەری ئایندەدا دەست بەرداری پۆستەكەی بێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی خۆرهەڵاتی لیبیا كە عەبدوڵا ئەلسنی سەرۆكایەتی دەكرد.

سەڕاج لە لێدوانەكەیدا دووپاتی كردووە كە هیواخوازە لیژنەی گفتوگۆكاری لیبیا كارەكانی خۆیان تەواو بكەن و ئەنجومەنێكی سەرۆكایەتی تازە بۆ لیبیا هەڵبژێرن، تاوەكو دەسەڵاتەكانی ڕادەستی ئەوان بكات، ئەمەش بە گوێرەی بڕیارەكانی كۆنگرەی بەرلین كە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندی كردووە.

هەندێك پێیان وایە سەڕاج بەو لێدانەی مەبەستییەتی بە سوك و ئاسانی و بە كەمترین زیان لە گۆرەپانی سیاسی لیبیا بچێتە دەرەوە.

زیاد دەغیم- ی پەرلەمانتاری لیبیاش لەوبارەوە گوتی كە بڕیارەكەی سەڕاج بە دەست بەرداربوونی لە پۆستەكەی لە جێی خۆیەتی، چونكە لە خزمەت بەرژەوەندی گشتی وڵاتدایە، پیشتریش بڕیاری دیكەی سوودبەخشی داون وەك ڕازیبوون بە ئاگربەست و وەستاندنی جەنگ.

زیاد پێی وایە ئەو بڕیارەی سەڕاج هەنگاوێكی جدیە و تۆپەكەش هەڵدەداتە گۆڕەپانی نەیارەكانییەوە، بۆیە دەبێت پێشوازی لێ بكرێت و هەموو ئەو نیگەرانییانەی سەڕاجیش بڕەوێندرێنەوە كە لەوانەیە لەو بارەوە هەستیان پێ بكات.

سەعد جازوویی ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری لیبیا كە سەر بە گروپی ئیخوان موسلمینە، گومانی لەو هەنگاوەی سڕاج هەیە و پێی وایە بە فشاری دەرەكی ئەو بڕیارەی داوە و پڕۆژەیەكی نێودەوڵەتیش لە پشت ئەو بڕیارەی سەڕاجەوەیە، پێشی وایە دوای بڕیارەكەی سەڕاج قۆناغێكی ڕاگوزەری لە لیبیا دەست پێدەكات.

زۆرینەی بووچوونەكان لەگەڵ ئەوەن كە دەستلەكاركیشانەوەكەی سەڕاج بە فشاری نێودەوڵەتی بووە، لە زۆرێك لە پایتەختەكانی دەوڵەتانی جیهان بە تایبەتیش واشنتۆن، ئامادەكاری دەكرێت بۆ قۆناغی دوای سەڕاج، ئامانجیش ئەوەیە پێش هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا ئەو هەنگاوانە تەواو بكرێن.

پێشتریش چەند ڕاپۆرتێكی ئەمریكی ئاماژەیان بەوە دابوو كە سەڕاج بەو نزیكانە دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت، ئەو بڕیارەش بە هەماهەنگی نێوان واشنتۆن و  توركیا دراوە، هەموو پێنوێنەكانیش ئاماژە بەوە دەدەن كە لە ئەگەری دەستلەكاركێشانەوەی سەڕاج، پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و تەڕابلوس كاریگەری زۆریان دەكەوێتەسەر.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close