نێودەوڵەتیکوردستانی

سەڵاحەدین دەمیرتاش: هەوڵی ئەوە دەدەین پەکەکە لە تورکیا چەک دانێت و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبین

شکۆی کوردستان-

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە زیندانەوە زنجیرەیەک تویتی کردووە و باس لەوە دەکات پاش نەهێشتنی دەسەڵاتی ئەردۆغان کێشەی کورد چۆن چارەسەر بکرێت.

دمیرتاش دەڵێت ” با بەڵێنێک بە گەلەکەمان بدەین، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە دوای ڕژێمی ئەردۆغان، کە پڕە لە ناکۆکی، پەکەکە لە تورکیا بە تەواوی چەک دانێن و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبین. ئێمە کێشەکانمان بەپێی پێویست و لە چوارچێوەی یاسادا لە ئەنجومەنی مەزنی نیشمانی تورکیا چارەسەر دەکەین و بە دڵنیاییەوە ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی گەورە مسۆگەر دەکەین.”

دمیرتاش کە لە ساڵی 2013 و سەردەمی دەستپێشخەری ئاشتی هاوسەرۆکی هەدەپە بوو و لە ساڵی 20016 وە لە زیندانە دەشڵێت ” دەمانتوانی پێشتر ئەمانە بکەین، بەڵام؛ ئەردۆغان ئەوانەی خوازیاری ئاشتی بوون فڕێدایە زیندانەوە، پەراوێزی خستن، هەوڵی داخستنی پارتەکانیانی دا، کەسانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانییەکان دەستنیشان کرد، بە وروژاندنی زیاتر ناوکۆکی هاندا و هەوڵیدا بە گوتاری “تیرۆر” خەڵک بترسێنێت و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگەکانی دا. تا ئێستاش ئەم کارە دەکات.”

سەڵاحەدین دەمیرتاش پێشتر بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو و ئێستا هێشتا لە زیندان ماوەتەوە و ڕووبەڕووی شیانی سزای هەتا هەتایی بووەتەوە لە دۆسێیەکدا لەگەڵ نزیکەی 100 ئەندامی تری هەدەپە کە تۆمەتبارکراون بە هاندانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2014 کە تیایدا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا. ئەوان نکوڵی لەو تۆمەتە دەکەن.

لە بەشێکی تری تویتەکەیدا ڕۆژی پێنجشەممەیدا دەمیرتاش دەڵێت ” باوەڕ مەکەن ساختەچیەکان، بتوانن ئارامی بهێننە ئاراوە. پەکەکە بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی دا و دەرگای چارەسەری کردەوە.

بەڵام وروژاندن بەردەوام هەیە. خوا نەکا، ڕەنگە کەسێک هەوڵی ڕشتنی خوێن بدات بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن هەبێت. هەموومان پێکەوە وریا دەبین، و نایەینە ناو ئەم یارییەوە.”

لە کۆتاییشدا جارێکی تر جەخت لە ئاشتی دەکاتەوە و دەڵێت ” تکایە لەبیرتان بێت، ئێمە ئاشتی و دیموکراسیمان دەوێت. ئێمە دەمانەوێت بە یەکسانی و برایەتی پێکەوە بژین. پارتی چەپی سەوز زۆرترین کار بۆ ئەمە دەکات. متمانە بە ئێمە بکە نەک درۆزنەکان یان فێڵبازەکان کە خەڵک بۆ دەنگدان دەوروژێنن. بە دڵنیاییەوە پێکەوە سەردەکەوین.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close