کوردستانی

سێ ڕۆژە سەرۆكی پێشوی شارەوانی هەڵەبجە دیارنەماوە

شكۆی كوردستان-

لەڕۆژی یەكشەممەی رابردوەوە خدر كەریم بەڕێوەبەری پێشوی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجە لەماڵەكەی خۆی چوەتەوە دەرەوەو دیارنەماوە.

سەربەست كەریم برای خدر كەریم لەوبارەیەوە رایگەیاند براكەی لەڕێژی یەكشەممەی رابردوەوە بەمەبەستی سەردانكردنی غاباتی گوڵات لەپارێزگای هەڵەبجە كە نزیكی ماڵی خۆیانە چوەتە دەرەوە و تائێستا بێسەروشوێنە.

لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی هەبوە یان گومانیان لەچی هەیە بۆ دیارنەمانی براكەیان، سەربەست كەریم رایگەیاند، خدری برای هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نەبوە و هیچ نەخۆشییەكی ئەوتۆشی نەبوە تا بیگەڕێننەوە بۆ ئەوە.

ماوەی سێ ساڵە خدر كەریم سەرۆكی پێشوی شارەوانی هەڵەبجە خانەنشین بوە و هیچ بەرپرسیارێتییەكی نەبوە، لەكاتی چونەدەرەوەشی مۆبایل و ئۆتۆمبێلەكەی لەگەڵ خۆی نەبردوە.

برای خدر كەریم ئاشكراشیكرد، بەكامێری ماڵانی نزیك ناوچەكەدا چونەتەوە و دڵنیابون لەوەی چوەتە ناو غاباتی گوڵان.

گلەیشی لەپۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی هەڵەبجە كرد كە كەمتەرخەمییان نواندوە لەگەڕان و پشكنین بەدوای براكەیاندا، هەرچەندە پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند لەئێستادا لەڕێگای فڕۆكەوە بەدوای خدر كەریمدا دەگەڕێن.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close