نێودەوڵەتی

چین مانۆڕێکی سەربازی گەورەی لەنزیکی تایوان دەستپێکرد

شکۆی کوردستان-

چین ڕۆژی شەممە 8ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە مانۆڕی سەربازی وڵاتەکەی لە نزیک دوورگەی تایوان دەستی پێکردووە و ئەم ڕاهێنانەش سێ ڕۆژ دەخایەنێت.

مانۆڕە سەربازییەکەی چین وەڵامێکە بۆ سەردانەکەی تسای ئینگ وێن سەرۆکی تایوان بۆ ئەمەریکا کە بۆ دیدار و قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو، ئەم پرسە ناڕەزایی و توڕەیی لە پەکین وروژاند.

سوپای چین ڕایگەیاندووە ئەو مانۆڕە سەربازییە وەک پلانی بۆ دانراوە لە ڕێڕەوی ئاوی تایوان و لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری ئەم دوورگەیە ئەنجام دەدرێت.

سوپای چین لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئەو مانۆڕە بە هۆشداری بۆ هێزە جوداخوازەکان لە تایوان ناودەبات.

سەرۆکی تایوان چینی بە خۆسەپێن و پاوانخواز تۆمەتبار کرد و گوتی تایوان بەردەوام دەبێت لە هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە بۆ بەرگریکردن لە بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی.

وەزارەتی بەرگری تایوان هەروەها پەکینی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنجامدانی ئەم مانۆڕە ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکان، چین بەنیازە دوای ئەو مانۆڕە سێ ڕۆژەی ئێستای، مانۆڕی دیکەی سەربازی ئەنجام بدات. بڕیارە ئەو مانۆڕانە لە کەناراوەکانی پارێزگای فوجیان ئەنجام بدرێت، لەنێویاندا لە نزیک دوورگەی پینگتان کە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە تایوانەوە دوورە.

وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاندوە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هەشت کەشتی جەنگی و 42 فڕۆکەی جەنگی چینی لە ئاوەکانی دەوروبەری تایوان بینراون. بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی تایوان، 29 فڕۆکەی شەڕکەر چوونەتە ناو ئاسمانی ئەو وڵاتەوە.

پێشتر ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەمەڕ دەرئەنجامە جیهانییەکانی ئەگەری هێرشی چین بۆ سەر تایوان هۆشداردابوو. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو کە “ئەم کارەی چین دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانی ئابووری جیهانی”.

بە پێی لێدوانەکەی بلینکن، تایوان گرنگییەکی سەرەکی هەیە لە ئابووری جیهاندا و 50% کەشتییە بازرگانییەکانی جیهان هەموو ڕۆژێک بە گەرووی تایواندا تێدەپەڕن و لانیکەم 70% نیمچە گەیەنەرەکان لە تایوان دروست دەکرێن.

سەرەڕای هۆشدارییەکانی چین، سەرۆکی تایوان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی کۆنگرەی ئەمەریکا لە کالیفۆرنیا، چوارشەممەی ڕابردوو کۆبووەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای تایوان بوو دوای 44 ساڵ لەناو خاکی ئەمەریکا.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close