“ڕۆژانه هه‌زار و 200 تەن زبڵ فڕێدەدرێت، بەڵام شارەوانی لە توانایدا 300 تەن هەڵبگرێتەوە”
ئا/ شكۆى كوردستان
بۆ مانگێكی ته‌واو، سارا دلێر له كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه هه‌ر گوێی له باسی پاككردنه‌وه‌ی شار بوو، به‌ڵام له كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆیاندا هیچی به كرداری نه‌بینی.
ئه‌و له شۆریجه داده‌نیشێت، ئه‌و گه‌ڕه‌كه و ته‌واوی ناوشاری كه‌ركوك، كه‌م شه‌قام و شۆسته و كۆڵان هه‌یه پڕ له خۆڵ و خاشاكی كه‌ڵه‌كه‌بوو نه‌بێت.
“له تیڤییه‌كانه‌وه باسی هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌یه و له‌ناو شاریش دیمه‌نه‌كه وه‌ك خۆیه‌تی” سارا بۆ (شكۆی كوردستان) وای گوت، ئه‌و خۆڵ و خاشاكه‌ی ماڵه‌كه‌ی له‌رێی ماتۆڕسكیلێكی سێ تاییه‌وه له به‌رانبه‌ر هه‌زار دیناری عیراقی‌دا فڕێده‌دات.
“ژماره‌ی ئه‌و كوڕه‌مان وه‌رگرتووه كه ماتۆڕی پێیه و زبڵی ماڵان فڕێده‌دات، هه‌ركات خۆڵ و خاشاكی زۆرمان هه‌بێت ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كه‌ین، به‌ڵام نازانین ئه‌و له كوێ فڕێیده‌دات؟”.
كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بونی خۆڵ و خاشاك له كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 2017، ئه‌وكاته‌ی گرێبه‌ستی نێوان ئیداره‌ی كه‌ركوك و كۆمپانیای پاككه‌ره‌وه هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
زبڵ و پاشماوەكان لە بەردەرگای ماڵەكەم دادەنێم، تاوەكو ماتۆڕی سەتووتە دێت و فڕێیدەن، ئەوانیش هەندێجار نایەن و خۆم بە ناچاری دەیبەم لە قەراخی ڕێگاكانی دەرەوەی شار فڕێیدەم” یوسف سیروان، دانیشتوی شاری كه‌ركوك وای گوت.
به‌شێك له هاوڵاتیان و ئه‌و ماتۆڕسكیلانه‌ی خۆڵ و خاشاكی خه‌ڵك به پاره كۆده‌كه‌مه‌وه، له ده‌روازه‌كانی شار خاشاك فڕێده‌ده‌ن، زۆرینه‌ی ئه‌و خۆڵ و خاشاكه‌ش به‌هۆی ڕه‌شه‌باوه جارێكی‌تر په‌رش و بڵاوده‌بنه‌وه و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی ناوشار.
یوسف به (شكۆی كوردستان)ی گوت: “زۆر بە شەرمەوە دەڕۆم بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاك، تەنەنات زۆر كات شەوان دەڕۆم فڕێیدەدەم بۆ ئەوەی كەس نەمبینێت، چونكە شەرم لە خۆم دەكەم، خۆم بە دەستی خۆم دیمەنی شارەكەم وێران دەكەم”.
ئه‌و ده‌ڵێت هیچ چاره‌سه‌رێكی دیكه شك نابات، ئه‌گه‌ر خۆڵه‌كه فڕێنه‌ده‌ن له دوو رۆژدا خاشاك كۆڵانه‌كه‌یان ده‌ته‌نێت.
ته‌نیا من خۆڵ و خاشاك نابه‌مه ده‌ره‌وه‌ی شار، خه‌ڵكی به‌گشتی واده‌كه‌ن، چونكه چاره‌سه‌ری تر نییه، ناچارین، شاره‌كه پڕ بووه له خۆڵ و خاشاك، … حكومه‌ت به‌رپرسیارن له‌م بارودۆخه” به‌وته‌ی یوسف سیروان.
شاره‌وانی كه‌ركوك، زیاد له جارێك جه‌ختیكردۆته‌وه له‌وه‌ی توانای پاككردنه‌وه‌ی شاریان نییه، چونكه حكومەتی عێڕاق بڕە پارەی پاككردنەوەی شاری لە ملیارێك و 200 ملیۆنەوە بۆ تەنیا 200 ملیۆن دینار كەمكردۆتەوە، به‌وه فڕێدانی هەر تەنێك خۆڵ و خاشاك نزیكەی 500 دیناری به‌رده‌كه‌وێت.
لێپرسراوی ڕاگه‌یاندنی شاره‌وانی گوتی: “ئێستا ڕۆژانه نزیكەی هه‌زار و 200 تەن زبڵ فڕێدەدرێت بەڵام شارەوانی لە توانایدا له ڕۆژێكدا ته‌نیا نزیكەی 300 تەن هەڵبگرێتەوە”.
عه‌دنان ڕه‌شید داواكاره هاوڵاتیان هاوكاری كارمەندانیان بكەن، لە شوێنی گونجاو‌دا خۆڵ و خاشاك فڕێبده‌ن تا بە ئاسانی هەڵبگیرێته‌وه، نه‌ك لە سەر شۆستە و شەقامه‌كان یان دەروازەكانی شار.
ئیداره‌ی كه‌ركوك تائێستا له‌رێی مۆلیده ئه‌هلییه‌كانه‌وه، مانگانه له‌گه‌ڵ پاره‌ی مۆلیده‌دا بڕه پاره‌یه‌ك كه ناگاته سێ هه‌زار دینار له هه‌ر خێزانێك وه‌رده‌گرێت، وه‌ك باجی كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك، ئه‌وه‌ش چه‌ندینجار ناڕه‌زایی خه‌ڵكی لێكه‌وتۆته‌وه به‌وپێیه‌ی پاره ده‌ده‌ن و شاریش هه‌ر پاك ناكرێته‌وه.
محەمەد جەلیل، لێپرسراوی گروپی شه‌قام -گروپه‌كه بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و چالاكی مه‌ده‌نی له كه‌ركوك پێكهێنراوه- به (شكۆی كوردستان)ی گوت: “چالاكی زۆرمان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بونی خاشاك هه‌بووه و ئێستاش بێده‌نگ نه‌بوین، به‌ڕێوه‌به‌ری شاروانیمان ئاگاداركردۆته‌وه ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه وه‌ها بمێنێته‌وه، ئه‌وا ناچاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ده‌كه‌ین یان سكاڵای له‌سه‌ر تۆمارده‌كه‌ین”.
ئه‌و ده‌ڵێت چاوه‌ڕێی هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو رێگه مه‌ده‌نی دیكه ده‌گرنه‌به‌ر.
ئه‌و خۆڵ و خاشاكه‌ی شاره‌وانی خۆی كۆیانده‌كاته‌وه ڕەوانەی دوو وێستگە دەكرێن؛ دوای پاككردنەوە و جیاكردنەوەی پێكهاتەكانی، ڕەوانەی وێستگەى سەرەکى دەكرێن لە ناحیەى لەیلان و هەر لەوێ دەخرێنە ژێر زەوییەوە.
مه‌ریوان نادر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له پشكی كه‌ركوك به (شكۆی كوردستان)ی گوت “جگە لە كەمی و نەبونی بودجە، ئیدارەی شارەكەش بەرامبەر بارودۆخەكە بەرپرسیارە و لە هەمانكاتدا كەمته‌رخەمیشە”.
په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوك به‌پێی یاسا چاودێرن به‌سه‌ر كاره‌كانی ئیداره‌ی شاره‌كه‌یانه‌وه دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.
مه‌روان نادر پێیوایه “هەڵمەتەكان بۆ پاكردنەوەی شار كاتین و ناتوانن دۆخەكە چارەسەر بكه‌ن” بۆیه هەوڵیانداوه بەشە بوجەیەكی تایبەتی پاككردنه‌وه بۆ شارەوانی كەركوك دابینبكرێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت پێشتر وه‌زیری شاره‌وانییه‌كان پاساوی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه ئه‌وه‌بووه له 2020دا یاسای بودجه نه‌بووه و ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه هه‌موو پارێزگاكانی عیراقی گرتۆته‌وه.
له ساڵی 2020یشدا یاسای بودجه ده‌رنه‌چوو، به‌ڵام له 2019دا به پاره‌ی پتڕۆ دۆلاره‌وه زیاتر له 500 ملیار دینار بۆ پارێزگای كه‌ركوك ته‌رخانكرابوو.