نێودەوڵەتی

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان راگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی عێراق بڵاوكرده‌وه‌

شكۆی كوردستان-

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات حکومەتێکی گشتگیر لە عێراق پێکبهێندرێت و هەموو لایەنەکانی عێراقیش ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم مانگەی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یونامی و ئەو وڵاتانە دەکات کە یارمەتی سەرخستنی هەڵبژاردنەکەیان دا و سەرکۆنەی ئەو لایەنانەش دەکات کە هەڕەشە لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و یونامی دەکەن.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش پیرۆزبایی لە خەڵک و حکومەتی عێراق دەکەن بەبۆنەی دوایین هەڵبژاردنیان کە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 ئەنجامدرا. ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش پێشوازی لە راپۆرتە سەرەتاییەکان دەکەن کە پیشانیدەدەن هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەچووە و پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بواری رێوشوێن و لایەنی تەکنیکییەوە بەخۆیەوە بینیوە، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو”.

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ستاییشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەن لە بەرامبەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بەشێوەیەکی باش. هەروەها دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق دەکەن لە بەرامبەر ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن و رێگەگرتن لە دروستبوونی تووندوتیژی لە رۆژی دەنگدان.

ئەنجوومەنی ئاسایش هەروەها دەستخۆشی لە رۆڵی یونامی دەکات کە لەرێگەی پێشکێشکردنی یارمەتی تەکنیکی و دابینکردنی چاودێرەوە هاوکاریی پرۆسەکەی کردووە.

ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هاوکات سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەن کە لە رێگەی ناردنی چاودێرەوە بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش سەرکۆنەی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی یۆنامی، کارمەندانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەوانی دیکە دەکەن”.

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش جەخت لە بانگەوازی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەنەوە کە داوا لە هەموو لایەنەکانی عێراق دەکات ئارامی پیشانبدەن و رێز لە هەڵبژاردنەکە بگرن. هەروەها جەختیش لەوە دەکەنەوە کە پێویستە هەموو ناکۆکیەک لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی، بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە رێگەی یاساوە چارەسەر بکرێت.

لە راگەیێندراوی 22ی تشرینی یەکەمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئەوەش هاتووە کە “هەر کە ئەنجامەکان یەکلاکرانەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش هیوا دەخوازن بەشێوەیەکی ئاشتیانە حکومەتێکی گشتگیر پێکبهێندرێت کە رەنگدانەوەی خواستی هەموو خەڵکی عێراق و رەنگدانەوەی خواستی خەڵکی عێراق بێت بۆ دیموکراسییەکی بەهێزتر”.

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش، بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، پاڵپشتیی خۆشیان بۆ حکومەتی عێراق دووپاتدەکەنەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لە سەرەوەری و یەکگرتوویی خاکەکەی.

هەروەها پاڵپشتیی خۆشیان بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و دەستپێکردنی دانوستاندنی گشتگیری سیاسی دەردەبڕن “کە ئامانج لەو هەوڵانە بریتییە لە بەدیهێنانی خواستە رەواکانی خەڵکی عێراق بۆ چارەسەرکردنی گەندەڵی، دابینکردنی خزمەتگوزاریی سەرەکی، فرەسەرچاوەکردنی ئابووری، رەخساندنی هەلی کار، بەرەوپێشبردنی سیستمی بەڕێوەبردن و بەهێزکردنی دام و دەزگاکانی حکومەت بۆ ئەوەی زیندوو و کارا بن”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close