نێودەوڵەتی

روسیا داوایه‌كی به‌په‌له‌ی ئاراسته‌ی ئه‌مریكا كرد

شكۆی كوردستان-

ڕوسیا دەڵێت پێویستی بەوەیە ئەمەریکا بەپەلە وەڵامی پێشنیارە ئاسایشییەکانی بداتەوە و دووبارە هۆشداریدا لەسەر ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازیی ڕوسیا ئەگەر هاتوو کردەوەیەکی سیاسیی نەبینێت بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی.

ڕوسیا ژمارەی هێز و کەلوپەلە سەربازییەکانی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا زیاد کردووە، بەم کارەشی وڵاتانی ڕۆژئاوای نیگەران کردووە. هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک داواکاری پێشکەشی ڕۆژئاوا کرد، لەوانەش داوایکرد هاوپەیمانێتی ناتۆ دەستبەرداری چالاکیە سەربازییەکانی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئۆکرانیا.

واشنتن ئاماژەی بەوەداوە هەندێک لە داواکانی ڕوسیا جێی قبوڵکردن نین، بەڵام ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا بە کۆمەڵێک پێشنیار سەبارەت بە شێوازی هەر گفتوگۆیەک وەڵام دەداتەوە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئێمیلی هۆڕن وتی ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لەڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ هاوتا ڕوسییەکەی یوری یوشاکۆڤدا کردووە، جەختی لەوە کردۆتەوە ئەمەریکا ئامادەیە لەڕێی کۆمەڵێک کەناڵەوە گفتوگۆ لەگەڵ ڕوسیادا بکات.

سۆلیڤان جەختی لەوە کردۆتەوە ” هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ ڕوسیادا دەبێت تیایدا باس لە نیگەرانیەکانمان بکرێت سەبارەت بە کارەکانی ڕوسیا و دەبێت بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانماندا. هەروەها باسی لەوەش کردووە بەرەوپێشچوون تەنها لە ژینگەیەکدا دەبێت کە گرژی تێدا نەبێت.”

دیبلۆماتکارێکی ڕوسی لە ڤییەنا کۆنستانتین گاڤریلۆڤ وتی ” پەیوەندییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ گەیشتوونەتە ساتی ڕاستەقینەیانەوە.”

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕوسی لە زاری گاڤریلۆڤەوە بڵاویکردەوە ” گفتوگۆکان دەبێت جددی بن و هەمووان لە ناتۆ بەباشی لەوە تێدەگەن، سەرەڕای توانا و دەسەڵاتەکانیشیان دەزانن دەبێت کاری سیاسیی ئەنجام بدرێت، ئەگەر نا بژاردەکەی دیکە وەڵامدانەوەی سەربازیی تەکنیکی و سەربازیی دەبێت لەلایەن ڕوسیاوە.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close