کوردستانیUncategorized

“12 سەرۆکی زانکۆ لەکوردستان مەرجە یاساییەکانیان بەسەرچوە”

شكۆی كوردستان

دو ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنن، کێشەی زانکۆ تایبەتییەکان و دەستوەردانی حزبی لەزانکۆکان بوەتە گرفتێکی سەرەکی بەردەم خوێندنی باڵا لەهەرێمی کوردستان، هەروەها یاسای ژمارەی 10ی ساڵی 2008ی خوێندنی باڵا وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت و کلەئێستاشدا  12 سەرۆکی زانکۆ لەکوردستان مەرجە یاساییەکانیان بەسەرچوە.

راپۆرتەکەی ئێمە لەبارەی پێشێلکردنی  یاسای ژمارەی 10ی ساڵی 2008ی وەزارەتی خوێندنی باڵایە 

ئاشنا عەبدوڵا و راهی رەهبەر، ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان لەراپۆرتێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردوە ئاماژەیان بەوەکردوە، “هەرچەندە پرسی  کێشەی زانکۆ تایبەتییەکان و دەستوەردانی حزبی لەزانکۆکان لەئێستادا بونەتە ئاستەنگی لەبەردەم بەرەوپێشچونی کەرتی خوێندنی باڵا، بەڵام راپۆرتەکەی ئێمە لەبارەی پێشێلکردنی  یاسای ژمارەی 10ی ساڵی 2008ی وەزارەتی خوێندنی باڵایە کەتایبەتە بە شێوازی پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی زانکۆکان”.

فێڵ لە یاسا دەکرێت بەوەی پۆستەکان بەوەکالەت پڕدەکرێنەوە بۆ ماوەی 4 ساڵ

باس لەوەش دەکەن، بەگوێرەی یاسا دەبێت سەرۆکی زانکۆکان 8 ساڵ لە پۆستەکانیان بەردەوام بن و ژمارەیەک مەرجی ئەکادیمیش دەبێت لەو کەسەدا هەبن کە دەبێت سەرۆکی زانکۆ، بەڵام لەئێستادا  یاسای ژمارەی 10ی ساڵی 2008 جێبەجێ ناکرێت و “فێڵ لە یاسا دەکرێت بەوەی پۆستەکان بەوەکالەت پڕدەکرێنەوە بۆ ماوەی 4 ساڵ کەسێک دەکرێت بە سەرۆکی زانکۆ، دواتریش پۆستەکەی لەوەکالەتەوە بۆ 4 ساڵی دیکەش دەکرێتە فەرمی”.

12 سەرۆکی زانکۆ مەرجەکانیان بەسەرچوە

ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن، “لەئێستادا لەهەرێمی کوردستان 18 زانکۆ و پلەی زانکۆیی هەیە، کە 10 زانکۆیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستەکانیان پڕکراونەتەوە و 8 زانکۆی دیکەش لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە پڕکراونەتەوە، لەو 18 بەرپرسەی زانکۆش تەنها 2 کەسیان مەرجە یاساییەکانیان هەیە و 12 کەسیان مەرجەکانیان بەسەرچوە، 2 سەرۆکی زانکۆش هیچ مەرجێکی یاساییاندا تێدا نیە، کێشەیەکی دیکەش ئەوەیە سەرۆکی زانکۆ هەیە لەکاتی دامەزراندنی زانکۆکەدا لەساڵی 2011ەوە لەپۆستەکەی بەردەوامە”.

 لەراپۆرتەکەدا داوایانکردوە دادپەروەری هەبێت لەدانانی پۆستی سەرۆکی زانکۆکان

ئەوەشیان خستوەتەڕو، لەراپۆرتەکەدا داوایانکردوە دادپەروەری هەبێت لەدانانی پۆستی سەرۆکی زانکۆکان و ناوەڕۆکی یاسا کارپێکراوەکانی پەرلەمانی کوردستان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close