نێودەوڵەتیکوردستانی

شاره‌زایه‌ك: حکومەتی عێراق تەنها کۆمپانیا نەوتیە بچووکەکانی داوەتە دادگا

شكۆی كوردستان-

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق، پرۆسەی نەوتی هەرێمی بە نادەستوری و نایاسایی ناوبرد، وەزارەتی نەوتی عێراق فشاری بۆ سەر کۆمپانیا بیانیەکان لە ڕێگەی دادگاوە زیاتر کردووە، کە دەیەوێت لە ڕێگەی یاساوە لە هەرێم دووریان بخاتەوە، بەڵام تا ئێستا فشارەکان کاریگەری ئەوتۆیان نەبووە.

کۆمپانیا نەوتیەکان

زۆربەی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کۆمپانیای نەوتی گەورە نین و خاوەن سەرمایەی زەبەلاح نین، بۆیە تا ئێستا گوێ یان بە فشارەکانی حکومەتی عێراق نەداوە، بەو پێیەی زۆربەشیان بەرژەوەندیەکانیان تەنها لە هەرێمی کوردستانە و هیچ پرۆژەیەکیان لە ناوچەکانی تری عێراق نیە.

محەمەد حسێن شارەزای بواری ئابووری و کەرتی نەوت، بە دەنگی ئەمەریکای گوت”کۆمپانیای گەنەڵ ئینرجی لە کوردستان کاردەکات، تەنها لێرە پرۆژەی هەیە، لە کاتێکدا کۆمپانیایەکی گەورەی وەکو ئیکسۆن موبیل هات و کشایەوە، یاخود کۆمپانیای شیڤرۆن تەنها پشکێکی بچووکی لە کێڵگەیەک هەیە.”

ئەو کۆمپانیا گەورانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و پرۆژەشیان لە عێراق و هەرێم هەیە، تەنها کۆمپانیا ڕوسیەکانی وەکو گازپرۆم و ڕوزنەفتن، بە تایبەت کۆمپانیای گازپرۆم پرۆژەی لە کێڵگە نەوتیەکانی سەرقەڵا لە ناوچەی گەرمیان و کێڵگەکانی بەدرە لە پارێزگای دیالە هەیە، هەروەها کۆمپانیای ڕوزنەفتیش خاوەنی بەشی زۆری بۆری کوردستانە.
محەمەد حسێن گوتی”کۆمپانیا گەورە ڕووسیەکان لە عێراق و هەرێمیش پرۆژەی گەورەیان هەیە.”

عێراق کۆمپانیا گەورەکانی نەداوەتە دادگا

لە نێو ئەو کۆمپانیا نەوتیانەدا کە لەسەر مامەڵەی نەوتی لەگەڵ هەرێم لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دراون بە دادگا، هیچکام لە کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتیەکانیان تێدا نیە، بەڵکو زیاتر ئەو کۆمپانیایانە دراون بە دادگا کە کۆمپانیای بچوکترن و خاوەن سەرمایەی زەبەلاح نین.

محەمەد حسێن شارەزای بواری کەرتی نەوت گوتی”وەزارەتی نەوتی عێراق سکاڵای لەسەر حەوت کۆمپانیای نەوتی تۆمار کردووە، بەڵام گازپرۆم و شیڤرۆن ی تێدا نیە، لە کاتێکدا گازپرۆم پرۆژەی لە عێراق و هەرێمیش هەیە.”

گوتیشی”عێراق کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس و دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئینرجی و چەند کۆمپانیایەکی تری داوەتە دادگا لەسەر مامەڵەی نەوتی لەگەڵ هەرێم، هێشتا دیار نیە شکات لە کۆمپانیا گەورەکانیش دەکات، یاخود بەم کۆمپانیا بچووکانەوە دەوەستێت.”

کاریگەری سکاڵاکان لەسەر کۆمپانیاکان

سکاڵاکانی حکومەتی عێراق کاریگەری لەسەر زۆربەی کۆمپانیا نەوتیەکان نەبووە، بەو پێیەی هیچ بەرژەوەندیەکیان لەگەڵ عێراق نیە و تەنها لە هەرێمی کوردستان کاری دەرهێنانی نەوت ئەنجام دەدەن.

بەشێک لە کۆمپانیاکان پلانیان هەیە بۆ ساڵی داهاتوو، پرۆسەی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن، بەڵام تەنها کۆمپانیا وێسترن زاگرۆس ی کەنەدی یە کە بە شێوەیەکی کاتی ئیش و کارەکانی لە کێڵگەی نەوتی کوردەمیر لە ناوچەی گەرمیان ڕاگرتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە تا ئێستا نەوت لەو بیرانە دەرنەهێنراوە و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدای بەسەردا هاتووە.

محەمەد حسێنی شارەزای بواری کەرتی نەوت، بە دەنگی ئەمەریکای گوت”کۆمپانیای دی ئێن ئۆ و کۆمپانیاکانی تریش، پلانیان هەیە لە کێڵگەکانی دهۆک و تاوکێ وەبەرهێنان زیاتر بکەن.”

گوتی”بەڵام کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس بەو کۆمپانیا چینیەی ڕاگەیاندووە، کە کاری درێلینگی بۆ ئەنجام دەدات تا کارەکانی ڕابگرێت، بە بیانووی ئەوەی بەرچاویان ڕوون نیە و ناتوانن مەسروفی زیاتر بکەن.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close