نێودەوڵەتی

ئه‌مریكا به‌نیازه‌ سیستمی به‌رگری موشه‌كی بۆ ئۆكرانیا دابینبكات

شكۆی كوردستان-

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕۆژی دووشەممە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند ئەمەریکا بە نیازە مووشەکی دژە فڕۆکەی ئاڵۆز بۆ ئۆکرانیا بنێرێت تا دژی هێرشەکانی ڕووسیا بەرگری لە خۆی بکات.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی بهێنرێت گوتی سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن، کە بەشداری لە لوتکەی گروپی حەوت لە ئەڵمانیا دەکات، “دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی بۆ ئۆکرانیا کردۆتە پێشینەی کارەکانی.”

سەرچاوەکە ئەوەشی زیادکرد کە “ئەگەری زۆرە لەم هەفتەیەدا” ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە کڕینی ناسامس، کە “سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگری مووشەکی زەوی بۆ ئاسمانی مەودا مامناوەندە” و چەکی دیکە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشکرکێشییەکانی ڕووسیا دابین بکرێت.

ئەو چەکانە “گولە تۆپی زیاتر و ڕاداری دژە پاتری”، کە بەکاردەهێنرێت بۆ دیاریکردنی سەرچاوەی تەقەی تۆپخانەکانی دوژمن، لە خۆدەگرن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، کە ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگەی ڤیدیۆ-لینکەوە قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی گروپی حەوت کرد، داوای بەرگرییەکی بەهێزتری کرد لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا، کە لە مانگی دووەوە شەڕی دژی ئۆکرانیا بەرپاکردووە.

لەگەڵ بۆردومانی فڕۆکە و مووشەکە کروزەکانی ڕووسیا کە ڕۆژانە ناوچە سەربازی و مەدەنییەکان ئۆکرانیا بۆردومان دەکەن، زێلێنسکی سەرەتا سەرنجی خستە سەر داوایەکی بۆ “داخستنی ئاسمان “ی وڵاتەکەی لەگەڵ داواکارییەک بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا تا فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن.

دوای ئەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوروپا ڕوونیان کردەوە کە ناردنی فڕۆکە زۆر مەترسیدارە و ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ بیانکێشێتە ناو ململانێ لە دژی ڕووسیا، سەنگی گفتوگۆکە گۆڕدرا بۆ سیستەمی موشەکی خاک بۆ ئاسمان.

ئۆکرانیا خاوەنی چەندین جۆری ئەم چەکانەیە، لەوانە سیستەمی بەهێزی S-300 کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دیزاین کراوە.

بەپێی ماڵپەڕی کۆمپانیاکە، فڕۆکەی ناسامس کە لەلایەن کۆمپانیای رەیتیۆن لە ئەمەریکا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بەرگری و فڕۆکەوانی کۆنگسبێرگی نەرویج دروستکراوە و بە ١٢ وڵات فرۆشراوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close