شكۆی كوردستان-
بافڵ تاڵه‌بانی به سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، گه‌یشته به‌غدا و بڕیاره زنجیره‌یه‌ك دیدار و كۆبونه‌وه ئه‌نجامبدات.
به‌گوێره‌ی میدیای فه‌رمی یه‌كێتی، ئه‌مشه‌و بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی به سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی باڵای یه‌كێتی گه‌یشته به‌غدا و بڕیاریشه له‌سبه‌ینێوه ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق ئه‌نجامبدات.
شانده‌كه‌ی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق كۆده‌بێته‌وه
به‌گوێره‌ی به‌دواداچونه‌كانی خه‌ندان، بڕیاره شانده باڵاكه‌ی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق به‌تایبه‌ت چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در و هه‌ریه‌ك له لایه‌نه سوننیه‌كانی هاوپه‌یمانی عه‌زم و ته‌قه‌دوم كۆببێته‌وه.
له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بڕیاردرا پشتگیری ته‌واوبكرێت بۆ سه‌رخستنی كاندیدی یه‌كێتی پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵحه
ئه‌و سه‌ردانه‌ش دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی دێت كه تیایدا بڕیاردرا پشتگیری ته‌واوبكرێت بۆ سه‌رخستنی كاندیدی یه‌كێتی پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵحه.
پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕه‌وانه و له ده‌ره‌وه‌ی ویست و ئیراده‌ی یه‌كڕیزیی گه‌لی كورد و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌نگاویناوه
دوێنێ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی له سلێمانی كۆبوه‌وه و له پرسی تایبه‌ت به بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئیستحقاقه ده‌ستورییه‌كاندا ڕایگه‌یاند، “پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕه‌وانه و له ده‌ره‌وه‌ی ویست و ئیراده‌ی یه‌كڕیزیی گه‌لی كورد و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌نگاویناوه و ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ندیك لایه‌نی سیاسی واژو كردوه و له چێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌یان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار پێشكه‌شكردوه”.
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا ڕوناكی خسته‌سه‌ر پێشهاته‌كانی ئێستا و جه‌ختیكرده‌وه، “ماده‌م لایه‌نی دیكه، دور له پرینسیپی ته‌وافق كاندیدی خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، یه‌كێتیش مافی خۆیه‌تی كه پۆستی سه‌رۆك كۆمار به ئیستیحقاقی كورد و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیه داكۆكی له مافی خۆی ده‌كات و سازشی له‌سه‌ر ناكات”.