نێودەوڵەتیکوردستانی

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: نابێت (700) ملیار دینارەكە بۆ هەرێم بنێردرێت

شکۆی کوردستان-


ئەمشەو سەرۆكی ژمارەیەك فراكسیۆنی لایەنە كوردیەكان لە بەغداد لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە، ئەوان بانگهێشتی نوێنەری بانكەكانی رافیدەین و رەشید و TBIیان كردبوو هەڕەشەی سكاڵایان لێكردبوون ئەگەر پارە بۆ هەرێم بنێرن.
سەرچاوەیەك لە بەغدادەوە رایگەیاند ئەمڕۆ ئەندامانی لیژنەی دارایی بانگهێشتی نوێنەری بانكەكانی رافیدەین و رەشید و TBIیان كردبوو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ناردنی (700) ملیار دیناری قەرزەكەی هەرێم و هەڕەشەی ئەوەیان لێكردبوون ئەگەر ئەو پارەیە بۆ هەرێم بنێرن سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەن.
بۆیە ئەمشەو سەرۆكی فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لەگەڵ ئەو ئەندامانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) سەرۆكی فراكسیۆنەكان توانیویانە قەناعەت بە ئەندامانی لیژنەی دارایی بكەن كە رێگری لە ناردنی ئەو پارەیە نەكەن چونكە بۆ موچەی موچەخۆرانە، بەڵێنی ئەوەشیان پێداون ئەگەر ئەوانیش هەر پرسێكیان هەبێت بۆ خزمەتگوزاری و تەرخانكردنی پارە بۆ پارێزگاكانی باشور ئەمانیش لەگەڵیان دەبن و پشتیوانیان دەبن، بۆیە ئەو ئەندامانە نەرمیان نواندووەو بەڵێنیان داوە رێگر نەبن.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) هەرچەندە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردراوە كە بڕی (700) ملیار دینار بنێردرێت بۆ هەرێم، بەڵام هێشتا رێوشوێنەكانی وەرگرتنی قەرزەكە ماوە لەلایەن ئەو بانكانەوە بۆ ئەوەی (700) ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكەن.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە لە كۆبوونەوەكەدا وەزارەتی دارایی‌و ئابوریشی ڕاسپێردرا لەگەڵ گەیشتنی یەكەم گوژمەی پارەكە كە 700 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە، یەكسەر بە بێ دواكەوتن دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی تەمموزی موچەخۆرانی هەرێم بكرێت.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close