ڕۆژنامەکوردستانی

ئومێد خۆشناو وەك پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا…سی ڤییەكەی بخوێنەرەوە

شكۆی كوردستان-

دوای نزیکەی سێ مانگ لە کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر، ئومێد خۆشناو وەک 42ـەمین پارێزگاری هەولێر بە دەنگی 18 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا. 

ئەمڕۆ دووشەممە 08-02-2021 لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ بە ئومێد خۆشناو، وەک پارێزگاری نوێی هەولێر درا و توانی ( 18) دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەکۆی 23 ئەندامی بەشداربوو بەدەستبهێنێت.

دوو بەربژێرەکەی دیکە نەیانتوانی هیچ دەنگێکی ئەندامانی ئەنجوومەن بەدەستبهێنن. گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد، یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد، بەڵام دەنگی پێنەدا. پێش دەستبەکاربوونی ئومێد خۆشناو وتی، “هەر کەسێک بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات ئاساییە و پرۆسەکە دیموکراسییە. گرنگ ئەوەیە کە ئەو سێ بەربژێرەی پارێزگار خزمەتی هەولێر بکەن و منیش وەکو خۆم “کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەم.”

 ئومێد خۆشناو بڕیاری داوە دوای دەستبەکاربوونی وەک پارێزگار سەردانی ئارامگەی د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر بکات.

  دەستبەکاربوونی ئومێد خۆشناویش وەک پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوە دێت کە رۆژی 18-11-2020 د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دوای تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دواییکرد.

خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حیزبی و حکومی هاوخەمی خۆیان بۆ کۆچی دوایی پارێزگار و کەسوکارەکەی دەربڕی. دوای کۆچی دوایی هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت کارەکانی پارێزگاری کۆچکردووی رایی دەکرد. ئەمڕۆش ئومێد خۆشناو بووە پارێزگاری نوێ هەولێر.

  پێشتر راگەیەنرابو کە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر. ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە 30 ئەندام پێکدێت؛ فراکسیۆنی پارتی: 12 ئەندام، فراکسیۆنی یەکێتی: 6 ئەندام (یەکێکیان جیابووەتەوە). فراکسیۆنی گۆڕان: 4 ئەندام (یەکێکیان جیابووەتەوە). فراکسیۆنی کۆمەڵ: 2 ئەندام. فراکسیۆنی یەکگرتوو: یەک ئەندام و پێکهاتەکان (تورکمان و کریستیان): 5 ئەندام. 

سیڤی ئومێد خۆشناو 

ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن (خۆشناو)

لە 01-06-1977 لە هەولێر لەدایکبوە

دیبلۆم و بە کالۆریۆس لە راگەیاندنی رۆژنامەوانی

ماستەر لە یاسای گشتی

کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان بوە

12 ساڵ کاری رۆژنامەوانی کردوە

ئەندامی سەندیکای رۆژنامەوانانی کوردستانە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان

ئەندامی لیژنەکانی دەستپاکی و کاروباری پەرلەمان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوە.

سکرتێری یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بوە

ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتی هەرسێ کۆنگرەی نەتەوەیی لاوانی چوارپارچە بوە.

خاوەنی بەرهەمی چاپکراوی “گەنج گۆمی سیاسی دەشڵەقێنێ”، ئازادی دەربڕینی بۆچون لە ئامرازەکانی پەیوەندی ئەلیکترۆنی – ئامادەی چاپە. 

بینینی زیاتر
Back to top button
Close